دووشەممە, تشرینی دووه‌م 18, 2024

ژیانێک بەبێ نووسین، یان لەگەڵ نووسین

ڕانانێکی کورت بۆ ڕۆمانی«ژیانێکی دیکە»ی تیۆدۆر کالیفاتیدێس

کاتێک مرۆڤ بۆ ساڵانێکی زۆر پەیوەستی شتێک دەبێت، ئیتر دابڕان لەو شتە ئەستەمە. هەڵبەت بۆ نووسەران دابڕان لە دونیای کتێب و نووسین ڕەنگە گەلێک ئەستەم بێت. نووسەرێک دوای پەنجا ساڵ نووسین لەپڕ رۆژێک هەست بەوە بکات ئیدی توانای نووسینی نەماوە، خۆیشی حەزی زۆری لە نووسین بێت، بەڵام هزری بەتاڵ بێت لە هەموو وشەیەک کە مانایەک بدەن بە ژیان.

تیۆدۆر کالیفاتیدێس لە رۆمانی «ژیانێکی دیکە»، کە رۆمانێکی ژیاننامەییە باس لە دۆخی خۆی دەکات لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا و ئەوکاتەی کە نووسینی لەبیر چووەتەوە، یان ئیدی توانای نووسینی نەماوە. بەڵام ئایا ئەگەر تیۆدۆر نووسینی لەبیر چووەتەوە و ئەو توانایەی نییە ئەوە چییە نووسیویەتی. نووسەرە ڕاستەقینەکان هەمیشە توانای نووسینیان هەر دەمێنێت. نووسین لای ئەوان چەشنی هەناسەدان و ژیانە. یان دەتتوانم بڵێم دابڕاو نییە لە ژیان، یان وەکو تیۆدۆر خۆی دەڵێت «ژیانێکی دیکە»یە.
ڕۆمانی«ژیانێکی دیکە»ی تیۆدۆر کالیفاتیدێس لە وەرگێڕانی “کەریم تاقانە” بە وەرگێڕانێکی جوان و بە چاپێکی قەشەنگ و بە پرۆژەی هاوبەشی ناوەندی کەپر و دەزگای جەمال عیرفان چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
وەرگێڕ سەبارەت بە پەیوەندی خۆی بە نووسەرەوە دەنووسێت: “تیۆدۆر کالیفاتیدێس یەکێک لەو نووسەرانە بوو چەند مانگێک دوای گەیشتنم بە سوێد، ناویم بیست و هەر زوویش سەرنجی ڕاکێشام. من پەنابەرێکی بێ پەناگە بووم، مافی مانەوەم نەبوو، بەپێی ڕێساویاسای وڵاتیش بۆم نەبوو بچمە قوتابخانە و فێری زمانی سوێدی ببم. لە بەرانبەردا ڕۆژانە دەچوومە کتێبخانەی شار، لەوێ دادەنیشتم و چیرۆک و ڕۆمان و شیعرم دەخوێندنەوە. لەو سەروبەندەدا بوو ئاشنایەتیم لەگەڵ تیۆدۆر کالیفاتیدێس و ئەدەبیاتەکەیدا پەیدا کرد.”
دواتر باس لەوەش دەکات کە خۆی لە نزیکەوە نووسەری بینیوە “ساڵان هاتن و چوون، بەفر و بەستەڵەک توانەوە، تەم و تاریکی ڕەوانەوە و منیش هەلم بۆ هەڵکەوت و لە نزیکەوە تیۆدۆرم بینی. کە پێم گوت: ئەم ڕۆمانەتم وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، خەنی بوو.”
تیۆدۆر لە تەمەنی حەفتاوپێنج ساڵیدا بیر لەوە دەکاتەوە واز لە نووسین بهێنێ. پێی وایە کانیاوی نووسینی وشکی کردووە. «ژیانێکی دیکە» یادداشتەڕۆمانێکی تایبەتە لەو بارەیەوە، تیۆدۆر سەرەتا بە زمانی یۆنانی نووسیویەتی کە زمانی دایکیەتی؛ دواتر هەر خۆی بە سوێدی دەینووسێتەوە. ئەم رۆمانە لە کۆمەڵێک تێمەی جیا جیا دەدوێت. وەکو نووسەر خۆی دەڵێت بەرهەمی ئەو ساتانەیە کە بیری لە نووسین کردووەتەوە، بۆیە ئەگەر ناوی بنێین ڕۆمان ڕەنگە ناونانێکی دروست نەبێت. ئەدەبیات بۆ تیۆدۆر هەمیشە پەناگە بووە. پەناگەیەک، ترس و دڵەڕاوکێ و برسیەتی تێیدا ڕەنگیان داوەتەوە. پەناگەیەک، خۆشەویستی بە دەوریدا خەرمانەی داوە.
«ژیانێکی دیکە»، جیا لەوەی رۆمان بێت تێڕامانەکانی نووسەرێکە بۆ نووسین و پەیوەندی ئەوە بە نووسین و وشەوە. تیۆدۆر لە جێگەیەکدا باس لە تامکردنی وشە دەکات ئەوە تەنها نووسەرە ڕاستەقینەکان پێی دەگەن و دەزانن تامی وشە چییە؟ ئەو دەنووسێت: “وشە هەن ناکرێ خۆتیان بەرامبەر ڕابگری. دەست بەجێ دەبێ تامیان بکەیت”. یان لە جێگەیەکی دیکەدا باس لە هۆکاری ئەوە چی بووە کە نووسین ئەوەندە قورسایی لەسەر ژیانی هەبووە. دواتر خۆی دەنووسێت ڕەنگە هی ئەوە بووبێت کە هەستم بە بەرپرسیارێتی کردووە بەرامبەر جیهانەکەم. دیسان لێرەدا دەگەڕێمەوە بۆ لای نووسەری ڕاستەقینە، کە نووسەرێکی بەرپرسیارە، نووسین بەر لە هەموو شتێک بەرپرسیارێتییە، نووسەران لەو نەسلەی مرۆڤن زیاتر درک دەکەن و هەستی بەرپرسیارێتیان زیاترە بۆیە دەنووسین بۆ ئەوەی جیهان لە ناشرینی و نادادی ئاگادار بکەنەوە.
ئەوەی ماوەتەوە وەکو سەرنج بیخەمەڕوو وەرگێڕانەی کەریم تاقانە” لە وەرگێڕانە جوانەکانە و تیۆدۆر لەو نووسەرانەیە کە خاوەنی بەخێکی باشە کە کتێبەکانی دوو لە باشترین وەرگێڕەکانی ئێمە کردوویانن بە کوردی کە دلاوەر قەرەاغی و کەریم تاقانەن، ئێمە لە ڕێی ئەم دوو وەرگێڕەوە جیهانی ئەم نووسەرەمان ناسی و دەستی هەردووکیان خۆش بێت.