پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 14, 2024

زانكۆی سلێمانی باوەشی بۆ هونەرمەندانی كوردستان و عێراق كردەوە

كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سلێمانی پێشانگایەكی هاوبەشی بۆ هونەرمەندانی شاری سلێمانی و ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق كردەوە و هونەرمەندانیش باسی جیاوازیی كارە هونەرییەكانی هەردوولا دەكەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە هۆڵی كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سلێمانی، پێشانگایەكی تایبەت بۆ ژمارەیەك هونەرمەندی شێوەكاری شاری سلێمانی و عێراق كرایەوە، هونەرمەندانی بەشداربوو دەڵێن، سروشت و، كەشوهەوا واتە پلەی گەرما و سەرما، كار دەکاتە سەر هونەرمەندان.
شاری سلێمانی بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2012وە بە پایتەختی رۆشنبیریی كوردستان ناسراوە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا زۆربەی كات كاری هونەری لە شاری سلێمانی لەبرەودایە و هونەرمەندانیش ئەم پێشانگایانە بۆ ئاڵوگۆڕی زیاتری كولتووری بە گرنگ دەزانن.
د. رێبوار سەعید، شێوەكاری ناسراوی كورد بە (هەولێر)ی راگەیاند، كردنەوەی ئەم پێشانگایانە بۆ ئاشنابوون بە كارەكانی یەكدی زۆر گرنگە، چونكە دەبێت ئەوە بزانین كە هونەر ڤیزەی ناوێ و هەموو سنوورەكان دەبڕێت، بەڵام بە داخەوە لای كورد نەتوانراوە وەك پێویست سوودی لێ ببینرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەیش كرد، شوێنی جوگرافی كاریگەری لەسەر تابلۆی شێوەكاران هەیە، بەو پێیەی كوردستان ناوچەیەكی شاخاوییە و گەرمترە بۆیە تابلۆكان رەنگی سروشت و شاخ و رووبار و گەرمی بەسەریاندا زاڵە، دیارە بەشێكی دیكەی تابلۆكانیش پەیوەندیی بە دنیابینیی هونەرمەندانەوە هەیە.
هونەرمەند بەختیار بەمۆ، بۆ (هەولێر) دوا و، جەختی كردەوە كە بەو پێیەی كاری هونەری سنووری نییە، بۆیە ئەم پێشانگایانە زۆر گرنگن، لەبەرئەوەی هونەرمەندانی كورد و عەرەب پێكەوە بەشدارن و وتی “ئەگەر سیاسییەكان كێشە بۆ هەردوو نەتەوە دروست بكەن، ئەوا هونەرمەندان دەتوانن بە هونەر ئەو كێشانە چارەسەر بكەن؛ هەربۆیە كردنەوەی ئەم پێشانگایانە زۆر گرنگ و پێویستن”.
ئەو هونەرمەندە دەڵێت “لە تابلۆكاندا رەنگدانەوەی سروشت و كەشوهەوا بە روونی دیارە، بەو پێیەی كوردستان كەشوهەوا سارد و سروشتی شاخە، بەڵام ناوچەكانی دیكەی عێراق بە گشتی دەشتایی و بیابان و گەرمن و بۆ نموونە دارخورمایان هەیە، ئەوانە بە گشتی كاریگەرییان لەسەر هونەرمەندان هەیە بۆ دروستكردنی تابلۆكان”.
خاتوو سندوس رەعد، ژنە شێوەكارێكی خەڵکی شاری بەغدایە و بۆ یەكەم جارە بەشداری لەم پێشانگایەدا كردبوو بە (هەولێر)ی وت، زۆر دڵخۆشن كە یەكەم جارە دێتە شاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری بۆ ئەم پێشانگایە كە بۆ ئاڵوگۆڕی كولتووری هەردوو لا زۆر گرنگە؛ دەڵێ “رەنگی بەكارهاتووی تابلۆی كورد بە گشتی گەرمن، بەڵام رەنگی تابلۆكانی ئێمە زیاتر ساردن وەك رەساسی و بێجی، بەڵام بە گشتی ئەم پێشانگایە بە گشتی كارێكی نایاب بوو”.