سەبارەت بە ڕێورەسمى کریسمس و شەوى سەرى ساڵ، کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.12.19، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بە ڕێورەسمى كریسمس و شەوى سەری ساڵ و ئامادەکارییەکان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران و ڕێگەگرتن لە ڕوودانى هەر ڕووداوێکى نەخوازراو و نایاسایی، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، تەواوى هێزە ئەمنییەكانی هەولێر (پۆلیس، ئاسایش، پۆلیسی فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، پۆلیسى هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان)ى لە سەرجەم شوێنە گشتییەکان و ئەو جێگە و شوێنایانەی كە هاوڵاتییان و گەشتیاران ڕووى تێدەکەن ئەرکی پێسپاردن.

پاشان پارێزگارى هەولێر، ئەکیدى لە ڕێگریکردن لە دیاردەى دزێو و ناشارستانیەکان کردەوە و ئاماژەى بەوەدا کە بە هیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشى بکرێت لەو کەس و لایەنانەى دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانى زێدەڕۆیى لە سەر موڵکى گشتیى، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم لایەنەکانى ڕاسپارد بەردەوامبن لە ڕێگەگرتن لە ئەنجامدانى هەر جۆرە زێدەڕۆییەک و هەرکەس و لایەنێکیش دەستدرێژی بکاتە سەر ئەرز و موڵکى گشتیى ڕێکارى یاسایی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر، دووپاتیشى کردەوە پاراستنی موڵکى گشتیی ئەرکی هەموو لایەکمانە.

هەروەها پارێزگارى هەولێر، دەستخۆشى لە هێزە ئەمنیەکان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ هەماهەنگى و هاوکارى نێوانیان و چاودێریکردن و بەدواداچوون و گرتنەبەرى ڕێ و شوێن و ڕێکارى پێویست لە هەر شوێنێك کە زێدەڕۆیی ئەنجامدرابێت.

لە تەورێکى ترى کۆبوونەوەکەدا پارێزگارى هەولێر، بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشت و گوزارى هەولێر و ئاسایشى بازگەکانى هەولێرى ڕاسپارد، بێجگە لە پلان و بەرنامە و ڕێککارەکانی تایبەت بەخۆیان، لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران کە ساڵانە بەم بۆنەیەوە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق و وڵاتانى تر ڕوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن و ئاسانکاریان بۆبکرێت.

لە کۆتایشدا پارێزگارى هەولێر، دڵنیایى بە هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شاری هەولێری پایتەختدا، کە بەهەموو توانایەکەوە بەپشت بەستن بە توانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکان، سەروماڵیان پارێزراوە و داواشى لە هاوڵاتییان کرد وەک هەمیشە هاوکار و هەماهەنگى دەزگا و دامەزراەوە فەرمیەکان بن.