هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

“تەنیا دار هەنارەکە”یسینان ئەنتۆن

ئەوەی زۆر هەندێک نووسەر و رۆمانووس دەڵێن بوونی مەرگەسات و کارەساتی گەورە سەرزەمینێکی گرنگە بۆ خولقاندنی رۆمانی نەمر و چیرۆکی سەرسوڕهێنەر لای من هێشتا لە ژێر پرسیاردایە، چونکە ئەوەی ڕۆمانێک دەکاتە ڕۆمانێکی نەمر، پشتئەستووربوونی نییە بە ڕوداو و کارەساتی گەورە، بەڵکو ئەوە ڕوئیای رۆمانووس و لێزانی ئەوە کە دەشێت لەنێو ژوورێکی قاقڕدا تێکستێکی نەمر بئەفرێنێت.

بێگومان لەنێو ئەدەبی دونیادا نموونە گەلێک زۆرن کە ڕووداوی ڕۆمانێک لەسەر شتێکی سادە بونیاد نراوە، بەڵام تێکستێکی نەمرە، ڕەنگە دیارترین نموونە “مەسخ”ی کافکا، یان “کتێبی ڕەش”ی ئۆرهان پاموک بێت کە هەردوو تێکستەکە ڕووداوەکانیان گەلێک سادەیە، بەڵام ئایدیای پشت ئەو ڕووداوانە گەلێک گرنگ و پڕ لە ئەفسوون و جێگە سەرنجە. ئەو رۆمانووسەی تەنها پشت بە ڕووداوەی گەورە ببەستێت بۆ نووسینی ڕۆمان، یان پشت بە فیگۆری کەسایەتییەکی دیاری نێو مێژوو ببەستێک بۆ نووسینی ڕۆمان، من گومان لە شارەزایی و سەلیقەی رۆمانووسی دەکەم و بڕوام وایە ڕووئیای بۆ ڕۆمان و جیهانە سەرسوڕهێنەرەکەی نییە بۆیە پەنا بۆ ئەو شتانە دەبات. بێگومان دەشێت سوود ڕووداوە گەورەکان، یان ژیانی کەسایەتییە کاریگەرەکان بکەین، بەڵام بەبێ ڕوئیایەکی رۆمانووسانە مەحاڵە تێکستێکی داهێنەرانە و نەمری لێ بەرهەم بێت. بۆیە کاتێک ڕۆماننووسێک دەڵێت “مەرگەسات کێڵگەیەکی بەپیتە بۆ رۆمانووس” من بەتەواوی دەکەومە گومانەوە لە تەواوی نەک ئەزموونی نووسینی بەڵکو دەکەومە گومانەوە لە تەواوی ئەزموونی خوێندنەوەشی.
ئەگەر سەرنج لەو دەیان و سەدان ڕۆمان و فیلمە بدەین کەلەسەر کارەساتی هۆلۆکۆست نووسراوە، ئەوا دەبینین ئەوەی بەشی زۆری ئەو رۆمان و فیلمانەی بە نەمری هێشتووەتەوە پیشاندانی گەورەیی کارەساتەکە نییە، بەڵکو دیدی نووسەر و دەرهێنەری ئەو فیلم و رۆمانانەیە کە لە کارەساتەکەیان ڕوانیوە و هەر یەکەیان لە گۆشەیەکەوە هەوڵی پیشاندانی بەشێکی کارەساتەکەیان داوە، بەڵام لە سیاقێکی ئەدەبی و هونەرییدا.
وڵاتی عێراقیش بە درێژای سەد ساڵی ڕابردوو دابڕاو نەبووە لە سەدان کارەساتی ماڵوێرانکەر، بەڵام تا هەنووکە زۆر بە کەمی ڕوانینی ڕۆمانووسانی عێراقی بۆ ئەو کارەساتانە دەبینین، یان ڕوونتر و دروستر بڵێم ژمارەی ئەو رۆمانانەی لەسەر ئەو کارەساتانە نووسراوە و دیدێکی جیاوازیان هەبووە بۆ بینینی زۆر کەمن ڕۆمانی “تەنیا دار هەنارەکە”ی سینان ئەنتۆنە، یەکێکە لەو رۆمانانەی کە دەیەوێت لە دیدێکی دیکەوە و بە ڕوئیایەکی جیاوازەوە لە ماڵوێرانی و کارەساتەکانی عێراق بڕوانێت. ئەم رۆمانە لە وەرگێڕانی شێرزاد هەینی-ـە لە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕەهەندە.
رۆمانی تەنیا دار هەنارەکە، پاڵەوانەکەی هونەرمەندێکی دەرچووی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدایە، بەناچاری و لە وڵاتێکی پڕ لە جەنگدا کە هونەر هیچ بەهایەکی نییە و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان بووە بە مردووشۆر. ژیانی ئەم هونەرمەندە لەگەڵ مردووشۆردندا گەلێک سەخت دەبێت و ئەو دەیەوێت لەم دێڕانەدا گوزارشت لەو سەختییە بکات “هەموو رۆژەکانی هەفتە بۆ من سەخت بوون، وردە ژان و کارەساتی تێدا بوو، بەڵام پێنجشەموان لە هەموویان سەختر بوو، چونکە لەو رۆژەدا مردووەکانی ناو سەلاجەکان دەنارد، هەموو ئەوانەی فڕێدرابوونە ناو زێرابەکانی بەغدا، ناو رووبارەکە، یان ئەوانەی لە پزیشکی دادوەری بۆگەن ببوون. زۆربەیان بەڵگەنامەیان نەبوو، ناویان ئاشکرا نەبوو. یەکێک گوللەی بە نێوچەوانی کەوتبوو، گەردەنی نیشانەی هێڵی سووری خنکانی پێوە بوو، لە پشتەوە چەقۆی بەرکەوتبوو، یان جەستەی بە مشاری کارەبایی بڕابووەوە، جەستەیەکی بێ سەر، پارچە پارچەبوون بە تەقینەوە، و….”
نووسەر لەڕێی ئەم هونەرمەندەوە کە مردووشۆری لە خێزانەکەیەوە بۆ ماوەتەوە چیرۆکی مەرگی هونەر و هونەرمەند بنووسێتەوە، لە وڵاتێکدا کە ساڵانێکی زۆر عێراق کانیاوی هونەر و ئەدەب و بزاوتی رۆشنبیریی عەرەبی بووە. لێرەدا نامانەوێت چیرۆکی رۆمانەکە بۆ خوێنەر بگێڕینەوە و چێژی خوێندنەوەی بکوژین، بەڵام رۆمانەکە خاڵی نییە لە چیرۆکی خۆشەویستی ئەم پاڵەوانە و چەندین ڕووداوی دیکەی سەرسوڕهێنەر. دەستخۆشی بۆ شێرواد هەینی و وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە سینان ئەنتۆن. ماوەتەوە ئاماژە بەوەش بکەم پێشتریش رۆمانی “کوشتن لە بەغداد”، یان خاڵڕێزی هەمان نووسەر لەلایەن “ڕەنجدەر جەبار”ەوە کراوە بە کوردی.