وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند: ئەو قوتابییانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن، بۆ مەبەستی بەشداری لە پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ هەینی 15ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستا، لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە: ئەو قوتابییانەی کە لە دەرەوەی وڵاتن بۆ مەبەستی خوێندن، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان تا بەشداریی لە پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان بکەن.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، قوتابییان دەتوانن بۆ ماوەی 10 ڕۆژ لە ڕێکەوتی 16 تاوەکوو 26ـی ئەم مانگە لە هەرێمی کوردستان بن، هەروەها ئەو ماوەیەیان بە ماوەی مانەوە بۆ هەژمار دەکرێت.
پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە ڕۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیش بەڕێوە دەچێت، هەروەها لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە قەدەغەی هاتووچۆ دەبێت لە سەرتاسەری وڵات.
ڕۆژی پێنجشەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2024، حکوومەتی هەرێمی کوردستان 9 ڕۆژ پشووی فەرمانبەران و قوتابییان کە دانیشتووی ناوچەکانی ماددەی 140 ڕاگەیاند.
پشووەکە لە ڕۆژانی 15 تاوەکوو 23 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە ڕێکخراو، کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت دەکات، بۆ ئەوەی کارئاسانی بکەن بۆ کارمەندەکانیان کە خەڵکی ناوچەکانی ماددەی 140ـن، بۆ ئامادەنەبوون لە هەمان ماوە تا بتوانن بەشدار بن لە پرۆسەی سەرژمێری.