یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت ئامادەکاریەکانی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان تەواو کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

ئەو شاندە تایبەتییەی پارتی کە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکھێنانی کابینەی دەیەم پێکھێنراوە، دەست دەکات بە سەردان و گفتوگۆ لەگەڵ سیاسییەکان، ئامانجی پارتی، گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنی ھاوبەش بۆ ئەوەی ھەرچی زووە ڕێکارەکانی کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دەست پێ بکرێن. سەرۆک بارزانی لە بارەی ھەڵبژاردنەوە پەیامێکی ئاراستەی ھەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان کرد و گوتی: کاتی ئەوەیە بە گوێرەی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن گفتوگۆ لە نێوان ھەموو لایەنەکان بکرێت کە یەک ھەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت و یەک ھێزی پێشمەرگە، بنەمای حکوومەتی داھاتوو دەبێت.

ھەرێمی کوردستان خزمەتێکی زۆری کراوە و ئێستاش شارەکانی ھەرێمی کوردستان بەراورد بە شارەکانی عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، نموونەن، بۆیە حکوومەت خزمەتێکی زۆری پێشکەشی خەڵکی کوردستان کردووە، ھەر ئەمەش وای کردووە خەڵکی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لەبەرچاو بێت و دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بدات و پارتیش ئەو سەرکەوتنە گەورەیە تۆمار بکات، پارتی لە پێناوی یەک حکوومەت و یەک ھێزی پێشمەرگە و پەرلەمان و کوردستانێکی بەھێز، کار دەکات بۆ ئەوەی بە زوویی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبێت، کە ئەمە خواستی کوردستانیانە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، زۆرینەی دەنگی خەڵکی کوردستانی بەدەست ھێنا و بەراورد بە ھەڵبژاردنی ڕابردووش دەنگی زۆر زیادی کردووە، لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا لە کۆی ١٠٠ کورسی، ٣٩ کورسیی بەدەست ھێناوە.
لە کۆنگرەی پزیشکی میزۆپۆتامیا سەرۆک بارزانی لە بەشێکی گوتارەکەیدا لە بارەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گوتی: ئێمە شانازی دەکەین کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کەشوھەوایەکی زۆر ئارام و ئازاددا کرا و ھیچ گرفتێکی وەھا ڕووی نەدا، کە زۆر کەس تەسەوریان دەکرد گرفتی زۆر گەورە بێتە پێشەوە، کە ھەڵبژاردن ھەر نەکرێت.
سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا پەیامێکی ڕاگەیاند کە ئیستحقاقی ھەڵبژاردن پێوەری دەبێت و گوتی: ئەوەی لە ھەمووی گرنگترە ئەوەیە حکوومەتی داھاتوو، دۆخی ھەرێمی کوردستان بۆ داھاتوو دەبێت لەسەر ئەم بنەمایانە بێت، یەک ھەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت و یەک ھێزی پێشمەرگە.
مەکتەبی سیاسی پارتی لیژنەیەکی بۆ دانووستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت پێک ھێناوە، لیژنەکە لەلایەن ھۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی سەرۆکایەتی دەکرێت، ھەریەک لە پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دڵشاد شەھاب و ئومێد سەباح ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشدارن لە لیژنەکە.
بڕیاروایە دوای یەکلاکردنەوەی تانەکان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە، لیژنەکە بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەبارەی پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکات.
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: ھەموو لایەنەکان لەم وڵاتە شەریک و ھاوبەشی یەکترن، پارتی لە ھەوڵەکانی بۆ پێکھێنانی حکوومەت بەردەوام دەبێت، پێی وابوو کە پارتی و لایەنەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەبێت سازش قبووڵ بکەن، چونکە ھەموو لایەنەکان لەم وڵاتە شەریک و ھاوبەشی یەکترن، دۆستەکانمان چاوەڕێی ئەوە دەکەن زوو حکوومەت پێک بێت، سەرکەوتن بەرپرسیاریەتییە و ھەڵبژاردن تەنھا بۆ کورسی نییە، بەڵکو بۆ بەرجەستەکردنی دیموکراسییە.
