ڕائیب جادر – هەولێر
کاروان عادل، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھەرێمی کوردستان شەش تێبینیی سەرەکیی لەسەر سەرژمێریی ھەیە کە پەیوەندییان بە ناوچە کوردستانییەکانەوە ھەیە. دەشڵێ، ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر زۆر خراپ و مەترسیدارە، ٣٠٠ ھەزار کورد ناوچەکانی خۆیان بەجێھێشتووە، لەبەرامبەردا ٦٠٠ ھەزار عەرەب و تورکمانی شیعە ھێنراونەتە ناوچەکانیان، بۆیە پێش ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە کردنی سەرژمێری بە ھەموو شێوەیەک لێدانە لە نەتەوەی کورد.
سەرژمێری دەکرێت
لە ساڵی ٢٠٠٩ حکوومەتی عێراق پلانی ھەبوو سەرژمێری بکات، بەڵام زۆر ھۆکار ڕێگربوون لە کردنی، بڕیارە لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت، کە یەکەمجارە لە دوای ٣٧ ساڵ لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ئەو پرۆسەیە بکرێت، دوایین سەرژمێریی گشتیی لە عێراق لە ساڵی ١٩٨٧ کرا کە سەرجەم ناوچە و پارێزگاکانی گرتەوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٧ سەرژمێرییەکی دیکە کرا و پارێزگاکانی کوردستانی تێدا نەبوو، بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی ٢٠٣٠ دەگاتە ٥١ ملیۆن و ٢١١ ھەزار و ٧٠٠ کەس.
١٠ گەڕەکی عەرەب بە زێدەڕۆیی دروست بوونە
کاروان عادل، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، گوتی: حکوومەتی ھەرێم و لە لایەنەکانیش پارتی دیموکراتی کوردستان داوایان کرد لە ئێستادا لە ناوچە کوردستانییەکان سەرژمێری نەکرێت، چونکە ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر زۆر خراپ و مەترسیدارە، بەتایبەتی کەرکووک، بەپێی ماددەی ١٤٠ دەبێت ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکرێتەوە عەرەبە ھاوردەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، کوردەکان کە ئاوارە بوونە بگەڕێنەوە و قەرەبوو بکرێنەوە، دواتر سەرژمێری لەو ناوچانە بکرێت، بەڵام ئەوە ھیچ نەکراوە، عەرەبێکی زۆر ھاتوونەتە کەرکووک و گەڕەکی نوێ دروست کراون و خزمەتگوزارییان بۆ دابین کراوە، لە کاتێکدا گەڕەکە کوردییەکان کە لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە دروست بوونە لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە ھەموو خزمەتگوزارییەکیان لێ بڕاوە، تەنانەت گەڕەک ھەیە لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا یەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لێ نەکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە پاش ١٦ی ئۆکتۆبەر ١٠ گەڕەکی عەرەب بە زێدەڕۆیی دروست کراون و ھەموو خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابین کراوە.
تەعریب
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، تەعریب بەردەوامە، گواستنەوەی کارتی نیشتمانی، دەرھێنانی کارتی زانیاری، گواستنەوەی فۆرمی خۆراک تا ئەم کاتەش بەردەوامە، ئەمەش پێچەوانەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقە، ھەر چەندە ئێمە بەردەوام داوا دەکەین تەعریب ڕابگیرێت، بەڵام ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت، بەردەوام دەستدرێژی دەکرێتە سەر زەوی و زاری جووتیارانی کورد، ئەمە لە کاتێکدایە ھەتا لەو شوێنانە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت نابێت گواستنەوەی بەڵگەنامە فەرمییەکان بۆ ئەو عەرەبە ھاوردانە دەربکرێت، بەڵام بەداخەوە ئیدارەی کەرکووک کردوویەتی، پارێزگار کە ئێستا کوردە ئەویش ناتوانێت ڕێگری بکات، چونکە بەڕێوەبەری پۆلیس عەرەبە، موختار ناتوانێت بڵێ پشتگیری بۆ عەرەبی ھاوردە ناکەم.
