شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

سەرۆک بارزانی: دانیێل میتران ڕۆڵێکی زۆر گەورەی بینی لە بەرگریکردن لە دۆزی گەلی کورد

سەرۆک بارزانی لە یادی 100 ساڵەی لە دایکبوونی دانیال میتران ڕایگەیاند، “خاتوو میتران ڕۆڵێکی زۆر گەورەی بینی لە بەرگریکردن لە دۆزی گەلی کورد و خۆمان بە قەرزاری دەزانین”. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 12-11-2024، لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یادی 100 ساڵەی لە دایکبوونی دانیال میتران، هاوسەری فرانسوا میتران، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا بەڕێوە چوو.

سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، “خاتوو دانیال میتران مافێکی زۆری لەسەر ئێمەی خەڵکی کوردستان هەیە؛ ڕۆڵێکی زۆر زۆر گەورەی بینی لە بەرگریکردن لە دۆزی گەلی کورد. هەرچی لە توانایدا بوو، کردی و من دڵنیام دەیویست زۆر زۆر زیاتر بۆ کورد بکات، بەڵام دیارە مەجال هەر ئەوەندە هەبوو”.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، دوای پرۆسەی ئەنفال، لە ساڵی 1989 بۆ یەکەم جار لە فەرەنسا چاوی بە دانیال میتران کەوتووە. وەکوو خۆی گوتی، “کاتێک ویستم باسی ئێش و ئازارەکانی گەلی کوردستانی بۆ بکەم، تەماشام کرد، ئەو زۆر ئاگادارە و پێویستی بە شەرح نییە. ئەو کە باسی کرد چووەتە یەک دوو ئۆردۆگا لە دەوروبەری دیاربەکر و باسی خەڵکەکەی کرد، فرمێسکی هاتە خوار. بە ڕاستی بۆ من شتێکی تازە بوو، یەکەم جار بوو ببینم کەسێکی ئەورووپی فرمێسک بۆ کورد بڕێژێت. ئەمە زۆر کاریگەریی لێ کردم”.

سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: “خۆمان بە قەرزای خاتوو میتران دەزانین.. تا ئەو کاتەی کۆچی دواییشی کرد، دۆزی گەلی کوردستان، لە کارە پێشینەکانی بووە”.

وەکوو ئەوەی سەرۆک بارزانی باسی کرد، کاتێک ساڵی 1992 بۆ جاری یەکەم چاوی بە فرانسوا میتران، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا کەوتووە، پێی گوتووە “بە دڵنیاییەوە بە خەڵکی کوردستان بڵێ، دۆستێکی بە وەفاتان لە ئیلیزێ هەیە”.