هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 15, 2024

خەڵاتی ڤلادیمیر پۆتین بەخشرایە خانمە گۆرانیبێژێكی كورد

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

خەڵاتی سەرۆكی ڕووسیا ڤلادیمیر پۆتین لە كۆشكی كرملین درایە (زارا)ی خانمە گۆرانیبێژی كورد؛ زارا لەم بارەیەوە ڕاگەیێنراوێكی بڵاو كردەوە دەڵێت: كە ڕووداوێكی گرنگ و بەرپرسیارانە بۆ من ڕووی دا. لە هۆڵی كاترینی كرملین، لەلایەن سەرۆكی دەوڵەتەوە – ڕێكخراوی دۆستایەتی – دەستخۆشییەكی زۆرم لێ كرا. خەڵاتەكان لەلایەن سێرگی ڤلادیلێنۆڤیچ كریێنكۆ پێشكەش كران.

دەشڵێت لە نەریتەكانی ڕۆژهەڵاتدا گەورە بووم. دەیان كولتوور و نەریت و نەتەوە بەشێكی دانەبڕاون لە دەوڵەتی ناوازەمان. بۆ من مۆسیقا زمانێكی گشتگیرە؛ سنوور و نەتەوەی نییە، چالاكییەكانم هەمیشە بە ئامانجی یەكخستنی خەڵك بووە و دەبێت. من هەمیشە قەناعەتم هەبووە كە ئەوە كولتوورە لە سەختترین كاتەكاندا مرۆڤەكان كۆ دەكاتەوە و یەكیان دەخات. دووبارە سوپاس بۆ هەڵسەنگاندنێكی وەها بەرز بۆ چالاكییەكانم. من هەموو هەوڵێك دەدەم بۆ پەرەپێدانی گفتوگۆی نێوان كولتوورەكان و دۆستایەتی نێوان گەلان لە بەرژەوەندی كۆمەڵگای ڕووسیا.
جیگای باشە زارا لە ئەرمینیا لەدایك بووە، كچە كوردێكی ئێزدی ئاوارەكانی ئەرمینیا بووە پاشان ھەر بە ئاوارەیی ڕوی لە سەن‌پیتەرزبۆرگ كردووە و لەو ھەرێمە گەشەی بە ژیانی خۆی داوە، لە ساڵی ٢٠٠٤ ھاوسەرگیری لەگەڵ سێرگی ڤلادیمیرۆڤیچ ئەنجام داوە و، ھەر بەھۆی ئەمەوە ئایینی خۆی گۆڕیوە و، بووەتە مەسیحیەکی ئەرتەدۆكس؛ دوای ساڵێكیش لێك جیا بوونەتەوە.