لە هەولێر.. دووەمین فیستڤاڵی ڕامان بەڕێوەچوو

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023.12.19 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەشداربوو لە دووەمین فیستڤاڵی ڕامان، کە بە ئامادەبوونى مەحمود محمەد، ئەندامى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان و ئامینە زکرى، ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان و د.سالار عوسمان، بەرپرسى بەشى ڕۆشنبیرى و ڕاگەیاندنى پارتى دیموکراتى کوردستان و لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەدیب و رۆژنامەوان و ڕووناکبیرانى پارچەکانى دیکەى کوردستان و شارەکانى دیکەى عێراق و بەرپرسانی ترى حزبی و حکومی و ئیداری و ڕۆژنامەنووسان و شاعیران و هونەرمەندان و نووسەران، لە هەولێرى پایتەخت بەڕێوەچوو.

لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، لەوتارێکدا وێڕاى دەست خۆشى لە سەرپەرشتیارانى فیستیڤاڵەکە، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندی گۆڤارەکەوە پیرۆزبایی لە سەرنووسەر و دەستەی نووسەران و ستافەکەی کرد، کە توانیوانە لە ماوەی ئەو مێژووە پڕشانازییەوە خزمەتێکی زۆری ناوەندی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردی بکات و ڕۆڵی هەبێت لە پێشخستنی بزاڤی ئەدەبی و فیکری و ڕوناکبیری کوردی.

جێگەى باسە، فیستڤاڵەکەدا کە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، جگە لە پێشکەشکردنی چەند وتارێک لە بارەی گۆڤاری ڕامان کە گۆڤارێکی مانگانەیە و لە ساڵی 1996 یەکەمین ژمارەی دەرچووە، وابڕیارە چەندین پانێڵ لە بارەی ئەدەب و کولتوورى کورد و کۆڕی شیعر پێشکەش بکرێت.