سێشەممە، 26-11-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نۆ باڵەخانەی نوێی باخچە و قوتابخانەی حکوومەتی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر کردەوە؛ یەکێکیان ئامادەیی ئەحمەد ڕێکانی بوو کە ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەت سەردانی کرد.
سەرۆکی حکوومەت، دوای کردنەوەی ئامادەیی ئەحمەد ڕێکانی و بەسەرکردنەوەی بەشەکانی، لە گوتەیەکدا ئاماژەی کرد بەوەی “لە چوارچێوەی بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە و خوێندن و دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی چەندین قوتابخانەی تر، ئەم قوتابخانەیە دەکەینەوە وەک نموونەیەک بۆ کردنەوەی باڵەخانەی چەندین باخچە و قوتابخانەی نوێ، کە لە سەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێکیشیان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دروست کراون.”
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی مامۆستایانی کوردستانی کرد کە لە کاتە ناخۆش و سەختەکاندا، نەیانهێشت پرۆسەی خوێندن بوەستێت و ئەرکی خۆیان بە دڵسۆزییەوە جێبەجێ کردووە و نەیانهێشتووە قوتابیان لە خوێندن بێبەش بن.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتیشی کردەوە “دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان، ئومێدەوارین بتوانین لە زووترین کاتدا، حکوومەتێکی نوێی بەهێز و خزمەتگوزار پێک بهێنین تاکوو درێژە بە خزمەتگوزارییەکان و بەرنامەکانمان لە کەرتی پەرەوەردە بدەین.”
چوار هەزار و پێنجسەد قوتابی لە ژینگەی نوێی ئەو باڵەخانە نوێیانەی ئەمڕۆ کرانەوە، سوودمەند دەبن کە بەم شێوەیەی خوارەوەن:
یەکەم : 3 باڵەخانەی نوێی قوتابخانەی 18 پۆلی لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە قەزای بنەسڵاوە- گەڕەکی ڕۆشنبیری- گەڕەکی زاگرۆس.
دووەم: 3 باڵەخانەی نوێ : قوتابخانەیەکی 18 پۆلی لە شاری پێشەنگ (هەولێر) و قوتابخانەیەکی 12 پۆلی لە شاری ئازادی نوێ (هەولێر) و باخچەیەکی منداڵان لە شاری ئەتلەنتیک (هەولێر) لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان .
سێیەم : 2 دوو باڵەخانەی نوێی قوتابخانەی 18 پۆلی لە قەزای بەحرکە و هیوا ستی ( هەولێر).
چوارەم: 1 باڵەخانەی نوێی 9 پۆلی لە گوندی دوزتەپە لە ناحیەی شەمامک.