پەکەکە بە زۆرداری و هەڕەشە خەڵکی ڕۆژئاوا دژی هەرێمی کوردستان دێنێتە سەر شەقام

دوای ئەو هەموو کارەسات و داگیرکارییەی پەکەکە بەسەر شار و گوندەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی هێنا و سەرجەم خەونەکانی کوردی لەو پارچەیە لەبار برد، ئێستا پەکەکە پلانی دیکەی لە ڕۆژئاوا هەیە و دەیەوێت بە زۆرداری و ناچاری خەڵکی سڤیل و هاووڵاتیانی ڕۆژئاوا فێری دوژمنایەتی و هەڕەشە و هێرشی ناوڕەوا بکەن بۆسەر هەرێمی کوردستان.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی “دارکامازی” کە لە چەند سەرچاوەەیەکەوە زانیاریی وەرگیراوە، چەکدارانی پەیەدە (باڵی رۆژئاوای پەکەکە)، لە چەند رۆژی رابردوودا بە سەدان عەرەبی حەسەکەیان بە داری زۆر و هەڕەشە و گوڕەشە و هێندێکیشیان بە تەماح وەبەرنان و پێدانی پارە، بەرداوەتە سەر شەقامەکان و لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانیان پێ بەڕێوە دەبەن و دروشمەکانی پەکەکەیان پێدەڵێنەوە.
بە گوتەی سەرچاوەکانی “دارکامازی” لە خۆپێشاندانە دەستکرد و زۆرە ملێکەی حەسەکە کە ٨ی ئەم مانگە پەکەکە ڕێکی خستبوو، ئەو خەڵکەی کە پەیەدە بە داری زۆر و بە تەماح وەبەرنان کۆی کردبوونەوە لە مەیدانێک بەناوی “سینالکو” دەستیان بە رێپێوان کرد و بەرەو مەیدانی ئاگرکوژێنەوە لە ناوچەی تل حەجەر رۆیشتن. لەو پلاکاردانەی کە لە رێپێوانەکەدا دەبینران و ئەو دروشمانەی کە بەشداربووەکانی دەیانگوتەوە، سەرجەمیان لە دژی حکوومەتی باشووری کوردستان بوون و بیانووەکەشیان داخستنی دەروازەی سنووریی سێمالکا بوو. ئەو خەڵکەی کە پەکەکە کۆی کردبوونەوە، دیسان هەوڵیان دەدا کە هەرێمی کوردستان بە هاوکاری کردنی وڵاتی تورکیا تۆمەتبار بکەن.
لە ڕاپۆرتەکەی “دارکامازی”دا هاتووە؛ لەو خۆپیشاندانە زۆرەملێیەدا سەرەڕای ئەوەی کە پەکەکە وێنەکانی پیاوەکەی ئیمرالیشی بە دەستی خەڵکەکەوە دابوو تا بەرزی بکەنەوە، نوێنەرانی بەڕێوەبەریی خۆسەر و پەیەدەش ئامادە بوون و لە لێدوانەکانیاندا پەلاماری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان دا و ئاماژەیان بەوە کردووە، بۆ گەماڕۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان دەروازە سنووریی سێمالکای داخستووە”.
جێگای باسە، پێشتر و لە هەینی ڕابردووشدا، لە رۆژی هەینی رابردوودا، لە شاری دربێسبی رۆژئاوای کوردستانیشدا، بە زۆرە ملێ و هەڕەشەی جۆراوجۆر خەڵکی شارەکەیان کۆ کردەوە و ماڵ بە ماڵ گەڕان و پێیان راگەیاندن کە “ئەگەر سبەینێ نەڕۆنە دەروازەی سنووریی سێمالکا و لە خۆپیشاندان دژ بە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەشداری نەکەن، ئەوا رێگای هیچ چالاکییەکتان پی نادەین”.
ئەم چالاکیە نانیشتیمانی و پیلان بۆ دانراوانەی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە کاتێکدایە تا ئێستا هەرێمی کوردستان باوەشی بۆ هەزاران کەس گرتووەتە لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەژین و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو هاوکارییەکی پێشکەش کردوون لە ڕابروودا.
پەکەکە لەکاتێکدا هەڕەشەکانی خۆی بۆسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بووە هۆکاری ئەوەی سنووری سێمالکا دابخرێت، وەک لە ڕاپۆرتەکەی “دارکامازی”دا ئاماژەی پێ کراوە لە ١٥ی دێسەمبەری ساڵی ڕابردوو، پەکەکە لە رێگای دەیان عەرەبی دێرک و قامیشلوو و هەروەها گرووپی “جوانێن شۆرەشگەر”ـەوە بە دار و بەرد و چەقۆ و کۆلتۆفمۆلۆتۆفەوە، پەلاماری دەروازەی سنووریی پیشابووریان دا و ژمارەیەک لە پاسەوانانی دەروازەکەیان بریندار کرد، شووشەی ئوتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی دەروازەکەیان وردوخاش کرد و دەرگاکانی دەروازەکەیان شکاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا بەناچار دەروازە سنووریەکە داخرا.
ئێستا دەیەوێت وای پیشان بدات حکوومەتی هەرێمی کوردستان دژایەتی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، بە داخستنی سنوورەکە و دەیەوێت دژبەرایەتییەک دروست بکات، بەڵام لای زۆرینەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان ئەوە ڕوونە پەکەکە چ کار و کردەوەیەکی لە ڕابروودا هەبووە و بە زۆرداری نەبێت ناتوانێت مەرامەکانی خۆی بەسەر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستاندا بسەپێنێت.

ھەواڵی زیاتر