هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

یارییه‌ دواخراوه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چن

رۆژی شه‌ممه‌ یارییه‌ دواخراوه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، دوای ئه‌وه‌ی به‌ هۆی هه‌ندێ هۆكاره‌وه‌ سێ یاریی له‌ گه‌ڕی هه‌شته‌می خولی نایابی كوردستان دواخرا، به‌ڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان كات و رۆژی به‌ڕێوه‌چوونی یاریه‌كانی دیاریكرد، سه‌جه‌م یارییه‌كان كاتژمێر 2ـی دوای نیوه‌ڕۆ ئه‌نجامده‌درێت، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیاری ده‌خاته‌ڕوو.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر میوانی دۆزه‌خه‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵه‌
چه‌مچه‌ماڵ له‌ یاریگه‌ پڕ هانده‌ره‌كه‌ی خۆی میوانداری پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، ئه‌رسه‌لان جه‌لالی راهێنه‌ری یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ به‌شێوه‌یه‌كی باش سوودی له‌ یاریگه‌كه‌ی خۆی بینیوه‌، تا ئێسته‌ هیچ یارییه‌كی له‌ یاریگه‌ی خۆی نه‌دۆڕاندووه‌، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی به‌هێزی هاوكار له‌تیف و هاوڕیكانییه‌تی، گرفتی سه‌ره‌كی چه‌مچه‌ماڵییه‌كان له‌ به‌رگری دایه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ باڵه‌كان، ئه‌و یاریزانانه‌ی ئێسته‌ له‌م دوو شوێنه‌ یاریی ده‌كه‌ن، شوێنی خۆیان نییه‌، به‌ بردنه‌وه‌یان له‌م یارییه‌ ده‌گه‌نه‌ خانه‌ی سێیه‌می خوله‌كه‌، ئێسته‌ به‌ 19 خاڵ له‌ پله‌ی شه‌شه‌م دێن.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ دوو یاریی رابردوو دۆڕانێك و یه‌كسانێكی هه‌یه‌، له‌ دۆخێكی باش دا نییه‌نه‌، بۆیه‌ سه‌میر بابۆی راهێنه‌ر، ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ بگه‌ڕێته‌وه‌ خانه‌ی پێشه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ركی ئاسان نییه‌، چونكه‌ تیپه‌كه‌ی سه‌میر كێشه‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی یاریگه‌دا هه‌یه‌، ناتوانێت به‌ ئاسانی ده‌رفه‌تی گۆڵ كردن دروست بكه‌ن، یاریزانی گونجاوی نییه‌ تا به‌شێوه‌ی هونه‌ری جوان و پاسای كورت و خێرای گۆڵ دروست بكات، هه‌ڤاڵ و عه‌بدوڵڵا و بژار توانایه‌كی باشیان له‌ تۆپی جێگیر پاسی درێژ هه‌یه‌، خاوه‌نی 20 خاڵن به‌ بردنه‌وه‌ پارێزگاری له‌ خانه‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندی ده‌كات.

سه‌ید سادق بۆ برایه‌تی ئاماده‌یه‌
سه‌ید سادق له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری برایه‌تی ده‌كات، تیپه‌كه‌ی ره‌مزی ساڵح، به‌ شێوه‌یه‌ك یاریی ده‌كه‌ن، هیچ تیپێك حه‌ز به‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌ی ناكات، ئه‌وان كۆڵ ناده‌ن و ناوه‌ستن، تا به‌ ئاسانی ده‌رفه‌ت به‌ تیپی به‌رامبه‌ر نه‌ده‌ن، به‌ڵام له‌ هه‌ندێ شوینی یاریگه‌ یاریزانی گونجا و باشی نییه‌، پێویستی به‌ دوو به‌رگری باشه‌ له‌ باڵه‌كانی راست و چه‌پ، تا ببنه‌ خاڵی به‌هێز و خێرای تیپه‌كه‌، سه‌ید سادق به‌ بردنه‌وه‌یان ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ بگه‌نه‌ خانه‌ی سێیه‌می خوله‌كه‌.
برایه‌تی، سه‌مه‌د جه‌وهه‌ری راهێنه‌ر تا ئێسته‌ ئه‌وه‌ی یانه‌كه‌ داوای لێ ده‌كات، ئه‌و كردوویه‌تی و هه‌نگاوی باشی بۆ پلانه‌كانی یانه‌كه‌ هاویشتووه‌، چه‌ند یاریزانێكی لاوی له‌ تیپه‌كه‌ بۆ یارییه‌كان ئاماده‌كردووه‌، كه‌ هه‌ر یه‌كێكیان بۆ داهاتووی یانه‌كه‌ ده‌بنه‌ گه‌وهه‌رێكی به‌نرخ، مه‌تین و ئالان و عه‌لی و شه‌مزین، به‌هۆی یاریكردن به‌شێوه‌یك زۆر له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی، له‌ قۆناغی دووه‌م باشترده‌بن، بوونی دانا كامه‌رانی هێرشبه‌ر و بیلال ساڵح، هیزێكی زۆری به‌ تیپه‌كه‌ به‌خشیوه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ش به‌ هۆی پێكان له‌ ناسر عومه‌ری به‌رگریكار بێبه‌ش ده‌بێت، به‌ڵام باش ده‌زانن له‌ یاریگه‌یه‌كی زه‌حمه‌ت و پڕ هانده‌ر ئه‌م یارییه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، كه‌ پێویسته‌ یاریزان له‌وپه‌ڕی هێمنی و بوێری و وردبینی بێت له‌ كاتی یارییه‌كه‌دا، خاوه‌نی 18 خاڵه‌ و له‌ خانه‌ی نۆیه‌د دێت.

نه‌ورۆز و دهۆك به‌یه‌كه‌وه‌ یاریی ده‌كه‌ن
دهۆك له‌سه‌ره‌تای خوله‌كه‌ به‌ ئاستێكی باش ده‌ركه‌وت دواتر له‌ دوای گه‌ڕه‌كانی ناوه‌ڕاست ئاست و ئه‌نجامی خراپ بوو، ئه‌مه‌ش به‌هۆی دره‌نگ ئاماده‌كاریی و كه‌می یاریزانی باش و نه‌بوونی یاریزانی یه‌ده‌گ له‌ پێكهاته‌كه‌ روویدا، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت ئه‌م یارییه‌ به‌رامبه‌ر نه‌ورۆز به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانن تا به‌ بردنه‌وه‌ شاد بینه‌وه‌، خاوه‌نی 18 خاڵن و له‌ پله‌ی ده‌یه‌م دێن.
نه‌ورۆز به‌ ئاسانی له‌ یارییه‌كان خاڵ له‌ده‌ست نادات، كامه‌ران عه‌لی راهینه‌ر زۆربه‌ی یارییه‌كان به‌شێوه‌ی كراوه‌ یاریی ده‌كات، بۆیه‌ ته‌نها 2 یه‌كسانی هه‌یه‌، كه‌ كه‌ترینه‌ له‌ خوله‌كه‌، یا بردوویه‌تییه‌وه‌ یاخود دۆڕاوه‌، ئه‌و یاریزانه‌ لاوانه‌ بۆ داهاتووی یانه‌كه‌ ده‌ستكه‌وتیكی گه‌وره‌ن، 20 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانی چواره‌م دێن.