شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی گۆرانیبێژ “دانیال” لە دوای بڵاوکردنەوەی چەند بەرهەمێکی نوێ لە کارە هونەرییەکانی، ئەمجارەیان لە هەندەران بە ستایلێکی نوێ دەردەکەوێتەوە و گۆرانیەکی نوێ لەژێر ناونیشانی “من بەس لەگەڵ تۆ”، کە تێکست و ئاوازی خۆیەتی بە ڤیدیۆ کلیپێکی نوێ، لە پلاتفۆڕمەکانی خۆی دا بڵاودەکاتەوە.
ئەو گۆرانییە یەکێکە لە شاکاره هونەرییەکانی ئەو هونەرمەندە، کە ساڵانێکی زۆر جگە لە هونەرمەند وەک پێشکەشکارێکی سەرکەوتوو لە کەناڵە کوردییەکان دەرکەوتووە، “دانیال” لە ئاخاوتنێکی “هەولێر”ـدا ڕایدەگەیەنێت: ئەو بەرهەمە ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی زۆربەی عاشقانی کوردستان هەیە و دەچێتە نێو قوڵایی دڵی ئەوانەی، کە تامەزرۆیی گەیشتنن بە ئەویندارەکانیان، بۆیە لە یەکەم کاری ئەمساڵدا کلیپەکەیم لە ئەورووپا و لەسەر کەشتیەکی گەشت و گوزاری دا وێنەگرت و لە ڕۆژانی داهاتوودا لە یوتیوب و تەواوی پلاتفۆرمەکاندا بڵاوی دەکەمەوە.
گوتیشی: بەداخەوە کاری هونەری هونەرمەندان ڕوو لە کزییە بەهۆی پاڵپشتی نەکردنی کەرتی گشتی و کۆمپانیا بازرگانیەکان، کە هیچ کات ئامادەنین سپۆنسەری بەرهەمە هونەرییەکانی هونەرمەندانی کورد بکەن، کە بەرهەمێک خزمەتێکی نوێ بە مێژووی کولتوور و فەرهەنگی کوردستان دەکات و دەبێتە باکگراوندێک بۆ ساڵانی خزمەتی ئێمەی هونەرمەند.

