ئایا دۆخی زمانی کوردی لە مەترسیدایە؟

ئارام كۆشكی – سلێمانی

پرسیاری مانەوەی کورد وەکو نەتەوەیەک، کە هەمیشە مەترسی لەسەر ژیان و بوونی بووە، پرسیارێکی جەوهەرییە، بەڵام دەبێ زیاتر لە دۆخی مانەوەی کورد وردبینەوە و ئەوسا تێدەگەین کە هۆکاری مانەوەی تەنها پەیوەستی بوونی جەنگاوەری ئازا و مرۆڤی چاونەترس نەبووە، بەڵکو زمانەکەی کۆڵەکەی مانەوە و بەردەوامییەتی لە ژیان. ئەوەی نەتەوەیەک بە زیندوویی دەهێڵێتەوە تەنها جەنگاوەری ئازا و بوونی خاکی بەرفراوان نییە، چونکە دەشێ سەردەمێک بێت و ئەم دوانە لە شکست بدەن و کەم ببنەوە و داگیر بکرێن، بەڵام ئەوەی داگیرکردنی سەخت و دژوارە زمانە و ئیمکانی ئەوەی هەیە نەتەوەیەک بەبێ ئەوەی خاکی هەبێت (یان مابێت)، بەبێ ئەوەی مرۆڤی ئازا و چاونەترسی هەبێت، بتوانێت تەنها بە هێشتنەوەی زمانەکەی ئەمە مسۆگەر بکات.

ئێستا دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکەی ئەم وتارە ئەویش ئەوەیە ئایا دۆخی زمانی کوردی لە مەترسیدایە؟ بێگومان ڕەنگە بەشێک لە نووسەران و توێژەران و کەسانی دیکەش لە چین و توێژە جیا جیاکان پێیان وابێت زمانی کوردی لە مەترسیدا نییە و هەندێک بەڵگەش بخەنەڕوو و (تاڕادەیەک)یش دروستی بۆچوونەکەیان بسەلمێنێت، کە منیش پێموایە زمانی کوردی بەتایبەت لەم بەشەی کوردستان لە زۆر ئاستدا گەشەیەکی بەرچاوی کردووە، بەڵام ئەم گەشەکردنە بەس نییە بۆ ئەوەی زمانێک لە قۆناغێکی زێڕینی خۆیدا بەدەستی بهێنێت و ئێستاش لەم دۆخەدا (یان لەم قۆناغە زێڕینەدا وەک هەندێک باسی دەکەن) چەندین مەترسی دیکەی لەسەرە و ئەگەر پەراوێزخستن و سڕینەوە و بەکارنەهێنانی لەسەرە. بۆ ئەوەی قسەکانم تەنها تیۆری نەبن، بە چەند خاڵێک بۆچوونەکانمبە ڕوونی دەخەمەڕوو:
یەکەم: ڕاستە ژمارەی کتێبی کوردی زۆر بووە و ساڵانە بە سەدان کتێبی جۆراوجۆر چاپ دەکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا ژمارەی خوێنەر بە زمانی کوردی پێ بەپێی کتێبی کوردی زیادی نەکردووە، بەڵکو زیادەڕەوی نییە، کە بڵێین خوێندنەوە بە زمانی کوردی پاشەکشەی کردووە و ئێستا نەوەیەک هەیە تەنها بە زمانی بێگانە دەخوێنێتەوە و گرنگیدان بە زمانی دایکی بۆ گرنگ نییە.
دووەم: راستە ژمارەی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگە بە بەراورد بە 10 ساڵ لەمەوبەر زۆر زیادی کردووە، بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەم قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگایانە (بە حکومی و ئەهلییەوە) بە زمانی کوردی تێیاندا ناخوێنرێت و زۆر بە کەمی خوێنەرێک دەبینی بە زمانی کوردی پەرتوکێکی بەدەستەوە بێت، بەڵکو لە زۆر ئاستدا لە خزمەتی زمانی بێگانەدان، کە ئەمە خاڵی ئەرێنی زۆرە، بەڵام خاڵە نەرێنییەکەی پێگەیاندنی نەوەیەکە لە زمانی کوردی لە بەکارهێنانی سەرەتایترین ئاستدا نازانێت و ئەمەش گرفتی 20 ساڵی ئایندەی ئەم هەرێمەیە.
سێیەم: لە شاری کەرکوک، تا هەنووکەش زمانی کوردی تەعریب دەکرێت و ئەو تەعریبەی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو تەنها مرۆڤی لەسەر خاکەکەی دەسڕییەوە ئێستا لە نوێترین کردەی تەعریبکردندا زمانی کوردی تەعریب دەکرێت و زمانەکەمان لەسەر بەشێکی زۆر لە تابلۆکانی هاتوچۆ سڕدرایەوە.
چوارەم: لە رۆژهەڵاتی کوردستان تا هەنووکەش زمانی کوردی قەدەغەیە و فێرخوازان بەدزی سیستمی سیاسییەوە فێری زمانی کوردی دەکرێن (خۆم چەندینجار لە شارەکانی بانە و سەقز و بۆکان و مەریوان ئەم نموونانەم بینیوە)، لە نوێترین کردەوەشدا مامۆستایەک تەنها لەبەر ئەوەی فێرخوازی فێری زمانی کوردی کردووە بە چەند ساڵێک زیندانیکردن حوکم درا.
پێنجەم: لە باکوری کوردستان تا ئێستاش زمانی کوردی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و ئەگەر تەنها سەرنج لە بیروەرییەکانی موسا عەنتەر و رۆمانی داگیرکردنی تاریکی بدەین، بەتەواوی لەو دۆخەی باکوری کوردستان تێدەگەین، کە چ فاشیزمێک بەرامبەر بە زمانەکەمان لەوێ بەڕێوە دەچێت.
بەدەر لەم خاڵانەی لێرەدا خرانەڕوو تا هەنووکەش ئەگەر بە سەرنجەوە سەیری ناوی زۆربەی دوکان و پێشانگە و مۆڵ و پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بکەین دەبینین ناوی بیانی بەکار دەهێنن و خۆیان بەدوور دەگرن لە بەکارهێنانی ناوی کوردی وەکو ئەوەی بەکارهێنانی وشەی کوردی و زمانی کوردی نەنگی بێت و ڕەنگە ئەمەش بگەڕێتەوە بۆ ئەو (بەئەوروپایبوون) و (بە ئەمریکایبوون)ـە ساختەیەی زۆربەی وڵاتانی جیهانی سێیەمی گرتووەتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، کە زمانی بێگانە بەکاردەهێنن وەکو ئەوەی بیانەوێت خۆیان (مۆدێرن) پیشان بدەن. لەکاتێکدا مۆدێرنبوون لە سەرەتایترین پێناسەدا بریتییە لە نوێکردنەوەی زمانەکە و گەشەپێدان و بەکارهێنانی لەگەڵ زاراوە و چەمکە نوێکانی سەردەم و توانەوەی ئەو چەمکانە لەنێو زمانەکەدا و دۆزینەوەی جێگرەوە بۆیان.
بێگومان دەبێت ئاماژە بەوەش بکەم؛ نابێت خۆشەویستی زمانەکەکان بمانکاتە مرۆڤێکی فاشیستی بەرامبەر زمانانی دیکەش، پێویستە هەموو زمانەکانی دیکەشمان خۆش بوێت، بەڵام شانازی هەرە گەورەمان بەکارهێنانی زمانی کوردییە و بەشانازییەوە بەکاری دەهێنین و خزمەتی دەکەین.

ھەواڵی زیاتر