سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

شاخەوان عەبدوڵلا: ئاسایشیی کەرکووک پەیوەستە بە هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی بەعس

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو ده‌یه‌یه‌ ڕژێمی به‌عس له‌ناو چووه‌، به‌ڵام تا ئێسته‌ بڕیاره‌كانی له‌ دژی جووتیارانی كورد و توركمان له‌ كه‌ركووك جێبه‌جێ ده‌كرێن.

دووشه‌ممه‌، 4ـی تشرینی دووه‌می 2024، شاخه‌وان عه‌بدوڵلا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شی جووتیارانی كورد و توركمان له‌ ناحیه‌ی تازه‌خورماتوو به‌شدار بوو و له‌ گوته‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند، جووتیارانی كورد و توركمان له‌ سنووره‌كانی كه‌ركووكدا زۆر جار ڕووبه‌ڕووی لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی ده‌بنه‌وه‌ و له‌ زۆربه‌ی ئه‌و مافانه‌ی له‌و سنووره‌ له‌ بواری كشتوكاڵی ده‌یانگرێته‌وه‌، بێبه‌ش ده‌كرێن.

شاخه‌وان عه‌بدوڵلا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌ر له‌وه‌ی مه‌حموود مه‌شهه‌دانی به‌ سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵبژێردرێت، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی گفتوگۆیه‌كی ئه‌رێنییان هه‌بووه‌ و هاوكات له‌گه‌ڵ مه‌شهه‌دانی و سوننه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێك كه‌وتوون، دوای هه‌ڵبژاردنی مه‌شهه‌دانی بوونی به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ده‌بێت یه‌كه‌م كاری داهاتووی په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی سه‌رده‌می به‌عس و گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌وییه‌كان بێت بۆ خاوه‌نه‌كانیان.

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆنفرانسه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا باسی له‌وه‌ كرد، ئاسایش و سه‌قامگیری كه‌ركووك په‌یوه‌سته‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی مافی خه‌ڵك و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی به‌عس دژی كورد و توركمان له‌ شاره‌كه‌.

شاخه‌وان عه‌بدوڵلا جه‌ختیشی كرده‌وه‌، توانیویانه‌ باوه‌ڕ به‌ سوننه‌ و شیعه‌كان بهێنن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی مافی خه‌ڵكی كه‌ركووك به‌تایبه‌تی جووتیارانی كورد و توركمان.