شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

سامان بەرزنجی: هیچ كه‌سێك تووشی كۆلێرا نه‌بووه‌

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: تیمەکانی وەزارەت دوانزدە رێکاری خێرایان بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی توشبوونی هاووڵاتییانی شارەزوور بە سکچوون و ڕشانەوە گرتووەتەبەر.

ئەمڕۆ شەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2024، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: بە پێی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی وەزارەت، هیچکام لەو کەسانەی شارەزوور کە تووشی سکچوون و ڕشانەوەبوونە، تووشبووی کۆلێرا نەبوونە.

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: تیمەکانی وەزارەت دوانزدە رێکاری خێرایان بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی توشبوونی هاووڵاتییانی شارەزوور بە سکچوون و ڕشانەوە گرتووەتەبەر، هۆکاری توشبوونەکەش هەوکردنی بەکتریایی بووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، حاڵەتەکانی سکچوون و ڕشانەوە لە قەزای شارەزوور، گەیشتە 2500 حاڵەت، کە بەشێکی زۆری تووشبوان منداڵن، بەڵام هیچ حاڵەتێکی مەترسیدار نەبووە.

د.عەلی پسپۆڕی منداڵان بە کوردستان24ـی راگەیاند، “زۆربەی نەخۆشەکان سکچوون و ڕشانەوە و تایان هەبووە، بەشێکیان وشکبوونەوەیان هەبووە، کە هەندێکیان تەنیا بە دەرمان وەرگرتن دەچنەوە ماڵەوە پێویستیان بە خەواندن نییە”.

گوتیشی: ئەوانەشی کە دەخەوێندرێن لە نەخۆشخانە “مغەزییان” بۆ دادەنێین و چاودێریان دەکەین، دوای 6 کاتژمێر لە نەخۆشخانە دەردەچن”، باسی لەوەش کرد، “هەموو تەمەنەکانی تێدایە، بەڵام لەبەر ئەوەی منداڵ بەرگری کەمە، زۆربەی تووشبوان منداڵن”.

ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێنماییمان ئەوەیە ئاوی موقەتەر “پاڵاوتە” بەکار بهێنن، هەروەها ئەوانەی نیشانەکانی سکچوون و ڕشانەوەی لێ بەدیارکەوت زوو خۆی بگەینێتە نەخۆشخانە.