باڵاكورتی لە منداڵاندا چییە؟

 

هەڵسەنگاندنی منداڵێک بۆ یەکێکی تر جیاوازییەکی زۆر زۆری هەیە، پزیشكان ڕوونی دەكەنەوە كە نابێت دایك و باو لە خۆیانەوە منداڵەكانیان بە منداڵانی چواردەور پێوانە بكەن.

هەندێک هۆکاری باڵاکورتی نەخۆشین و پێویستیان بە وەرگرتنی چارەسەری و چاودێری هەیە، بەڵام هەندێکیشیان نەخۆشی نین و تەنها چوونەوە سەر باوانە یاخود پەیوەستە بە دواکەوتنێکی کاتییەوە. د زانیار هیوا فەریق پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان دەربارەی هۆکارەکانی باڵاکورتی لە منداڵاندا تیشك دەخاتە سەر دوو هۆكار و ڕوونی دەكاتەوە كە:
یەكەم/ بە هۆکاری نەخۆشی:
* کەمیی هۆرمۆنی گەشە.
* کەمداگەڕانی هۆرمۆنی تایرۆید.
* زۆرداگەڕانی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ.
* نەخۆشیی ئەندامە جیاوازەکانی جەستە وەک دڵ و گورچیلە و خوێن و بەرگری و دەمار و ڕیخۆڵە.
* نەخۆشیی گەنم.
* کۆنیشانەکانی وەک داون و تێرنەر و، هتد.
* نەخۆشیە زگماکییەکانی پەیوەست بە ئێسکەوە.
* نالەباری ژینگەی منداڵ لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتی و فەراهەم کردن و پێدانی خواردن.
دووەم/ بە هۆکاری ئاسایی؛ واتا هیچ هۆکارێکی ناسروشتی لە پشتی کورتیی منداڵەکەوە دیار نییە:
* هۆکاری بۆماوەیی و خێزانی: لێرەدا منداڵ چووەتەوە سەر باوانی و کاتێک سەرنج لە باڵای دایک و باوکەکە دەدرێت هەست بەوە دەکرێت کە منداڵەکە چووەتەوە سەر ئەوان.
* هۆکاری “دواکەوتنی کاتی” لێرەدا منداڵەکە لە ڕووی باڵاوە دوا کەوتووە، بەڵام پاش پشکنین دەزانرێت کە تەنها دواکەوتنێکی کاتییە و دواتر منداڵەکە چانسی باڵاکردنی زۆر زۆرە.
* هۆکاری نەزانراو؛ هۆکارەکە لە پەرتووکە پزیشکییەکاندا بە “ئیدیۆپاتیک” ناوزەد کراوە؛ واتە نەزانراو و پێناسە و ڕێگای بڕیاردانی خۆی هەیە و ئەمیش یەکێکە لەو حاڵەتانەی کە دەتوانرێت دەرزی هۆرمۆنی گەشەی بۆ بەکار بهێنرێت.