ئەرکی لایەنە سیاسییەکان
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: پێنج شەممەی ڕابردوو وەکو دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان کۆبووینەوە، ئەو کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێم بوو، کە ئەوان ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق بیر و ڕا دەگۆڕنەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ھەندێک لایەنی سیاسی ھەندێک بابەت بە سیاسی دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە دەبێت ھەموو لایەنەکان پێکەوە بە یەک دەنگ ڕێگە نەدەن ئەوەی ئێستا لە کەرکووک دەکرێت بکرێت، چونکە ئەگەر سەرژمێری بەو شێوەی کە ئێستا ھەیە بکرێت خۆکوژییە، بۆیە دەبێت ھەموو لایەنەکان ھەوڵ بدەن یان سەرژمێری نەکرێت یان دوا بخرێت، ئەوەش لە دەستەڵاتی حکوومەتی عێراقە، ئەوانیش پرۆسەکە دواناخەن، چونکە دەزانن لە حەوت ساڵی ڕابردوودا ھیچ کاتێک ھێندەی ئێستا بەھێز نەبوونە، لەبەرامبەردا کورد لاواز بووە، ژمارەی عەرەبە ھاوردەکان زیاد بووە، بۆیە ئێستا کە داوا دەکەن سەرژمێری بکرێت لە بەرژەوەندی خۆیانە، ھەر بۆیە ئەوەندە گرنگی بە پرۆسەکە دەدەن، وەزیری پلاندانانی عێراق، عەرەبێکی شۆفێنی کەرکووکە ھەر لە مێژە دژایەتی کورد دەکات، لەم ئان و ساتەدا بە ھەموو شێوەیەک ھاوکاری پرۆسەکە لە دژی کورد دەکات، بۆیە ئومێد دەکەین و ھەموو ھەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ھەموو لایەنەکان بێنە سەرخەت ھەر ھیچ نەبێت پرۆسەکە کەمێک خاو بکەینەوە تاکو خەڵکی ئێمە بە ئاگا بێتەوە، دەبێت خەڵک ھۆشیار بێت و بگەڕێتەوە کەرکووک و لەو پرۆسە گرنگەدا بەشدار بێت.
٦٠٠ ھەزار عەرەبی ھاوردە
کاروان عادل، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، جەختیشی لەوەکردەوە: ھەرێمی کوردستان داوایکردووە ھاوشێوەی بەغدا، لە ھەولێریش سەنتەرێکی داتابەیس ھەبێت بۆ بینینی زانیارییەکان، ھەروەھا نوێنەرێکی ھەرێمی کوردستان و بەغدا لەو دوو داتا بەیسە ھەبن، جگە لەوە، دەبێت پڕۆسەکە تەنیا ئەلیکترۆنی نەبێت، چونکە ھەستیارە، بەڵکو بە کاخەزیش بێت، چونکە ئەلیکترۆنی ئەگەری گۆڕانکاریی تێداکردنی زۆرە، جگە لەوەش لە پاش ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕێژەی ئەو عەرەبانەی ھێنراونەتە سنووری پارێزگاری کەرکووک زۆر مەترسیدارە لە سنووری ناوچە کوردستانییەکان ھەر لە شنگال بگرە تا خانەقین ٦٠٠ ھەزار عەرەبی ھاوردە لە ناوچە کوردستانییەکان نیشتەجێ کراون، لەبەرامبەریشدا ٣٠٠ ھەزار کوردی ئەو ناوچانە لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێنە و نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە و پرۆسەی سەرژمێری بە ھەموو شێوەیەک لێدانە لە نەتەوەی کورد.
فێڵکردن لە نەتەوەی کورد
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، زیاتر دەڵێ: داوا لە کوردی کەرکووک دەکەین، ئەوانەی بە ھەر ھۆکارێک بێت لە شارەکە ناژین، تاوەکو کۆتایی مانگ بگەڕێنەوە بۆ کەرکووک بۆ ئەوەی لە پڕۆسەی ژمارەدانان و گەماڕۆسازی، کە قۆناخی یەکەمی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانە لە عێراق ئامادە بن، ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیار بوو پرۆسەکە تا ٥ی مانگی داھاتوو بەردەوام بێت، چونکە بە ئەگەری زۆرەوە دوای ئەو ڕۆژە سیستەم دادەخرێت و ڕەنگە ئەوەی بەشدار نەبێت، نەتوانێت لە سەرژمێری گشتی بەشدار بێت و وەکو کەرکووکی ھەژمار نەکرێن.
بەشێک لە ماڵە کوردەکان بە تورکمان ھەژمار کراون
بەگوتەی کاروان عادل، یەکێکی دیکە لە تێبینییەکانی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە پێویستە کارمەندانی سەرژمێری لە کەرکووک لە کورد و عەرەب و تورکمان بن و سێ کارمەند لە ھەرسێ نەتەوە بچنە ھەر ماڵێک، چونکە لە سەرژمێری ١٩٥٧ ئەو ھەڵەیە کراوە، بەشێک لە ماڵە کوردەکان بە تورکمان ھەژمار کراون، ئەوەش وایکردووە لەو سەرژمێرییە ژمارەی تورکمان زۆر زیاتر بێت لەوەی ھەبووە.