ئافرەت وسیاسەت، بەشداركردن یان بەشداری پێكردن

بێریڤان حمید قادر

کاتێک باسی مافی ئافرەتان دەکرێت خێرا قسە دێتە سەر ئەوەی ئاخۆ ڕێژەی ئافرەتان لەفان دەزگا و دامەزراوە چەندە؟ چەند وەزیر ئافرەتە و چەند پۆسی باڵا بەدەست ئافرەتەوەیە؟ ئەمەیش ئەکرێتە پێوەرێک وئاستی بەشداری ئافرەتی پی دەپێورێت کە تا چ ڕادەیەک لە مافەسیاسیەکانی بەهرەمەند بووە!
لەڕاستیدا مافی سیاسی یەکێکە لەو مافە بنەڕەتیانەی کە نابێ ئافرەتان فەرامۆشی بکەن، چونکە بنەمایەکی زۆر گرنگە بۆ گەیشتن بەمافەکانی تر و کایەی سیاسی کاریگەری لەسەر کۆی کایەکانی تری کۆمەڵگه هەیە و نەخشەی گشتی ژیانی وڵات لەڕێگەی مەیدانە سیاسیەکەوە دەکێشرێت، بۆیە ئەم بوارە بۆ ئافرەتان پڕ بایەخە، بەڵام ئەوەیش گرنگە کە کامە ئافرەت و بەکام پێوەر دەچێتە جومگە سیاسییەکان و چەند دەتوانێ خزمەتی دۆزی ئافرەتان بکات؟ بۆیە بەبڕوای من گرنگی سەرەکی بەشداری سیاسی ئافرەتان لەوێوە دەردەکەوێت کە بەهۆشیارییەوە بەشداری کایەی سیاسی بکات و خۆی بسەلمێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت لە کایە سیاسییەکە و دامودەزگا سیاسییەکاندا، نەوەک لەبری بەشداریکردنی خۆی و بەتوانای خۆی، بەشداری پێ بکرێت و لەبری ئەوەی ببێتە سەلێمێنەری تواناکانی ئافرەت بن ببنە کۆسپ لەڕێگەی دەرکەوتنی
ئافرەتانی بەتوانا و لێهاتوو.
لێرەدا مەبەستەکە ڕوونە، کاتێک دەوترێ بەشداری سیاسی ئافرەت واتا بێ بەشنەبوونی ئافرەت لە مافەسیاسییەکانی، ئەمەش بەواتای گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ کایەی سیاسی و پێدانی سیمایەکی وەها بەو کایە گرنگە کە تەنها موڵکی یەک ڕەگەز نیە، ئیتر ئەو کارەکتەرەی ئافرەت کە دێت و لەم کایەیەدا چالاکی دەکات دەبێت دەربڕی خواستەکانی ئافرەتان بێت نەک جێگە ڕەزامەندی ڕەگەزی بەرانبەر بێت!
هەرکات ئافرەتی چالاک لەکایەی سیاسیدا بەئاگا و هۆشیار بوو دەربارەی کێشە و گرفتەکانی ئافرەتان و ئەوا دەتوانێت ببێتە پەیژەی سەرکەوتنی ئافرەتانی تر بەرەو سەرکەوتن، دەتوانێت توانا جۆراوجۆرەکان لێرە و لەوێ بدۆزێتەوە و پەرەیان پێ بدات و کارئاسانی سەرکەوتنیان بۆ بکات، دەبێتە سایە بۆ ئەو توانا بچوکانەش کە هەیە و گەشەیان پێ دەدات و دواجار بواری بەشداریکردنەکە بە شێوەیەکی ئەکتیڤ وڕاستەقینە فراوان دەکات، هیچ کاتیش نابێتە بەربەست و جیاکاری ناکات لەسەر بنەمای بیروهزر و بۆچوونی جیاواز، بەڵکو بنەمای سەرەکی لەلای دەبێتە توانا و لێهاتوویی و ڕەگەزی مێینە، خەمی سەرەکیشی ئەوە دەبێت چۆن بتوانێت زۆرترین دەرفەرت بۆ زۆرترین ژمارە لە ئافرەتان فەراهەم بکات. ئەوەی ئێستا لەکوردستان هەیە لەبواری یاسایی وئیداری زەمینەیەکی باش و لەبار هەیە بۆ بەشداری سیاسی ئافرەتان و کارکردنیان لەو بوارەدا، یاسا ڕێژەی کۆتای بۆ ئافرەتان
داناوە لە پەرلەمان و پارێزگاکاندا و حیزب و لایەنەکانی ناچارکردوە نوێنەری ئافرەتیان هەبێت، هەروەها حیزبەکان لەناوخۆیشیاندا بۆ ئۆرگانەکانی خۆیان ڕێژەی کۆتا دادەنێن لە کۆنفرانسەکانیان بۆ ئافرەتان، ئەمانە دەبنە زەمینەی لەباری گەیشتنی ئافرەت بەناوەندی بڕیار لەحکومەت و لەحیزبەکانیش، بەڵام تێبینی ئەوە دەکرێت زۆرجار بابەتەکە ئەوەندەی ژمارەیە ئەوەندە نوێنەرایەتیەکی ڕاستەقینەی ڕەگەزی ئافرەت نیە، چونکە هەمیشە جۆرێک لە پاشکۆیەتی ئافرەتان لەو دەزگایانە بۆ پیاوان هەیە جا ڕاستەوخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ، ئافرەتان لەو پلە باڵایانەیشدا ناتوانن یان نەیانتوانیوە سەربەخۆیانە مامەڵە بکەن، کە بەبڕوای من ئەمەش بەشی هەرە زۆری دەگەڕێتەوە بۆ خودی ئافرەتەکان کە متمانەیان وەک پێویست بەخۆیان نیە یان ناتوانن بەشێوەیەکی دروست کەڵک لەو دەرفەتانە وەرگرن، بۆیە لەکۆتاییشدا تەنها دەبێتە بەشداریەکی ڕواڵەتی ئافرەتان و تەنانەت دەبێتە بەشداری پێکردنیان لەسایەی ئیرادەیەکی باڵاتردا، نەک بەشداری ڕاستەقینەی خۆیان.
چارەسەرکردنی ئەم بابەتە پێویستی بەتێگەیشتنی قوڵی ئافرەتان هەیە لە تواناکانی خۆیان و پەرەدان بەهزری خۆیان خۆڕۆشنبیرکردنیان بە مەعریفەیەکی وەها بتوانن لەکایەی سیاسیدا ڕۆڵی سەربەخۆ و خاوەن خزمەت بەئافرەتان بگێڕن، بۆیە ئەو هەڵمەت وچالاکیانەی کتێب خوێندنەوە کە ڕێکخراوەکانی ئافرەتان دەیکەن دەروازەیەکی باشن بۆ گەشەپێدانی زیاتری تواناکانی ئافرەت و هاندانی بۆ بەشداری سیاسی ڕاستەقینە.

ھەواڵی زیاتر