شەممە، 16-11-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی خولی چوارەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان گوتی: “خۆشحاڵم بەشداری لە ئاهەنگی دەرچوونی پۆلێکی نوێی پارێزەرانی نیشتیمان و بەشێکی گرنگ و سەرەکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەم.”
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد “ئەمڕۆ ڕۆژێکی تایبەتە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، کە بەرهەمی ماندووبون و ڕەنجی گەورەی دەرچووان و مامۆستایان دەبینین.” گوتیشی: “زۆر خۆشحاڵم کە دەبینینم 769 گەنجی وڵاتەکەمان بە گڕوتینێکی نوێ و چەکدار بە زانست و دیسپلینی سەربازی لەم کۆلێژە بەتوانایە دەردەچن.”
باسی لەوەش کرد “ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە، لەو دەرچووانە 48 یان خانمن، ئەوان دوای نۆ مانگ خوێندن و ڕاهێنان بەپلەی ملازم دەردەچن، هەروەها خوێنێکی نوێ بەبەر هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا دەکەن.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕاشیگەیاند، “خواستی ئێوە بۆ پەیوەندی کردن بە کۆلێژی سەربازییەوە، دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، نیشانەی دڵسۆزی و هەستی قوڵی نیشتیمانی و بەرپرسیارەتی ئێوەیە.”
جەختیشی کردەوە “ئێوە ڕێگەیەکی سەختتان هەڵبژاردووە، کە ڕێگەی خزمەتکردنی نیشتیمان و پاراستنی دەستکەوت و بەها باڵاکانی گەلەکەمانە، ئەمەش سەرەتای وەرچەرخانێکی گرنگ و پێویستە لە مێژووی پێشمەرگایەتی و هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان.”
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت: “ئافرەتانی کوردستان بەدرێژایی مێژووی خەباتی گەلەکەمان، سەلماندوویانە کە هاوبەشی سەرەکی و کاریگەرن لە بونیادنانی نیشتمان و بەرگریکردن لە خاک وڵات.”
سەرۆکی هەرێم لە درێژەی وتارەکەیدا گوتی: “پێشمەرگە لە ڕۆژی دامەزراندنی تاوەکوو ئەمڕۆ، ئەو هێزە شکۆدارە، بەردەوام قەڵغانی پۆڵاین و پتەو بووە بۆ پاراستنی کوردستان و دەستکەوتەکانی.”
ڕاشیگەیاند، “ئێمە لە هەرێمی کوردستان باوەڕێکی قوڵ و پتەومان هەیە، کە پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانمان، پێویستە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی و پیشەیی سەربەخۆ بن هەروەها دەبێت دووربن لە هەموو جۆرە ناکۆکی و ململانێی سیاسی و حزبی، ئەو هێزە دەبێت سەر بە نیشتیمان و گەلی کوردستان بن بەهەموو پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستانەوە.”
دەشڵێت: “پێشمەرگە بەشێکی گرنگ و سەرەکین لە سیستەمی بەرگری عێراق، بۆیە ئەرکی عێراقە لە هەموو ڕووێکەوە پشتگیری بەهێزکردنی پێشمەرگە بکات”، ئاماژەی بەوەش کرد “ئێمە بەشێوەیەکی جیددی کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی توانا و پەرەپێدانی کارامەیی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی بتوانن بەباشترین شێوە بەرەنگاری ئالنگارییەکان ببنەوە.”
نێچیرڤان بەردەوام بوو لە وتارەکەی و گوتی: “پیشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و هێزەکانمان لەشەری دژە تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی داعشدا بەکردەوە و خوێنی خۆیان سەلماندیان کە لە ئاستی بەرپرسیارەتی و مێژوویی دان و خوێنی پێشمەرگە لە هەموو شوێنێکی کوردستان تێکەڵ بوو، یەک کەس پرسیاری نەدەکرد کامە سەوزە و کامە زەردە، هەموویان لەپێناو خزمەتکردن بە وڵات و بە کوردستان خوێنیان بەخشی.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی ڕاگەیاند “جەخت لە گرنگی و بەردەوامی و هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەینەوە؛ هەروەها سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین لە هەوڵەکانیان بۆ چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ببن بە هێزێکی نیشتیمانی و پارێزەری دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان.”
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد “دوای شەڕە یەک لەدوای یەکەکان، ئێستا عێراق پێویستی بە ئارامی و سەقامگیری هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت خێر و بێری وڵات بۆ پێشکەوتنی وڵات بەکار بهێنێت.”
لەبارەی قۆناغی دوای هەڵبژاردن سەرۆکی هەرێم گوتی: “بەڕەچاوکردنی قۆناغی سیاسی هەستیاری دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بوو، داوا لە هەموو هێزە سیاسییە براوەکان دەکەم کە بەرژەوەندی باڵای نیشتیمان لەسەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن و گفتوگۆیەکی جیددی و بەرپرسیارانە و بونیادنەر دەست پێ بکەن، بۆ پێکهێنانی حکوومتێکی بەهێز و کارا.”
گوتیشی: “جەخت لەسەر پێویستی و گرنگی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسییەکان دکەمەوە.”