هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 15, 2024

ترەمپ پێشکەشکارێکی کەناڵی فۆکس نیوز بە وەزیری بەرگری دەست نیشان دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ‘پیت هێگسێت’ پێشکەشکاری کەناڵی فۆکس نیوز وەک وەزیری بەرگری لە حکوومەتەکەیدا دەستنیشان دەکات.

ترەمپ لە بەیاننامەیەکدا گوتی: “شانازی دەکەم کە ڕایدەگەیەنم ‘پیت هێگسێت’ بۆ پۆستی وەزیری بەرگری کاندید دەکەم، پیت کەسێکی توند و زیرەک و باوەڕی بە دۆخی ئەمەریکا هەیە، دوژمنانی ئەمەریکا دەزانن کە هێزەکانمان جارێکی تر مەزن دەبێتەوە”.

هێگسێت لە سوپای ئەمەریکا لە گوانتانامۆ و عێراق و ئەفغانستان کاری کردووە، لە ساڵی 2003 تا 2012 بەردەوام بووە و وەک “هەڵۆی جەنگ” وەسف دەکرێت، بەو پێیەی لایەنگرێکی بەهێزی ئیسرائیلە و پێی وایە ئیسرائیل دەبێت “غەززە لەناو ببات”، هاوکات پێشتر داوای لە ئەمەریکا کردبوو ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران.

پیت هێگسێت بۆ ماوەی 8 ساڵ وەک پێشکەشکاری بەرنامە لە کەناڵی فۆکس نیوز کاری کردووە.

کاندیدکردنی ترەمپ بۆ پۆستە حکومییەکان پێویستی بە ڕەزامەندی کۆنگرێس هەیە، کە هێشتا دڵنیا نییە کێ کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران دەگرێتە دەست و تا ئێستا هەندێک کورسی یەکلایی نەکراونەتەوە.