چاودێران دەڵێن، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ھۆی ئەو خزمەتە گەورەیەی پێشکەشی خەڵکی کوردستانی کردووە، سەرکەوتنێکی گەورەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە، چونکە خەڵکی کوردستان خزمەتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لەبەرچاوە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن پێشنیازی سەرۆک بارزانی خواست و داواکاری خەڵکی ھەرێمی کوردستانە.
سیھاد فەھد، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پێویستە ئەمجارە پێکھێنانی حکوومەت لەسەر بنەمای کورسییەکان و زۆرینەی دەنگەکان بێت، بەمشێوە حکوومەت پێک بھێنرێت، بەوەش زیاتر خزمەتی خەڵکی کوردستان دەکرێت، لە ھەمان کاتدا خەڵکەکەش وا ھەست دەکات کە دەنگی داوە، دەنگەکەی پارێزاوە و خزمەت دەکرێت، نەک حزبێک ببێتە یەکەم و حزبی دووەم و سێیەمیش ئەوەندەی ئەو بەرکەوتەی لە حکوومەت ھەبێت، ئەوە لە ڕابردوو ھەبووە، ئەوەش دەنگدەری حزبی یەکەمی تۆڕە کردووە، بۆیە ئەمجارە پێویستە ھەر حزبێک بەپێی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن پۆستی پێ بدرێت.
دەشڵێ: ھاووڵاتییان چاوەڕوانن ھەرچی زووە حکوومەت پێک بھێنرێت، لەبەر ئەوەی زیاتر دەتوانێت خزمەتی ئەوان بکات، لەوانەش نووسینەوەی دەستوور، یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە و یەکخستنی ئیدارەیە لە ھەموو شوێنێک.
د. دڵشاد سەوری، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: پارتی ھەمیشە ویستوویەتی کوردستان بەھێز بێت، ھەر کاتێکیش پارتی بەھێز بووبێت، کوردستان بەھێز بووە، بۆیە خەڵکی کوردستان لەم ھەڵبژاردنەدا متمانیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان دایەوە، تا کوردستان بەھێز بێت، ئێستا لە پێناوی یەک حکوومەت و یەک ھێزی پێشمەرگە و پەرلەمان و کوردستانێکی بەھێز، کار دەکات بۆ ئەوەی بە زوویی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبێت، کە ئەمە خواستی ھاووڵاتییانە.
ئەو چاودێرە، جەختیشی لەوەکردەوە: ئەگەر تەماشای ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بکەین پارتی دەنگی زۆر زیادی کردووە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە خەڵک باوەڕی بە کارەکانی ھەیە و داوای کاری زیاتر و چاوەڕوانی زیاتری لێ ھەیە و دڵی بەو پڕۆژانە خۆشە کە لە کابینەی نۆ کراون، چاوەڕێ دەکات پڕۆژەکان لە کابینەی داھاتوو تەواو بکرێن، خەڵک بۆیە دەنگی بە پارتی داوە، بۆ ئەوەی پارتی لە کارەکان و خزمەتکردن بەردەوام بێت، پێویستە ھەموو حزب و لایەنەکان پشتگیری لە پێشنیازی سەرۆک بارزانی بکەن بۆ ئەوەی سەرجەم دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان یەکبخرێن و حکوومەتیش دەستەڵاتی لەسەر ھەموو ھەرێمی کوردستان ھەبێت، یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە خواستی ھەموو تاکێکی کوردە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ھەرێمی کوردستان بکات، بۆیە گرینگە ھەموو دامودەزگاکان ڕێکبخرێنەوە و پەرلەمانێکی یەکگرتووشمان ھەبێت، ئەگەر ناکۆکی ناوخۆییشمان ھەبێت، بەڵام لەڕووی نیشتمانی و نەتەوەیی یەک بۆچوونمان ھەبێت، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ھەرێمی کوردستان.