بیست مانگە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێی بەندەری جەیهانەوە وەستاوە و زیانی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر عێراق لە ملیاران دۆلارەوە خەریکە بۆ دەیان ملیار دۆلار دەگۆڕێت و تا زیاتر دوا بکەوێت ئەوا زیانەکانیش زیاتر دەبن. بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت داهات بەرز دەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێ یەکێک لە دەرهاویشتەکانی سەردانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بێت.
یەکێک لە گرنگترین ئەو پرسانەی لە سەردانی دوێنێکەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پاڵ چەند پرسێکی گرنگی دیکە باس کرا پێوەست بوو بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە وەستاندنەکەی ملیاران دۆلار زیانی بە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
لە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەپاڵ کێشە و پرسەکانی تایبەت بە مووچە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵ، ئامادەکارییەکان بۆ سەرژمێریی گشتی، باسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان کراوە کە بیست مانگە وەستاوە. هەر دوو سەرۆکوەزیران پێداگرییان لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە زووترین کات و نەهێشتنی ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم پڕۆسەکە کرد، بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بێت.
جێی باسە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گوشارێکی نێودەوڵەتیش هەیە و وڵاتانی ڕۆژئاوا خوازیارن بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان جۆرێک هاوسەنگی بۆ دابینکردنی نەوت بگەڕێتەوە و سەقامگیریی بازاڕی نەوتی پێ تۆکمەتر بکرێت.
لە بیست و پێنجی مانگی ئاداری ٢٠٢٣ەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە بەندەری جەیهانەوە وەستێنراوە کە بەیەکەوە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەناردە دەکرد. ئەگەر زیانی هەر مانگێکی هەناردەی نەوت بە ملیارێک دۆلار بخەمڵێنرێت، ئەوا کۆی زیانەکانی دەگاتە بیست ملیار دۆلار کە دەکرا بەهۆیەوە ژێرخانی ئاوەدانکردنەوە و ئابووری و عێراق و هەرێمی کوردستانی پێ بەهێز بکرێت.
چەند مانگێکی یەکەمی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێوەندی بە حکوومەتی تورکیاوە هەبوو کە لەبەر بڕیاری دادگای فڕەنسا وەستاندی، بەڵام دواتر تورکیا ڕەزامەندی دەربڕی لەوەی لاری نییە نەوتەکە هەناردە بکرێت، ئەم جارە ناکۆکیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت لەمپەری سەرەکیی هەناردەی نەوت بوو.
ئەرکی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەدوای ڕێککەوتنی ساڵی ڕابردووی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی سپێردراوە و ئەرکی حکوومەتی عێراقیشە خەرجیی دەرهێنان و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان بە گوێرەی گرێبەستەکان دیاری بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان جیاوازی لەگەڵ گرێبەستەکانی حکوومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیاکاندا هەیە ئەوا حکوومەتی عێراق ئامادە نەبووە بە هەمان گرێبەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکاندا کار بکات و لە یاسای بودجەشدا بە ڕوونی ئەم بابەتە یەکلایی نەکراوەتەوە.
قەبارەی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لەمساڵ و ساڵی ڕابردووشدا لەو بڕە کەمترە کە لە بودجە دیاری کراوە و ئەمەش کاریگەریی خراپی بۆ سەر بودجە هەبووە. لە یاسای بودجەدا ئەوە چەسپێنراوە کە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە چوار سەد هەزار بەرمیل ڕادەستی سۆمۆ بکات.
عێراق بە دووەم هەناردەکاری نەوت لە نێو وڵاتانی هەناردەکاری ئۆپێک هەژمار دەکرێت و بە ڕەوانەکردنەوەی نەوتی کوردستان پێگەکەی بەهێزتر دەبێت.
یەکێک لە لەمپەرەکانی بەردەم هەناردەی نەوت وەک لە سەرەوە باس کرا پرسی خەرجییەکانی دەرهێنانی نەوت بووە. هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەر بۆ ئەو مەبەستە کۆبۆوە و دەنگیان لەسەر بابەتێکدا لەسەر هەمووارکردنەوەی بڕگەیەکی مادەی دوازدە دا کە تایبەتە بە تێچووی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. پێشتر باس لەوە کرابوو کە هەموو تێچووەکان هاوشێوەی عێراق بکرێت بکرێت، بەڵام گۆڕانکارییەکە ئەوەیە تێچووەکە دەستکاری دەکرێت، بە ڕێگای نێودەوڵەتی ڕاوێژکاری هونەری ڕێککەوتن دەکرێت لە لایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتیی سامانە سروشتییەکان.
هێشتا بە وردی دیار نییە ڕێککەوتنەکان چین و بە چ ڕێکارێک دەست بە هەناردەی نەوت دەکرێتەوە بەڵام دەستپێشخەریی حکوومەتی عێراق بۆ ئەو پرسە هێمایە بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەم ڕووەوە لە سەر ڕێککەوتنێک ساغ ببنەوە کە جێبەجێکردنەکەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر سەقامگیری لە پرسی بودجە و داهات و بەگەڕ خستنەوەی پڕۆژەکانیش دەبێت و دڵەراوکێی دواخستنی مووچەش لەناو دەبات.