هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 15, 2024

حزبە کوردستانییەکان داوا دەکەن کەرکووکییەکان لە ڕۆژی سەرژمێری بێنەوە شارەکە

حزبە کوردستانییەکانی کەرکووک داوا دەکەن خەڵک لە ڕۆژی سەرژمێری لە کەرکووک ئامادە بن، بۆ ئەوەی لە شوێنی خۆیانەوە بەشداریی لە پرۆسەی سەرژمێریی بکەن.

دوای کۆبوونەوەی پارت و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک، شوان محەمەد کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، داوایان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەم پرسە، بایەخێکی تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بدرێت، گوتیشی: سەرژمێری پرسێکی گرنگە و داوا لە خەڵکی کەرکووک دەکەن، لە ڕۆژی سەرژمێری لە کەرکووک ئامادە بن.

چوارشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2024، شوان محەمەد کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان گوتی: حزبە کوردستانییەکانی پارێزگای کەرکووک، لەبارەگای لقی 3ـی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووینەوە سەبارەت بە پرسی سەرژمێری، گوتیشی، پرسی سەرژمێری پرسێکی گرنگە تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکان، لەو کۆبووینەوەیەدا میوانداریی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فەهمی بورهان، سەرۆکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، سیروان محەمەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانمان کرد.

ڕایگەیاند کە، لەو کۆبووینەوەیەدا، بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقمان تاوتوێ کرد و بیر و ڕای خۆمان لەسەری دەربڕی، هاوکات سوپاسی حکوومەتی هەرێم کرا کە دڵسۆزانە کاریان لەسەر پرۆسەکە کردووە، داوایان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش کرد، زیاتر کار بۆ سەرخستنی پرۆسەکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەروەی ئیدارەی هەرێم بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی هەموو ئەو ڕێکارانەیان کردووە کە حزبە کوردستانییەکان ڕایان لەسەر بوو، پێیان وابوو کە هاووڵاتییانی شاری کەرکووک لەهەر شوێنێک بن، لە ڕۆژی سەرژمێری بێنەوە شاری کەرکووک و سەرژمێری لە پارێزگاکەی خۆیان بکەن.