جیاوازی نێوان دوو وشەی (شری) و (اشتری) لە قورئاندا

عومەر چنگیانی

پشتیوان بەخوا لە خەرمانی ئیمڕۆیشدا گوڵێکی دیکەی زانست دەربارەی قورئانی پڕ لەبەخششەوە دەخەمە سەر مەڵۆی زانستەکانتان و باس لە جیاوازیی دوو وشەی لێکچوو دەکەین تێیدا کە بۆ هەموو کەس ڕوون نین، گەرچی وەک ئیبنو مەنزوور لە فەرهەنگی (لسان العرب) و فەیروز ئابادی لە فەرهەنگەکەی خۆیدا و هەندێکی دیکەیان دەڵێن هەردوو شێوە داڕشتنەکە یەک مانا دەگەیێننن، وەلێ بە گەڕانەوەمان بۆ قورئانی پڕ لەبەخشش
دەزانین جیاوازی ورد هەیە بۆ وێنە:
یەکەم/ شری…. بەمانا فرۆشتی و نرخەکەیی وەرگرت، کە ئەم مانایە لە چوار ئایەتی قورئاندا هاتووە(شروا،شروه، يشري، يشرون):
۱. بیستەم ئایەتی سوورەتی (یوسف) کە دەفەرمێت: (براکانی یوسف – یاخود ئەوانەی کە لە بیرەکەدا دۆزییانەوە – تاڵانفرۆشیان کرد بە نرخێکی کەم، چەند درهەمێکی دیاریکراو و لە مامەڵەیاندا کەم ویست و بێ تەماع بوون) .
۲. لە حەفتاوچوارەمین ئایەتی سوورەتی (نیسا)دا بەشێوەی داڕشتنی فەرمان لە شێوازی کرداری داهاتوو کە لامی فەرمانی لە پێشەوەیە دەفەرمێت: (با لە پێناوی خوادا خەبات بکەن و خۆبکەنە قوربانی، ئەوکەسانەی کە ژیانی دنیایان دەفرۆشن و لە بەرانبەریدا خۆشییەکانی ڕۆژی دوایی وەردەگرن).
۳. لە دووسەدوحەوتەمین ئایەتی سوورەتی (بەقەرە)یشدا دەفەرمێت:
(کێیە کە گیانی خۆی دەفرۆشێت بۆ بەدەستهێنانی ڕازی بوونی خوای گەورە و بەهەشتەکەی)؟
٤. لە باسی یەهودییەکاندا لە ئایەتی سەدودووهەمی سوورەتی بەقەرەدا دەفەرمێت: (بەڕاستی ناشیرین و بەدترین شتە کە گیانی خۆیان لە بەرانبەریدا داوە و کڕیویانە، گەر هەستیان بکردایە و بیانزانیایە).
وەک دەبینین لەم چوارجێگەدا کە پێنجەمیان نییە، بەمانا فرۆشتنە نەک کڕین.
دووەم/ اشتری… بەمانا وەرگرتنی کاڵا و نرخدان وەک:
۱. وەک لە ئایەتی بیستویەکی سوورەتی (یوسف)دا باس لەوکەسەدەکات کە یوسفی بەکوێلەکراوی کڕی و دەفەرمێت:(ئەوپیاوەی کە لە میسردا یوسفی کڕی، بەژنەکەی خۆی گوت: ڕێز لەخۆی و جێگاوبان و پێگەی بگرە). بەمانا ئەوی کە نرخی دا و یوسفی کڕی.
۲. لە سەدودووەمین ئایەتی سوورەتی (بەقەرە)دا دەفەرمێت: (ئەو یەهودییە جادووگەرانەی تەوراتیان پشتگوێ خست و محەمەد – دروود و ساوی خوای لێ بێت – بەدرۆ خستەوە، باش دەیانزانی لە قیامەتدا بێبەشن، چونکە جادوویان گۆڕییەوە بەوهەقەی کە محەمەد هێنابووی و هەقەکەیان دا، لەبەرانبەر جادووگەری)..
۳. لە سەدویانزەهەمین ئایەتی سوورەتی (تەوبە)یشدا دەفەرمێت:
(بەراستی خوای گەورە (اڵه)لە بڕوادارانی کڕی گیان و سامانیان، بەوەی کە بەهەشتیان وێدەدات کە خەبات دەکەن لەپێناوی خوادا). بەمانا کاڵاکە گیان و سامانیانە و نرخەکەیش بەهەشتە.
٤. لە سەدودووەمین ئایەتی سوورەتی (مائیدە)یشدا باس کە لەو دوو گەواهە دەکات کە لەسەرەمەرگی کەسێکدا شایەتی دەدەن بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەست بەمیراتەکەوە و، دەفەرمێت: (هەردووکیان سوێند بخۆن بە اڵە گەر گومانتان هەبوو – بەمانا سوێندەکەمانتان بەڕاست نەزانی – ئێمە لەبەرانبەر سوێندە درۆکەمان هیچ نرخ و قەرەبوو و بریتییەک وەرناگرین).

ھەواڵی زیاتر