هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 15, 2024

سوودانی بۆ جاری چوارەم وەکوو سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی هەولێر دەکات

سبەینێ سەرۆکوەزیرانی عێراق دێتە هەولێر و چەندان پرس لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات. 

بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، 12-11-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.

چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆک وەزیران؛ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مووچە و بودجەی فەرمانبەران، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، هەناردەکردنەوەی نەوت و چەندان پرسی دیکە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.

پێشتر پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، سەردانەکەی سوودانیی بۆ هەولێر “گرنگ و ئەرێنییە و پەیوەندیی بە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە هەیە.”

هەورامانی ئاماژەی بەوەش کردبوو “ئەو لێکتێگەیشتنە باشەی لە ماوەی ڕابردوودا لەنێوان هەردوو سەرۆک وەزیران سوودانی و مەسرور بارزانیدا هەبووە، لە خزمەت چوونە پێشەوەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی و حکوومەتی فیدراڵ بوو.”

سوودانی لەوەتەی بووەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق سێ جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، دواهەمین جار، ڕۆژی 09-11-2023 بوو.