ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە
وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئەمڕۆی سەر هێزەکانییان لە سنووری شارەدێی پردێ بڵاوکردەوە و دووپاتی دەکەنەوە هیچ زیانێکی ماددی و گیانی لێ نەکەوتۆتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ هەینی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان تێیدا هاتووە ” کاتژمێر 07:25ـی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ، ژمارەیەک مووشەکی کاتیۆشا لە ڕۆژهەڵات و باشووری ناحییەی پردێ بەشێوەیەکی هەڕەمەکی ئاراستەی سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە کرا.
ئەوەشی خستۆتەڕوو ” لە سنووری میحوەڕی 5 مووشەکەکان لە دەرەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە کەوتوون و هیچ سەنگەرێکی پێشمەرگەیان نەپێکاوە”.
ئاماژەی بەوەش دا ” هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتۆتەوە، لەمبارەیەوە هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان بە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان کردووە”