سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاند “بەشار ئەسەد هەڵات و ڕووسیاش پشتی تێ کرد” و ئاماژەی بەوەش دا “ئێستە ڕووسیا و ئێران لە دۆخێکی لاوازدان.”
یەکشەممە، 08-12-2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ‘ترەس’ پۆستێکی لەبارەی کەوتنی ڕژێمی ساڵەی بەشار ئەسەد بڵاو کردەوە.
ترەمپ ئـاماژەی بەوە کردووە “ئەسەد نەماوە، لە وڵاتەکەی هەڵاتووە. پارێزەرەکەی، ڕووسیا، بە سەرۆکایەتیی ڤلادیمێر پوتین، چی دیکە بایەخی بە پاراستنی نەدا. هیچ هۆیەک نەبوو بۆ ئەوەی ڕووسیا لە لەوێ بێت. ئەوان هەموو بەرژەوەندییەکیان لە سووریا لەدەست دا بەهۆی ئۆکرانیا، کە نزیکەی 600 هەزار سەربازی ڕووسی بریندار و کوژران، لە شەڕێکدا کە هەرگیز نەدەبوو دەست پێ بکات.”
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا پێی وایە “ئێستە ڕووسیا و ئێران لە دۆخێکی لاوازدان، یەکێکیان بەهۆی ئۆکرانیا و ئابوورییەکی خراپەوە، ئەوی دیکەیان بەهۆی ئیسرائیل و سەرکەوتنەکانی لە شەڕدا. بە هەمان شێوە زێلێنسکی و ئۆکرانیا پێیان خۆشە گرێبەستێک بکەن و شێتییەکە بوەستێنن. بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە 400 هەزار سەربازیان لەدەست داوە، و چەندین مەدەنی دیکەشیان لەدەست داوە.”
ترەمپ بە پێویستی دەزانێت “دەستبەجێ ئاگربەست (لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا) بکرێت و دانوستانەکان دەست پێ بکەن. ژیانێکی زۆر بێهوودە بەفیڕۆ دەچێت، خێزانێکی زۆر لەناو دەچێت و ئەگەر بەردەوام بێت، دەتوانێت ببێتە شتێکی زۆر گەورەتر و زۆر خراپتر. من ڤلادیمێر باش دەناسم. ئەمە کاتی خۆیەتی بۆ نواندن. چین دەتوانێت یارمەتی بدات. جیهان چاوەڕوانە!”