پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 14, 2024

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق دەكات

ڕۆژی شەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2024 لە سەلاحەددین، سەرۆك مسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز فوتوشی ماتسومۆتو باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق كە بەبۆنەی كۆتاییهاتن بە ئەركەكانی و ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، پێزانینی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی هەبوو و ڕۆڵی سەرۆك بارزانیی لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی مێژووی خەباتی گەلی كوردستان و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و کوردستان بەرز نرخاند.

هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان و کۆڵنەدان و خۆبەدەستەوەنەدانی خەڵكی كوردستان و، سەرۆك بارزانی جەختی لەوەكردەوە، دۆزی گەلی كوردستان هەرگیز بەرەو پاشەوە ناچێت و ئەو دەستكەوتانەی كە هەن لە دەرئەنجامی قوربانیدانێكی زۆری گەلی كوردستان هاتۆتە ئاراوە و دیاریی هیچ کەس و لایەنێک نیە.
لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی و دۆستایەتی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ژاپۆن لە بوارە جیاجیاكان كردەوە.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەی نێوان سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق بوو.