ئێران: بەشار ئەسەدمان لە لێککەوتەکانی هێرشی گرووپە چەکدارەکان ئاگەدار کردبووەوە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی وڵاتەکەی هەیبووە، ئاگەداری ڕوودانی ئەم سیناریۆیە بووە، ئەوەی لە سووریا ڕووی دا، بە پلانگێڕی وەسف کرد.

دووشەممە، 9-12-2024، عەباس عراقچی بە تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی ڕایگەیاند  “هەواڵگریی ئێران و سووریا بە تەواوی ئاگاداری جموجۆڵەکانی ئیدلب بوون و حکوومەتی سووریاش لەوە ئاگەدار کرایەوە.” ئاماژەی بەوەش کرد “ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو لاوازیی سوپای سووریا و خێرایی پێشڕەوییەکانی چەکدارەکان بوو.”

عراقچی ڕوونیشی کردەوە “وڵاتەکەی تەنانەت زانیاریی لەسەر ژمارەی هێزەکانی ڕێکخراوەکان داوەتە حکوومەتی سووریا، بەڵام سوپای سووریا نەیتوانی بەرگری بکات و ڕووبەڕوویان بێتەوە.” دەشڵێت: “لە کاتی کۆبوونەوەکەیاندا لە هەفتەی ڕابردوو بەشار ئەسەد،مان لێ ئاگادار کردبووەوە.”

عراقچی گوتیشی: “تەنانەت ئەسەدیش کاریگەری لەدەستدانی توانای سوپاکەی لەسەر بووە.”

عراقچی ئاماژەی بە خێرایی پێشهاتەکانی سووریا کرد و گوتی: “هەڵوێستی ئێمە لە “پرۆسەی ئاستانە” هاندانی حکوومەتی بەشار ئەسەد بوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکاندا.”

ئێران ملیارەها دۆلاری بۆ پاڵپشتی ئەسەد خەرج کرد، لە شەڕی ناوخۆ کە لە ساڵی 2011ەوە سەری هەڵدا، هەروەها سوپای پاسدارانی لە سووریا جێگیر کرد، بۆ ئەوەی هاوپەیمانەکەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە لە پێناو پاراستنی بەرەی مقاوەمەی ولاتەکەی لە بەرامبەر ئیسرائیل و کاریگەرییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.