” هەولێر ” دواین زانیاری لەسەر لافاو و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان بڵاو دەکاتەوە

لە 17ی مانگی رابردوودا، بەهۆی باران بارینی بەلێزمە و دروستبوونی لافاو لە 18 شوێنی شاری هەولێر و دەوروبەری، 12 هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا، کە تا ئێستا تەرمی دانەری دە مانگ نەدۆزراوەتەوە، 2905 خێزانیش زەرەرمەند بوونە.

بەهۆی کاریگەریی لافاوەکە زیاتر لە 2 هەزار و 500 خێزان ئاو چووە ناو ماڵەکانیان زیاتر لە 400 خانوو زیانیان بەرکەوت و دیوارەکانیان رووخاوەیان دەرگا و پەنجەرەکانیان تێک چووە، نزیکەی 900 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە، کە ژمارەیەکیان ئۆتۆمبێلی حکوومین، کە لە کاتی چوونی تیمەکان بۆ هاوکاریکردنی خەڵک کەوتنە ژێر ئاو، جگە لەو زیانانەی سەرەوە چەندین دووکان و مارکێت و کارگە و پێشانگای ئۆتۆمبێل و گەڕاج زیانیان بەرکەوت، هەروەها زیان بە ژمارەیەکی زۆری زەوی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری کەوتەوە.
راستەوخۆ دوای روودانی لافاوەکە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی تەواوی حکوومەتی بۆ زیانلێکەوتووان راگەیاند، هەر لە هەمان رۆژ سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لە دیوانی پارێزگای هەولێر بۆ ئامادەکاری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە کرد و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ مەبەستی هاوکاری و بەهاناوەچوونی خێزانە زیانلێکەوتووەکان، دواتر بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە خەڵکی زیان لێکەوتووی لافاوەکە، سەردانی ناحیەی قوشتەپەی کرد و هاوسۆزی خۆی و حکوومەتی بۆ خەڵکەکە پیشان دا.
مەسروور بارزانی وەکو هاوکاریی سەرەتایی بۆ هەریەکێک لە کەیسەکان بڕی 5000 هەزار دۆلاری ئەمریکی بە خانەوادەکان بەخشیوە، جگە لەم بڕە پارەیە تەواوی پاکێجی کەلوپەلی سەرەتایی خۆراکی و ناخۆراکی بەسەر خانەوادەی گیان لە دەست داون، دابەش کراون، جگە لە هاوکارییەکانی مەسرور بارزانی، تەواوی هاوکارییە جیاوازەکانی رێکخراو و بەخشەران و خەڵکی خێرخوازان دابەش کراون بەسەر خێزانی هەر 12 گیان لە دەستداوەکە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی دوای راسپاردنیان لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە وەک ئەرکی لە پێشینەی خۆی، تەواوی ستافی دەزگا خرانە خزمەت بۆ هاوکاری و بەهاناوەچوونی خەڵکەکە، بە چەندین قۆناغ هاوکاریی خێزانەکان کرا کە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی ژەمەخۆراکی گەرم، دابەشکردنی خۆراکی وشک، تۆمارکردنی داتا و زانیاریی زیانلێکەوتووان، پاککردنەوەی گەڕەک و ماڵەکان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی، دابەشکردنی کەلوپەلی سەرەتایی و کەلوپەلی ناوماڵ و سووتەمەنی.

جۆر و بڕی زیانەکان
12هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا، لە ساتی روودانی لافاوەکە تا ئێستا تەواوی تیمەکان لە ئەرکدان بۆ مەبەستی دۆزینەوەی تەرمەکان، 375 خانوو زیانیان بەرکەوت، 2473 کەلوپەلی ناو ماڵ، 931 ئۆتۆمبێل، 136دوکان و ماڕکێت، 52 مەڕ و ماڵات، 38 مۆلیدە، 61 پرۆژەی کشتوکاڵی، 61 شوێن، 4 حەوزی ماسی، لەگەڵ 9 کارگە، هەروەها 21 ماتۆڕسکیڵ زیانیان بەرکەوتووە.

٢٩٠٥ خێزان زیانیان بەرکەوتووە
لە قوشتەپە 670 خێزان زیانمەند بوون، گەڕەکی رۆشنبیری 593 خێزان، ناحیەی دارەتوو، 511 ماڵ، 180 خێزانی کەمپی پەنابەرانی قوشتەپە، 173 خێزانی گردجۆتیار، 170 ماڵی ناحیەی بەحرکە،141 خێزانی گەڕەکی ژیان، 116 ماڵ لە ناحیەی شەمامک، سەرکارێز 92خێزان، قەتەوی 79 ماڵ، گەڕەکی زەیتون 47 خێزان، گەڕەکی ژیان 43 خێزان، بنەسڵاوە 27 خێزان، هیران سیتییەک 27 خێزان، ناحیەی کەسنەزان 14 خێزان، کۆمەڵگەی پیرزین 8 خێزان، کۆمەڵگەی مەلائۆمەر 8 خێزان، ناحیەی تەقتەق 6 خێزان، کە کۆی گشتی 2 هەزار و 905 خێزان بوونە”.

چالاکیەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی
لە ساتی روودانی لافاوەکە دەستبەجێ کارمەندانی دەزگای خێرخوازی بارزانی دابەشبوون بەسەر چەند تیمێک و بەپێی پلانی بارودۆخی لەناکاو تیمەکان ئەرکی جیاجیان پێ سپێردرا.
گرنگترین ئەرک و خزمەتگوزارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەش لەگەڵ ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و دەزگا و رێکخراوەکان و بەخشەر و خێرخوازان لە بەرەبەیانی 17/12/ 2021 تا رێککەوتی 26/12/ 2021 بریتی بوون لەم چالاکیانەی خوارەوە:
ئامادەکردنی ژەمە خواردنی گەرم بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای روانگە 3 ژەمە خواردنی گەرمی بەیانی، نیوەڕۆ و ئێوارە، ئامادە دەکردن و پێشکەشی خێزانە لێقەوماوەکانی دەکرد، لەگەڵ چەندین کەس و لایەنی تر خواردنی گەرمی ئامادەکراو بۆ شوێنە زیانلێکەوتووەکان دابین دەکرا، جگە لە ژەمە خواردنی دەزگا بۆ 300 کارمەندی مەیدانییەکە حکوومییەکان و رێکخراوە خێرخوازەکان و شۆفێرانی مەکائینە خۆبەخشەکان.

پاککردنەوەی ماڵ و گەڕەکەکان
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەیەکەم رۆژی رووداوی لافاوەکە لە رێگای 3 تیمی ئامادەکراوی کارمەندان و ژمارەیەک تانکی ئاو و کرێکار و کەلوپەلی خاوێنکردنەوە، بە هەماهەنگیی ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر، دەستی کرد بە خاوێنکردنەوەی شوێن و ماڵە زیانلێکەوتووەکان و شەقامەکان و شوێنە گەشتییەکان کە هەر تیمێک 20 کارمەند، 12 کرێکار و 16 تانکی ئاو و 86 کاروانی ئاو هێنان، خاوێنکردنەوەی تەواوی ماڵ و شوێنە زیان پێگەیشتووەکان پاک دەکردەوە.

چارەسەری پزیشکی لە رێگای تیمی پزیشکی گەڕۆک
رۆژی یەکەمی رووداوی لافاوەکە تیمە تەندروستیەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشێوەی تیمی گەڕۆک بۆ مەبەستی بە هانەچوون و چارەسەری سەرەتایی گەیشتنە شوێنی زیانلێکەوتووەکان بۆ ماوەی 3 رۆژ بەردەوام تیمەکان چارەسەری پێویستی خەڵکە زیانلێکەوتووەکان دەکرد، 3 تیمی گەڕۆک، کە کۆی گشتی 1007 کارمەند بەشدار بوون، ژمارەی نەخۆشی چارەسەر کراو 430 نەخۆش لەو ماوەیەدا چارەسەر کراون.
دابەشکردنی کەل و پەلی خۆراکی و ناخۆراکی
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر بە هاوکاری لەگەڵ خێرخواز و بەخشەران و رێکخراو و کەسایەتییەکان لە دوای پرۆسەی خاوێنکردنەوەی ماڵ و خانووی زیانلێکەوتووان لە رێگای تیمەکانی دابەشکردنی دەزگای خێرخوازی بارزانی تەواوی کەل و پەلی سەرەتایی خۆراکی و ناخۆراکی بەسەر تەواوی خێزانە زیانلێکەوتووەکان دابەش کرد، تەواوی کەل و پەلە دابەشکراوەکان کەلوپەلی خۆراک 2790، نەوت 244 هەزار و 700 لیتر، 2218 سۆپا، 2340 فەرش مەتر دووجا، 11700بالیف، 11700دۆشەک، 12740 بەتانی، 500 سەلاجە، 500 تەباخ، 500 غەساڵە، 400 بوتڵی غاز، لەگەڵ 14 هەزار و 720 ژەمەخواردنی گەرم.

ڕەخساندنی هەلی کار
هاوشانی کارکردنی کارمەندان و خۆبەخشانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چالاکییە جۆربەجۆرەکاندا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ مەبەستی هاوکاریکردن و بەهانەوەچوونی زیانلێکەوتووان دەرفەتی کاری رەخساند بۆ 462 کەس لە چالاکیە جۆر بە جۆرەکاندا بە گوژمەی نزیکەی 22 ملیۆن دیناری عێراقی”.

ھەواڵی زیاتر