هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

مەحموود مەشهەدانی: بەراورد بە ڕابوردوو هەرێمی کوردستان ئێستە زۆر جیاوازە

هەینی، 22-11-2024، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد. 

د. محموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پێنجەمین کۆڕبەندی مێپس ڕایگەیاند “ئامانجی هەمووان سەردەرکردنە لە ئالنگاری و بەرهەڵستی  کێشەکان، کە لە 7 ی ئۆکتۆبەر و دواتریش کاریگەری لەسەر ئێمە هەبووە.”

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵیت: “ئێمە لە ڕوانگەی خۆمانەوە جیاوازین، لە ڕوانگەی سیاسی، بیرکردنەوەی سیاسی، جوگرافیای سیاسیش، تەنانەت بە پشت بەستن بە زانستەکان بۆ داهاتوو لەگەڵ کارگێڕی و بەڕێوەبردن و دەوڵەتداری، سەرکردایەتیی و بەڕێوەبردنی کێشە و ئاستەنگەکان، جا پرسە سیاسییەکان بن یاخود سەربازییەکان، بۆ دەوڵەت و بۆ گرووپەکان، لە هەموو ئەوانە جیاوازین.”

گوتیشی: “بێگومان ئێمە لەسەر هەموو ئەوانەی کە باسم کردووە کۆک دەبین، ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و ناوچەکە دەبێتەوە لەو چوارچێوەدا بە تایبەت هەرێمی کوردستان، بەر لە 7 تشرینی یەکەمی 2003، زۆر جیاوازە بەراورد بە ئێستە.”

ئاماژەی بەوەش دا “ئێستە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانی بەسەردا هاتووە، گڕکانی ئاڵۆزییەکان لەو شوێنانەی کە هەبوون بەرەو ناوچەی دیکە فراوان بووە، لەهەمانکاتدا ڕێککەوتن و ئاشتییە کۆن و نوێیەکان بایەخیان پێ نادرێت.”

مەحموود مەشهەدانی ڕاشیگەیاند “دۆناڵد ترەمپ، لە سەرۆکایەتیی خولی یەکەمی بەهەمان شێوە بوو، ئیستە سەرۆکایەتیی دووەمی دەست پێ دەکات و دەبێت هەوڵی سیاسی هەبێت، هەروەها ئێمەش خۆمان لە کێشەو قەیران بە دوور بگرین لە ئالنگاریی و ئاستەنگەکان کە تاوتوێ دەکرێن لە چوارچێوەی یاسا سیاسییەکان، بە شێوازێکی ئەکادیمی کەباس لە شکستی ڕژێمی نێودەوڵەتی سیاسی دەکات، بەداخەوە شکستی ئەو ڕژێمە نیودەوڵەتیی شکستخواردوو بوو، کە زیاتر لەسەر جەمسەرگیری بووە، جا ئەمەریکا بووبێت یاخود لایەنی دیکە، کە کێبڕکێکانیان هاوپەیمان بوون، لێوان لێویش بوون لە قەیران، نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەموو ئەو ئاستەنگانە چارەسەر نەبووە نموونەش جەنگی ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕاست و جەنگی غەززە.”

شایانی باسە نزیکەی 124 ئەکادیمیست لە 40 وڵاتی جیاواز بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکەن، کە 73%ـیان بۆ جاری یەکەمە بەشدار دەبن، هەروەها ژمارەیەک پانێل و وۆرکشۆپ لەبارەی دۆخی ئێستەی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچن