پەسیوو کۆکە و لەرز و تا

ماوەی چەند هەفتەیەکە پەتایەکی ڤایرۆسی لەناو خەڵک بەشێوەیەکی بەربڵاو بڵاو بۆتەوە، خەڵکێکی زۆر پێوەی گیرۆدە بوون، بە گشتی خەڵک بەشێوەیەکی مامناوەند بۆ توند دەیگرن و هەندێکیشیان بە سووکی تووشی دەبن.

د. شێروان کۆساری پزیشکی شارەزای گشتی چەند زانیارییەكی گرنگ دەربارەی پەتاكەوە دەخاتە ڕوو تاوەك خەڵكی خۆیان بپارێزن لەو پەتایە.
د. شێروان کۆساری ئاماژە بەوەدەدات كە نیشانەکان بە شێوەیەکی گشتی بریتین لە ( پەسیو، کۆکە، لەرز و تا، قوڕگئێشە، سەرئێشە، بێتاقەتی، قاچئێشە)، هەر بۆیە بەکارهێنانی دەرمانی دژە هەوکرن (وەکو ئەمۆکسیلین و ئەزیسڕۆمایسین و تەواوی ئەنتیبایۆتیکەکانی تر) بەهیچ شێوەیەک پێویست ناکا لەبەر ئەوەی ئەو دەرمانانە بۆ هەوکردنی بەکتریایی بەکار دێن و بۆ هەوکردنی ڤایرۆسی هیچ سوودێکی لێ نابینی.ئەو پزیشكە ئاماژە بەوەش دەدات كە هەندێک حاڵەتی کەم هەیە کە لە لایەن پزیشکەوە دیاری دەکرێت کە لەگەڵ هەوکردنە ڤایرۆسیەکەدا، نەخۆش تووشی هەوکردنی بەکتریایی دەبێت، لەو کاتەدا بەکارهێنانی ئەنتیبایۆتیک ئاساییە، هەروەها نیشانەکانی ئەم پەتایە بە نزیکەیی هەمان نیشانەکانی کۆرۆنایە و جیاکرنەوەیان ئاسان نیە، بۆیە پێویستە نەخۆش ئامۆژگاری تەنها لە پزیشک وەربگرێ. بە بەراورد بە کۆرۆنا، ئەم پەتایە خێراتر بڵاو دەبێتەوە، زۆرجار یەک ئەندامی خێزانێک، لەوانەیە تەواوی ئەندامەکانی تری خێزانەکە تـووش بکات لە ماوەیەکی زۆر کورت و، پێویستە هەمان ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا بۆ ئەم پەتایەش پەیڕەو بکرێ وەکو دوورەپەرێزی و خۆجیاکردنەوە لە ماڵەوە، دەمامکهەڵپێچان، دەستشوشتن.
د. شێروان کۆساری دەربارەی چارەسەر ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەكات كە پێویستە (پشووی تەواو بدەن، خواردنی شلەمەنی زۆر بكەن، پاراسیتامۆیڵیش لە كاتی پێویست وەربگرن). جەختیش دەكاتەوە كە بە هیچ شێوەیەک دەرزیی تێکەڵە (ڤۆڵتارین و دیکادرۆن) بەکار نەهێنن، ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کورت سوودی لێ ببینن، بەڵام دواتر ماکی زۆر مەترسیدار لەسەر جەستە بەجێ دەهێڵێ.