بە كورتی بەكوردی

هۆشیار سیوەیلی
خوای گەورە خەڵکی خۆی، قەبیلەقەبیلە و شەعب شەعب دروست
کردوە؛ کەواتە جیاواز لە یەکتر دروســـتی کردووین و ئەو هەلەشی بۆ ڕەخساندووین جیاوازییەکانمان نەبنە هۆی تەفرەقە و لێکترازان و دەبێت یەکتر بناســـین و لەگەڵ یەکتر پەیوەندی بکەین. باشترین ئامرازی پەیوەندیکردن و یەکترناســـینیش ئاخافتن و نووســـینە بە زمانـــی زکماکی خۆت. هەر ئەو زمانەش بە قودرەت و مەشـــیئەتی
خوای گەورە پەیدا بووە. دەبێت تاوانی زارا محەمەدی چی بێت کە دەیەوێت بەو زبانەی خوا وەک بەشـــێک لە جەســـتەی و بەو زمانەی وەک بەشێک لە بوونی وەک مرۆڤ و (شـــەعب) پێی بەخشیوە بئاخڤێ و بنووسێت. خۆ ناشـــێت ئەوانیش لایان وابێت ڕەچەڵەکی کورد جنۆکەیە و ئەولادی دێوەکانی حەزرەتی سلێمانە و پێویستە لە هەموو لوتف و کەرەمێکی خوای گەورە بێبەش بکرێت. ئێ خۆ ناشبێت زمانی کوردی زیندانی بکەن بەو تاوانەی لە زمانی ئاڤێســـتای ئایینی زەردەشتەوە نزیکە، چونکە زمانەکەی ئێمە و ئەوانیش لەوەدا هاوبەشن. بۆچی دەبێت نووســـین بە زمانێک کە بە لایەنی کەمەوە ٣۰ملیۆن کەس قسەی پێ دەکات تاوان بێت و کیژێک راپێچی کونجی زیندان بکرێت لەبەرئەوەی ئەویش یەکێکە لەو ٣۰ملیۆن کەسە. ئایا ئەرکی هەموو موســـڵمانێک نییە ئەوەی بۆخۆی دەوێت بۆ برا و خوشکی موسڵمانیشی بوێت؟ سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ ســـڕینەوەی زمان و نەهێشتنی ئەو ناســـنامە نەتەوەییەمان، هێشتا زمانەکەمان زیندووە و کۆکەرەوەی ٣۰ملیۆن مرۆڤی کوردە. جگەرخوێن وتەنی ((شام شەکرە، بەڵام وڵات (وەتەن) شیرینترە)). منیش دەڵێـــم زمانی هەموو نەتەوەیەکم لا شـــیرینە، بەڵام زمانی نەتەوەکەی خۆم لە زمانـــی هەموو نەتەوەیەکی تری ئەم دنیایە لا شیرینترە. منیش وەک هەژاری بیردەوڵەمەند دەڵێم:
بە کوردی دەژیم بە کوردی دەمرم
بە کوردی دەدەم وەرامی قەبرم
بە کوردی دیسان زیندوو دەبمەوە
لەو دنیاش بۆ کورد تێهەڵدەچمەوە

ھەواڵی زیاتر