پیرۆزتان بێت پەرلەمانتارانی بەڕێزی سوێندخواردوو بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانپەرلەمان خوناو حەسەن ساڵح
پەرلەمان، دەزگای داڕشتنی یاسادانانە؛ ئەنجومەنێکە بۆ تاوتوێکردنی کارەکانی حکومەت.
ئەرکی پەرلەمانتار
پەرلەمانتار دەبێ یاریزانێکی گرنگ و چالاک بێ لە ڕێگرتن و کەمکردنەوەی هەڕەشە و توندوتیژی لە ڕێگەی جێبەجێکردنی سێ ئەرکی سەرەکی کە پەیوەستە بە یاسادانان و و هۆشیاری و چاودێریکردنی ئەدای حکومەت و لێپرسینەوە لە کارەکان.
پەرلەمانتار دەتوانێ کاریگەرییەکی ئەرێنی بکاتە سەر پرۆسەی جێبەجێکردنی یاسا، لە ڕێگەی بەکارهێنانی مافی خۆی بۆ پرسیارکردن لە حکومەت و داواکردن لە حکومەت بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی جێبەجێکردن بۆ پەرلەمان کە ئەویش پێداچوونەوەیان بۆ دەکات.
جا بۆیە:
تکاتان لێ دەکەین پێش دەستبەکاربوون لە کارەکەەتان هیوادارین هەر هەمووتان سەرقاڵی ئەو ماف و ئەرکانەتان بن کە لە سیستەمی پەرلەمانتاری دەستنیشان کراوە بۆتان. ئیوە وەک برا و خوشک لە یەک خێزاندا، بەرژەوەندی میللەت بخەنە پێش چاوی خۆتان؛ ئەو بەڵێنانەی داوتانە بە دەنگدەرانی خۆتان بە گرنگی بزانن و هەوڵی بۆ بدەن بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی هاوچەرخانە پلان و پرۆژەتان بخەنە ڕوو و بیکەن بە یاسا و بیچەسپێنن لە دەستووری پەرلەمان بۆ بەرژەوەندیی میللەتی خۆتان.
دژایەتیی یەکتر مەکەن؛ ڕق و کینە فڕێ دەن؛ هزر و بیری خۆتان پڕ لە ئاشتی و ئاشتەوایی بکەن؛ هەڵوێستی ئەرینی نیشانی یەکتر بدەن؛ تەنها لەسەر دانانی یاسای سوودمەند لە بەرژەوەندی میللەتدا، ڕکابەرایەتیی یەکتر بکەن؛ مێژووی پڕ لە دژایەتی و یەکترشکاندنەکەی جاران دووبارە مەکەنەوە لە پەرلەمان، چونکە ئێوە نوێنەری ئەم میللەتە خێرلەخۆنەدیتەیەن؛ بە دەنگی ئەوان ئێوە لەوێن بێئومێدیان مەکەن.
چونکە پەرلەمان دەزگایەکی باڵا و زۆر پیرۆز و گەورەیە و مەیدانی تەسکی ململانێی حیزبایەتی نیە؛ ڕەجاتان لێ دەکەین! ئەگەر ئیوە بەو سیستەمە سەقەت و بەو ڕقەبەرایەتی و زمانە زبرەی بانگەشەی ڕابردوو بچنە ناو پەرلەمان ئەوە کارەساتێکی زۆر گەورەیە و، هەموو شتێک لەدەست دەدەن و، دژمن شاد و بەختەوەر دەکەن، پەند لە ڕابردوو وەربگرن و دووبارەی مەکەنەوە.
پەرلەمانتارانی بەڕێزی ئۆپۆزسیۆن و سەربەخۆ!
کاری ئێوەش زۆر پیرۆز و بەسوودە، ڕۆڵە سەرەکییەکەی ئێوەی بەڕێز لێپرسینەوە لە حکومەت و سیاسەتی حیزبەکانە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێ بۆ چاککردنەوەی هەڵەکانیان، هەروەها بەرپرسیاریەتیی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی وڵاتەکەی خۆتان لە ئەستۆدایە.
جا تکاتان لێ دەکەین بە شیوەیەکی هاوچەرخانە کاری ئۆپۆزسیۆن بکەن بۆ بەرژەوەندی و سوودگەیاندن بە میللەت و دوور لە دژایەتی و شکاندنی یەکتر.
بۆ گشت پەرلەمانتارە بەڕێزەکان
ئەگەر خۆتان نەگۆڕن و سیستەمی پەرلەمانتاریەتیی نوێی جیهان ڕەچاو نەکەن لە کار و چالاکیدا، بێئاگا مەبن لە توورەیی و غەزەبی جەماوەر؛ چونکە تووڕەییی جەماوەر لە هەموو چەکێک بەهێزترە؛ ئەو کات ڕەحمتان پێ ناکەن؛ چونکە میللەت وەختی خۆی زۆر لێبوردە بووە و، چاوەڕوانی دەسکەوتی باشن لێتان، نەک هەوڵدان بۆ سڕینەوە و لەناوبردنی یەکتر و بێئومێدکردنی میللەت.
هیوادارم ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان جیاوازتر بێت لە خولەکانی پێشوو؛ میللەت زۆر ماندووە.