عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
شوان قەرەداغی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی “خۆزگە”، بەشێوەی زیرەکی دەستکرد ڤیدیۆ کلیپەکە تۆمارکراوە بڵاوکردەوە.
شوان قەرەداغی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بۆ (هەولێر) گوتی: گۆرانی “خۆزگە”، تازەترین کاری منە کە بە شێوازی زیرەکی دەستکرد ئەنجام دراوە لە لایەن ئاکار سەلیمەوە. گۆرانییەکە یەکێکە لە شاکارە هونەرییەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو “عەلائەددینی بابا شەهابی” کە هونەرمەندێکی دێرینی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەرێنجی میوزیکەکە لەلایەن “حەسەن یوسف زەمانی” ئەنجام دراوە کە ئەویش یەکێکە لە میوزیسیان و ئاوازدانەرە بەناوبانگەکانی کورد، هەروەها کاری تۆمارکردنی بەرهەمەکە خۆم کردوومە. قەرەداغی باس لە چیڕۆکی بەرهەمە نوێیەکەی دەکات و دەڵێت: ئەو بەرهەمە گۆرانییەکی بەهارییە، حەزم کرد چیڕۆکی ئەم گۆرانییە، پەیوەست بکەمەوە بەو باروودۆخە نەخوازراوەی بەهۆی شەڕەوە رووبەرووی کوردستان بۆتەوە، بۆیە چیڕۆکەکە باسی دوو عاشق دەکات، کە لە سەردەمی جەنگدا لە یەکتری دادەبڕێن، دواتر هەردووکیان پیر دەبن و بەیەک ناگەن، لە ڤیدیۆ کلیپەکەشدا بۆردوومانی گوندیک دەکرێت کە هەمووی ئاڵای کوردستانە، بۆیە پێم باش بوو لەم بەرهەمە نوێیەمدا باسی نەهامەتی میللەتەکەم بکەم لەناو گۆرانییەکی عاشقانەدا.”
شوان قەرەداغی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لەساڵی 1979 لەشاری سلێمانی لەدایک بووە، یەکەم کاری هونەری بۆ ساڵی 1997 دەگەرێتەوە، ساڵی 1999 هاتۆتە شاری هەولێر و دەستی بە کاری هونەری کردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی تۆمارکراوە و تا ئێستاش بەردەوامە.

