رۆژنامەی ھەولێر

هەڵمەتێکی نەمامچاندن لە قوتابخانەیەک دەستی پێكرد

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی2026.4.29، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەژێرناونیشانی ” هوشیاری و كرداری ژینگەیی” هەڵمەتێکی نەمامچاندن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر لە قوتابخانەی گرد مەندیلی بنەڕەتی تێکەڵاو لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

لە میانی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکەدا، كە لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر و بەڕێوەبەری پارک و باخچەکان و بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانەكە ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پاڵپشتی ئەو پڕۆژانە دەکات کە خزمەت بە ژینگە و تەندروستی نەوەکانی دواڕۆژ دەکەن.

هەروەها ئەو هەنگاوەی بە گرنگ و بایەخدار وەسف کرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی کارای دار و درەخت و زیادكردنی سەوزاییدا لە دابینکردنی ژینگەیەکی پاک و تەندروست بۆ ناوەندەکانی خوێندن، کە کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر باشترکردنی کەشی فێربوون و پاراستنی ژینگەی شارەکە.