پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 14, 2024

خولی نایابی کوردستان دەستپێكێكی ئاگرینی تێپەڕ كرد

لە گەڕی یەكەمی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان، یانەی رزگاری لەگەڵ یەكەمین بەشداریكردنی لە خولەكە سەركەوتنی بەدەستهێنا، لە یارییەكی پڕگۆڵیشدا ئاكرێ سەركەوتنی لە دژی چوارقوڕنە بەدەستهێنا، یانەی پیشەسازی تازەسەركەوتووی خولەكە لە یەكەمین بەشداریكردنی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی شكستی بە دەربەندیخان هێنا.

ئاكرێ ـ چوارقوڕنە
یانەی ئاكرێ لە نێو یاریگە و لەبەردەم ئاپۆڕای هاندەرانی میوانداریی چوارقوڕنەی كرد، لە خولەكی 3 ساڵح موتڵەگ بە ئاسیستی هەورۆ حەمەد خێراترین گۆڵی لەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان بۆ چوارقوڕنە تۆمار كرد، بەڵام لە خولەكی 31 حوسێن فەیسەڵ بەرگریكاری یانەی ئاكرێ ئەنجامەكەی بۆ یانەكەی بادینان یەكسان كردەوە.
پاشان لە خولەكی 36 هەورۆ حەمەد ئەستێرە لاوەكەی چوارقوڕنە گۆڵی دووەمی یانەكەی كرد و نوێنەرەكەی راپەڕینی دیسان پێشخستەوە، بەڵام پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی نیوەی یەكەم لێ بدات، ئیبراهیم حەیدەر بە ئاسیستی ئەركان مەنسور ئەنجامەكەی بۆ ئاكرێ هاوتا كردەوە، هەر لەو نیوەیەدا ئاگرین مەلائاری لە یانەی چوارقوڕنە بە كارتی سوور كرایە دەرەوە.
هەر لەگەڵ دەستپێكی نیوەی دووەم، ئاكرێ سوودی لە كەمی ژمارەی یاریزانانی ئاكرێ بینی و لە خولەكی 46 ئەركان مەنسوڕ گۆڵی سێیەمی یانەی ئاكرێی تۆمار كرد، پاشان لە خولەكی 66 سەڵاح حەسەن بە ئاسیستی رەفیق ئەمینۆ گۆڵی چوارەمی بۆ پاڵەوانەكەی وەرزی رابردووی خولی نایاب كرد.
لە كۆتاییەكانی یارییەكەش گەیلان بوڕهان گۆڵی سێیەمی بۆ چوارقوڕنە تۆمار كرد، بەڵام ئەم گۆڵە نەبووە فریادڕەس و نەیتوانی یانە سەوزپۆشەكەی دەڤەری ڕاپەڕین لە شكست رزگار بكات، بەمەش یارییەكە لە بەرژەوەندی ئاكرێ بە 3 گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك كۆتایی هات.

رزگاری ـ زاخۆ
رزگاری لە یەكەمین بەشداریكردنی لە خولی نایابی كوردستان میوانداریی یانەی زاخۆی كرد، لە خولەكی 39 محەمەد حەمید یانەی رزگاری كردە خاوەنی یەكەمین گۆڵ لە مێژووی خولی نایابی كوردستان، هەمان یاریزان لە خولەكی 66ـی نیوەی دووەم گۆڵی دووەمیشی بۆ رزگاری زیاد كرد.
پاشان بەرهەم حوسێن لە خولەكی 79 گۆڵی سێیەمی بۆ رزگاری تۆمار كرد.
لە كۆتاییەكانی یارییەكەش دۆس سانتۆ تاكە گۆڵەكەی زاخۆی تۆمار كرد، بەڵام ئەم گۆڵە نەیتوانی زاخۆ لە یەكەمین شكستی ئەم وەرزە رزگار بكات.

رانیە ـ برایەتی
رانیە سەرەڕای بوونی كۆمەڵێك كێشەی دارایی و لێكترازان و بایكۆتی بەشێك لە ئەندامانی دەستەی كارگێری، بەڵام لە یەكەمین یارییان لەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان بە گۆڵێكی دیار عەلی ناسراو بە حەمكە یەكەمین سەركەوتنیان بەرامبەر برایەتی تۆمار كرد، هەر چەندە یارییەكەشیان لە نێو یاریگەی سەنگەسەر و لە دووری هاندەرانیان ئەنجام دا، بەوپێیەی یاریگەی رانیە رێگەپێدانی بۆ یارییەكانی ئەم وەرزە پێنەدراوە، بەهۆی بوونی كەموكورتی لە یاریگەكەیان.

