پارێزگارى هه‌ولێر و پارێزگارى میسان، سه‌ردانى نێو بازاڕ و قه‌یسه‌ریان كرد

 

نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.12.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر و حەبیب زاهر، پارێزگاری میسان، بە یاوەرى بەڕێوەبەرى گشتیى وەبەرهێنانى هەولێر و شاندى پارێزگاى میسان، سەردانى سەنتەرى شارى هەولێر و نێو بازاڕى قه‌یسه‌ریان كرد و قاوەخانەى مەچکۆ و چەند شوێنێکى ترى کەلتوورى و مێژووى شارى هەولێریان بەسەرکردەوە و نانى نیوەڕۆیان لە کەبابخانەیەکى میللى شارى هەولێر خوارد.

لەوبارەیەشەوە پارێزگاری میسان، سوپاسى پارێزگارى هه‌ولێری كرد و خۆشحاڵ خۆى بەسەردانى هەولێر و ئه‌و ئارامى و ئاسایشى و ئازادییه‌ى له‌ پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان به‌رقه‌راره‌ نیشاندا.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر وێڕای خۆشحاڵی بە سەردانکردنى بەڕێزیان بۆ نێو بازاڕى سەنتەرى شار و قه‌یسه‌رى هەولێر، تیشکى خستە سەر ئەوەى وەکو پارێزگاى هەولێر ناخوازین تەنها لە نێو دیوانى پارێزگا پێشوازی لە میوانان بکەین، هەولێرى پایتەخت شوێن و جێگە و ماڵی هەمووانە و دەمانەوێت میوانەکانمان لە نزیکەوە تێکەڵ بە خەڵکى شارى هەولێر و شوێنە کەلتوورى و مێژووییەکانى شارەکەمانبن.