وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی و لە ڕێگەی داشکاندنی %20 ـی پسوولەکان، بڕی 3.2 ملیار دینار بۆ هاوبەشانی ماڵان گەڕێندراوەتەوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم بڕە پارەیە وەک داشکانی %20 بۆ پسوولەی مانگی سێی هاوبەشانی ماڵان دیاریکراوە، کە لە کاتی پارەدان بە شێوازی ئەلیکترۆنی (ئی – پسوولە) بۆیان هەژمار کراوە.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هاوبەشانەی بڕی داشکاندنەکەیان لە پارەی پسوولەی مانگی سێ زیاتر بووە، بڕە پارە زیادەکە وەک داشکاندن دەخرێتە سەر قەرزی پێش رووناکی.
لە داتاکانی وەزارەت هاتووە، تاوەکو ئێستا 133 هەزار هاوبەش لەم داشکاندنە سوودمەند بوون، کە تێکڕای بڕی پارەی گەڕاوە بۆ هەر ماڵێک نزیکەی 24 هەزار دینار بووە. هاوکات 20 هەزار و 600 هاوبەش بەهۆی ئەوەی بڕی پسوولەکانیان گەیشتووەتە سفر، پێویستیان بە سوودمەندبوون لەم پاڵپشتییە نەبووە.
سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی پڕۆژەی ڕووناکی، وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتی کە دەکاتە زیاتر لە %85ـی دانیشتووان، کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە. بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، پڕۆژەی ڕووناکی تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و کارەبای بەردەوام بۆ هەمووان دابین بکات.