شەقڵاوە ـ پێشمەرگە
یانەی شەقڵاوە بەهۆی كەموكورتی لە یاریگەكەی رێگەپێدانی بۆ یاریكردن لە نێو یاریگەی خۆی پێنەدرا، بە ناچاری یەكەمین یاریی وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستانی لەنێو یاریگەی پیشەسازی شاری هەولێر ئەنجام دا.
لە خولەكی 14 تاهیر عەلی لە رێگەی لێدانی پێناڵتی گۆڵی یەكەمی شەقڵاوەی تۆمار كرد و بووە خاوەنی یەكەمین گۆڵی ئەم وەرزە.
دواتر لەگەڵ دەستپێكی یارییەكە، پێشمەرگەی هەولێر لە خولەكی 48 توانا ئەمیر ئاسیستی بۆ یاریزانی پیشەگەر (فرانسیس دادزی) كرد و ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە.
تیپەكەی تەها قادری راهێنەری پێشمەرگە لە خولەكی 66 گۆڵی دووەمیشیان لە رێگەی دڵدار خدر تۆمار كرد.
بەڵام خۆشییەكانی پێشمەرگە زۆری نەبرد، كاتێك لە خولەكی 70 ئامانج ئەكرەم گۆڵكارە دێرینەكەی خولی نایاب ئەنجامەكەی بۆ شەقڵاوە یەكسان كردەوە و گۆڵی دووەمی لە یارییەكە بۆ یانەكەی تۆمار كرد، یارییەكەش بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.

دەربەندیخان ـ پێشەسازی
ئەم یارییە یەكەمین یاریی پیشەسازی بوو لە مێژووی خولی نایابی كوردستان، بەوپێیەی یەكەمین وەرزیەتی لە خولی نایاب یاریی دەكات.
پیشەسازی لەم یارییە بە ئاستێكی بەرز دەركەوت، لە خولەكی 16 دلۆڤان وەسمان بە ئاسیستی ئەحمەد وریا یانەی پیشەسازی كردە خاوەنی یەكەمین گۆڵ لەم وەرزەی خولی نایاب كوردستان هەڵبەت یەكەمین گۆڵی یانەكەش بوو لە مێژووی خولەكە.
دواتر لە خولەكی 24 پیشەسازی گۆڵی دووەمیشی لە رێگەی بیلال نەعنوس زیاد كرد، بەڵام پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی نیوەی یەكەم لێ بدات، فەرحان شكوور هێرشبەری نوێی دەربەندییەكان لە خولەكی 31 جیاوازییەكەی بۆ یانەكەی كەم كرد و یەكەمین گۆڵی دەربەندیخانی لەم وەرزە تۆمار كرد.
دەربەندییەكان لە نیوەی دووەم زۆر هەوڵیان دا، بەڵام نەیانتوانی لە یەكەمین شكستی ئەم وەرزە رزگاریان بێت، لە بەرامبەردا پیشەسازی لە یەكەمین بەشداریكردنی لە خولی نایابی كوردستان سەركەوتنی بەدەستهێنا.

شێروانە و هەندرێن
یانەی هەندرێنی شاری هەولێر بۆ رووبەڕبوونەوەی شێروانە گەشتی كەلاری كرد، لە نیوەی یەكەم هەندرێن لە خولەكی 33 بە گۆڵێكی هێمن نازم پێشكەوت، نیوەی یەكەم بەم تاكە گۆڵە لە بەرژەوەندی تیپەكەی دڵشاد مەعروفی راهێنەری هەندرێن كۆتایی هات.
لە نیوەی دووەم شێروانە خۆی بەدەستەوە نەدا و لە خولەكی 81 لە رێگەی ئاسۆ فاتیح ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە.
پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات، شێروانە گۆڵی سەركەوتن و ریمۆنتادای كرد و یەكەمین سەركەوتنی لەم وەرزە تۆمار كرد.

ئارارات كشایەوە
ئەگەرچی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان ماوەی دوو هەفتەی بۆ ناوتۆماركردن بۆ یانەی ئارارات درێژ كردەوە بۆ ئەوەی تیپەكە سەرلەنوێ دروست بكەنەوە، بەڵام یانەكە بڕیاری كۆتایی داوە و لە خولی نایابی كوردستان دەكشێتەوە، بەمەش هەفتانە 7 یاریی بەڕێوە دەچن، بریار دراوە هەر گەڕێكی خولەكە لە ماوەی دوو رۆژ بەڕێوە بچێت.

5 یانە ئاگادار دەكرێنەوە
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایدەگەیەنێت ئەو 5 یانەیەی لە پشكنینی لێژنەی هەڵسەنگاندنی یاریگەكان دەرنەچووون پێویستە لە ماوەی 48 كاتژمێری داهاتوو كێشەی یاریگەكانیان چارەسەر بكەن، یانەكانیش پێكهاتوون لە (رانیە، چوارقوڕنە، شەقڵاوە، زاخۆ و هەولێر).
ئەمەش لە كاتێكدایە یانەی شەقڵاوە لە یەكەمین گەڕی ئەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان نەیتوانی لە نێو یاریگەی خۆی یاریی بكات، بۆیە بە ناچاری لە نێو یاریگەی پیشەسازی شاری هەولێر یەكەمین یاریی لەم وەرزە ئەنجام دا و یارییەكەش بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.
لە لایەكی دیكەیشەوە، یانەی رانیەش بەهۆی كەموكورتی لە یاریگەكەی، رێگەی پێنەدرا لەبەردەم هاندەران و نێو یاریگەی خۆی یاریی بكات، بۆیە یاریگەی سەنگەسەری هەڵبژاردە بۆ ئەنجامدانی یەكەمین یاریی ئەم وەرزەی بەرامبەر رانیە، یارییەكەش بە گۆڵێكی بێوەڵام لە بەرژەوەندی سوورپۆشەكانی راپەڕین كۆتایی هات، بەڵام بۆ گەڕەكانی داهاتوو دەبێت یاریگەكانیان چاك بكەنەوە و بگەڕێنەوە نێو یاریگەكانی خۆیان.