دوای هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەنددارەکانی دۆسیەی ئێزدیەکان، پەرلەمانی وڵاتێکی دیکەی ئەورووپی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساند.
پەرلەمانی سویسرا، ئەو تاوانەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014 دژی ئێزدییەكان ئەنجامیدا بە جینۆساید ناساند.
ڕۆژی 3 شەممە، پەرلەمانی سویسڕا بۆ دەنگدان لەسەر بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان كۆبووەوە، تێیدا زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان دەنگیان بۆ بەرژەوەندی بڕیارەكە دا.
لە كۆبوونەوەكەدا 105 ئەندامی پەرلەمان دەنگیان بۆ بڕیارەكە دا و 60 ئەندامی دیكەش دژی وەستانەوە، بەمەش پەرلەمانی سویسڕا بەفەرمی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكانی بە جینۆساید ناساند.
پێشتریش، وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، كەنەدا، هۆڵەندا و چەند وڵاتێكی دیكە و پەرلەمانی ئەوروپا و رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، دانیان بە جینۆسایدی ئێزیدییەكان دانابوو.
حوسێن قائیدی، سەرۆکی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی، چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە ؛ هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ ئەوەی کەیسی کارەساتی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید بناسێنین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک کوردانی ئێزدی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشمان بڕیوە لەو بارەیەوە.
لە ڕۆژی ٣ـی ئابی ٢٠١٤، داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت، داعش گوندەکانی داگیرکرد و هەزاران کەسی شەهید کردوو ٦٤١٧ ئێزدییش ڕفێندران، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون و پەنایان بردە بەر چیای شنگال.
تاوانەکان، بریتبوون لە (کوشتنی بە کۆمەڵ، ڕفاندن، فرۆشتنی ژنان و منداڵان، زۆرەملێی گۆڕینی ئایین و وێرانکردنی شوێنە پیرۆزەکان، هاوکات کۆمەڵگەی ئێزدی تووشی زیانێکی گەورەی دەروونی و کۆمەڵایەتی بوو، زۆربەی ناوچە ئێزدینشینەکان وێرانکران).
دوای ئەم ڕووداوە، زۆربەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم کردەوانەیان بە جینۆساید ناساند، هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش پێکهات و یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارەکان دابینکرا، کۆمەڵگای ئێزدی تووشی زیانێکی گەورەی دەروونی و کۆمەڵایەتی بوو، زۆربەی ناوچە ئێزدینشینەکان وێران کران.
بەشێک لە ئێزدییەکان گەڕاونەتەوە شنگال، بەڵام زۆریان هێشتا لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا دەژین، پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە بەهۆی کەمی سەرچاوە و ناسەقامگیری سیاسی بە هێواشی بەڕێوەدەچێت، هێشتا ناوچەکە بە تەواوی ئارام نییە، بوونی گروپە چەکدارە جیاوازەکانیش وەک مەترسیییەک لەولاوە بوەستێت، ململانێی نێوان حکوومەتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەسەر کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بەردەوامە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەرزوو دەستی بە کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست کرد بۆئەوەی ئەو تاوانە بە جینۆساید بناسێنرێت و دواجاریش هەوڵەکەی سەرکەوتوو بوو لە ئێستادا زۆربەی پەرلەمانەکانی وڵاتانی جیهان لە هەوڵی ئەوەدان ئەو تاوانە بە جینۆساید بناسێنرێت و کە ئەمە هەوڵێکی باش دەبێت بۆئەوەی لە داهاتوودا ئێزدیەکان قەرەبوو بکرێنەوە و شارەکەیان بدرێتەوە دەستی خۆیان کە ئێستا بووە بە مۆڵگەی چەکدارانی نایاسایی.