ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی چه‌ند پرۆژه‌ یاسایه‌كی گرنگ كۆده‌ببێته‌وه‌

ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی چه‌ند پرۆژه‌ یاسایه‌كی گرنگ كۆ ببێته‌وه‌ كه‌ مشتومڕی زۆری له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسه‌یكانی عێراقی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌ له‌وانه‌ش، پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ ، پرۆژه‌ یاسای باری كه‌سی ، پرۆژه‌ یاسای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی موڵك و ماڵی هاووڵاتیان و پرۆژه‌ یاسای لێبوردنی گشتیی‌.

به‌ گوێره‌ی فه‌رمانگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كاتژمێر 1ی پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆ ده‌بێته‌وه‌. به‌گوێره‌ی خشته‌كه‌، له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌مدا، ده‌نگ له‌سه‌ر یاسای پێشنیاركراوی باری كه‌سی ژماره‌ 188ی ساڵی 1959 ده‌درێت.

هه‌روه‌ها له‌ بڕگه‌ی دوه‌مدا، ده‌نگ له‌سه‌ر له‌سه‌ر ره‌شنوسی یاسای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و موڵكانه‌ بۆ خاوه‌نه‌كانیان ده‌درێت كه‌ له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو ده‌رچووبوون. له‌سێیه‌م برگه‌شدا، ده‌نگ له‌سه‌ر ره‌شنوسی یاسای هه‌مواركردنه‌وه‌ی دووه‌می یاسای لێبوردنی گشتی ژماره‌ بیست و حه‌وتی ساڵی دووهه‌زار و شازده‌ ده‌درێت و له‌ بڕگه‌ی چواره‌میشدا ره‌شنوسی یاسای ده‌زگای هه‌واڵگری نیشتمانی ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، بڕگه‌ی پێنجه‌می به‌رنامه‌ی دانیشتنه‌كه‌ تایبه‌ت ده‌بیت‌ به‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر یاسای پێشنیاركراوی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای یه‌كه‌می یاسای پاسپۆرت.

له‌ بڕگه‌ی شه‌شه‌میشدا خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م ده‌كرێت بۆ ره‌شنوسی یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵانی دارایی2023 ،2024 و 2025 .

له‌ بڕگه‌ی حه‌وته‌م و كۆتاییشدا خوێندنه‌وه‌ی دووه‌‌م بۆ ڕه‌شنوسی یاسای هه‌مواركردنه‌وه‌ی هه‌مواری پێنجه‌می یاسای فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی ده‌كرێت.