چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 6, 2024
Image default

ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی “هەڵهاتنی ئارەزوو”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

دەرکەوتەکانی دونیای سەرمایەداری زۆر و فرەڕەهەندن، سەرمایەداریی دەیەوێت هەموو شت بە کاڵا بکات، تا مامەڵەی پێوە بکرێت و ئەویش لێی سوودمەند بێت. ئەو دەیەوێت کۆمپانیا بۆ هەموو شتێک و فرۆشتن و بەکرێگرتنی هەموو شتێک هەبێت لە دروستکردنی بۆیەی نینۆکەوە تا دەگات ئۆتۆمبێل و جەستەی مرۆڤ. ئەمەش لەپێناو ئەوەدا دەکات درێژە بە هەژموونی خۆی بدات بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیاندا و ئەم هەژموونەش ساڵ دوای ساڵ زیاتر و زیاتر دەبێت.

یەکێک لەو کایانەی ساڵانێکی زۆرە سەرمایەداری دەستی تێخستووە، بڵاوکردنەوەی پۆڕنۆگرافییە لە ڕێی فیلم و وێنە و تابلۆ و ڕیکلام و دەیان ڕێگەی دیکەوە و بۆ ئەم مەبەستەش هەم کۆمپانیای زەبەلاحی دامەزراندووە و هەم ستافی گەورە و تیمی تایبەت بۆ پەرەدان بەم بابەتە درێژە پێ دەدات. ئێستا پۆڕنۆگرافیا بووەتە کێشەیەکی نوێی سەردەم، کە بەشێکی زۆری تاکەکانی ئالوودەی خۆی کردووە و چەشنی جۆرێک نەخۆشی لێهاتووە.
یەکێک لەو کتێبە گرنگانەی دەیەوێت بە دیدێکی نوێ و لە ڕوانگەیەکی فیکریی و فیمینیستییەوە لەم پرسە بڕوانێت و تیشکێکی گشتگیر و فرەلایەنی بخاتەسەر کتێبی “هەڵهاتنی ئارەزوو”ە، ئەم کتێبە کۆمەڵێک بیرمەند و نووسەر نووسیویانە و “زەردەشت نوورەدین” کردوویەتی بە کوردی و شرۆڤەی بۆ نووسیوە و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند بە چاپی گەیاندووە.
وەرگێڕ و شرۆڤەکاری کتێبەکە لە ڕوونکردنەوەی ناوی کتێبەکەدا ئەوەی دەخاتەڕوو کە “لە سەردەمی دیجیتاڵدا، پۆڕنۆگرافیا لە ئارەزووی سێکسی هەڵهاتووە (لێی پەڕیووە). هەربۆیەش ئارەزووی سێکسی بەوجۆرەی خۆی کە پێش پۆڕنۆگرافیا هەبوو، هەڵهاتووە (ڕایکردووە) و ئەوەی ماوەتەوە، هەڵهاتووە (ئاوساوە) و ئاوس بووە. لەڕێگەی ئەم هەڵهاتنەوە ئارەزووی سێکسی هەڵهاتووە (ترووکاوە) و دەمی کردووەتەوە و شتانێکی تری لێ هاتوونەتەدەرێ کە بەئەستەم دەچنەوە سەر ئارەزووی سێکسی، کەچی پۆڕنۆگرافیا وەکوو ئارەزووی سێکسی پیشانیان دەدات…”
دواتریش لەبارەی ناوەرۆکی کتێبەکەوە ئەوەش دەخاتەڕوو کە “ئەم کتێبە دەربارەی هەڵهاتنی ئارەزووی سێکسییەوە لە جیهانی پۆڕنۆگرافیدا و هەڵهاتنی پۆڕنۆگرافیایە لە ئارەزووی سێکسی، کە پێکهاتووە لە چەند وتاری نووسەری جیاواز و هەوڵم داوە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی پۆڕنۆگرافیا لە ڕێگەی وەرگێڕان و نووسینەوە بەشێوەیەکی سەرەتایی بخەمە ڕوو. ڕوانگەکانی نووسەرانی کتێبەکە جۆراوجۆرە؛ هەندێ جار ناکۆک بەیەک دەکەونەوە، هەندی جار یەکتری تەواو دەکەن، هەندێ جاریش ڕەبتیان پێکەوە نییە. ئەمەش جۆرێک لە مشتوومڕی شاراوەی نێوان ڕوانگەکان و دیالۆگی کراوەی ناڕاستەوخۆی نێوان نووسەرەکانی بە کتێبەکە بەخشیوە.
ڕەنگە هۆکاری ئەو دژیەکییەی لە بۆچوونی نووسەرانی لەم کتێبەدا خوێنەر بەری دەکەوێت ئەوە بێت کە پۆڕنۆگرافیا دیاردەیەکی فرەلایەن و فرەدیوە، بۆیە هەر بۆچوونێک لەم بۆچوونانە کە دژی بۆچوونەکەی پێشووتریش بێت دەشێ هەر ڕاست بێت بەو پێیەی ئەم دیاردەیە گەلێک تایبەت و فرەڕەهەندە، کە ئەمەش وایکردووە دەستنیشانکردنی کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی گەلێک ئەستەم بێت. وەرگێڕی ئەوەش نەشاردووەتەوە کە بابەتەکە گەلێک ئاڵۆزە و ئەو نایەوێت بانگەشەی ئەوەش بکات کە لەڕێی ئەم کتێبەوە دەیەوێت تیشکێکی ورد لەسەر هەموو لایەنەکانی کێشەکە بەسەر بکاتەوە.
بەگشتی ئەم کتێبە دەیەوێت دەروازەیەکی جیدی لە ڕوانگەی فیکریی و فیمینیستیی لەسەر ئەم دیاردە نوێیە بکاتەوە، کە سەرمایەداری تا دێت زیاتر و زیاتر پەرەی پێ دەدات و دەیەوێت بۆ هەموو جێگەیەکی نێو ژیانی بگوازێتەوە. ئایدیاکانی کتێبەکە دژی بە کاڵاکردنی سێکسە، بەڵکو بەرگری لەوە دەکات کە سێکس بەبێ هەستێکی ڕۆحی قووڵ لە سێکس دەکەوێت و هیچ ئارەزوویەک بۆ بەردەوامی پرۆسەکە نامێنێت.