من خۆمتان پێ دەناسێنم، من گۆرانی شاعیرم

ئا: فەرهاد قادر ئۆمەر

ئەمڕۆ رۆژێکی ساماڵ و خۆشە، رۆژی گەشتە، گەشتی پۆلەکەمان، چونکە ئەمساڵ پۆلەکەمان یەکەمی پێشبڕکێی قوتابخانەکەمان بوو. ئۆو، بیرم چوویەوە خۆمتان پێ بناسێنم، من ناوم پەروایە، لە پۆلی شەشی بنەڕەتی دەخوێنم، قوتابخانەکەمان ساڵانە کردوویەتی بە نەریت هەر پۆلێک گەر لە پێشبڕکێی پۆلەکاندا بە یەکەم دەرچێ، لە ڕووی ژینگەپارێزی و پاکژی و پاراستنی یاساوڕێسای قوتابخانە، قوتابخانە گەشتەبەهارێکی زانستییان بۆ رێک دەخات.

ئەوە بوو هەرکە تیشکی خۆر لە کەلێنی چرۆ و چڵە ناسک و تازەکانی داروبارەکانی شارەکەم بە خەندە و پێکەنینەوە سەری دەرئەهێنا وەک بەڵێن بوو لەگەڵ قوتابیانی پۆلەکەماندا بە سەرپەرشتیی مامۆستا سەردانی کتێبخانە گشتیەکەی زەیتوونەمان کرد لە هەولێر.
ئەوەی لەو گەشتە بۆ ئێمە سوپرایزێکی خۆش بوو، ئەو رۆژە هاوکات بوو لەگەڵ گێڕانی یادی لەدایکبوونی شاعیری گەورەی کورد (مامۆستا گۆران)، کە دەزگای رۆشنبیریی منداڵان لە هۆڵی کتێبخانەی گشتیدا رێکی خستبوو. بەرهەیوانی باڵەخانەی کتێبخانەکە، خەڵکێکی زۆری لێ بوو، کە هەریەکەو لە سووچێکی باڵەخانەکەدا بڵاوەیان کردبوو، سەیری دیمەنی جوان و وتەی هەڵواسراو و تابلۆی سەرنجڕاکێشەکانی ناو باڵەخانەکەیان دەکرد، ئێمەش وەک خەڵکەکە دانەدانە لە تابلۆکان ورد دەبووینەوە. ئەو تابلۆیانەی پێویستی بە ڕوونکردنەوە بوایە، مامۆستاکەمان وردە روونکردنەوەیەکی دەربارەی واتاکانی پێ دەداین.
پاشان مامۆستا گوتی: رۆڵەکانم هێشتا گەشتەکە تەواو نەبووە، ئینجا چووین بۆ هۆڵی ئاهەنگی یادەوەرەیەکە. دەروازەی هۆڵەکە تابلۆیەکی جوانی سەرنجڕاکێشی لێ هەڵواسرابوو؛ وێنەی شاعیری گەورە مامۆستا گۆران بوو، هێدی‌هێدی هەریەکەو بەرەو کورسیی دانیشگەکانی خۆمان چووین، هێندەی نەبرد کەسێکی بە دیمەن جوان و بە شان‌وشەوکەت کتێبێکی بەدەستەوە بوو، چووە سەر سەکۆی هۆڵەکە و دوای رێکخستنی مایکەکانی بەردەمی، گوتی: رۆژ باش منداڵە چاوگەشەکانی کوردستان، حەز ناکەن شتێک دەربارەی شاعیرە ناودارەکانی میللەتی خۆتان راستەوخۆ لە زمانی خۆیانەوە بزانن، کە وەختی خۆی لاپەڕەیەک لە مێژووی پرشنگداریان پێشکەش بە ئێوەی چاوگەش و ئێسکسووک کردووە. وا بزانم بیرۆکەیەکی جوانە، بۆیە خۆشحاڵین ئەمڕۆ یادی لەدایکبوونی شاعیری گەورە دەکەینەوە، لەوە خۆشتر ئەوەیە ئەو شاعیرە لەگەڵمان بەشدارە و بە زمانە شیرینەکەی خۆی بۆمان دەدوێ.
ئەو شاعیرە لە شاری هەڵەبجەی شەهیدی بلێسەداری مەڵبەندی رووناکبیر و ئەدیبانەوە بۆ لای ئێوەی ئێسکسووک و خوێنشیرین هاتووە، تاوەکو تیلەچاوێکی لە ئێوەی نەوەی کورد بێ و بزانێ دوای ئەو ماوە دوورودرێژە، لە چ بارودۆخێکداینە، بۆیە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە و ئەو شاعیرە گەورەی کورد تێرتێر گفتوگۆ و دەمەتەقێی شیرین دەکەین، ئەوە شتێکی نوێیە. زۆر نوێیە شاعیرێک لە سەدەی بیستەمەوە بگەڕێتەوە و لەگەڵ نەوەی سەدەی بیستویەکدا بدوێ. بۆیە ئێمە وەک ڕێکخەری ئەو یادە قەشەنگە زۆر خۆشحاڵین بە دیداری ئێوە و شاعیری گەورەی کورد لە زنجیرەی شاعیرانمان خۆیان بە منداڵان دەناسێنن، دەی ئێوە و شاعیری گەورە مامۆستا گۆران:
تازەپێگەیشتووانی خوێنشیرینی کوردستان رۆژتان باش! سپاس بۆ هەمووتان، من شاعیرێکی کوردپەروەری بەناوبانگی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم بووم، ئەوە ناڵێم تا بە شان‌وشەوکەتی خۆمدا هەڵبدەم، بەڵکو ڕاستە و نەنگی تێدا نییە کە بە ئێوەی دەڵێم. من ناوم عەبدوڵڵا کوڕی سلێمان بەگ کوڕی عەبدوڵڵا بەگە، ناسراوم بە گۆران. ساڵی 1904 لە شاری هەڵەبجەی شەهید چاوم بەدنیا هەڵێناوە، سەرەتای خوێندنم لە لای باوکم دەست پێکردووە، پاشان وەک هەر شاعیر و ناودارێکی دیکە لە حوجرەی مزگەوتەکان خوێندوومە و دواتر چوومەتە قوتابخانە لە هەڵەبجە، ئینجا بۆ تەواوکردنی خوێندن چوومەتە قوتابخانەی زانستی لە کەرکووک، بەڵام لەبەر دەستکورتی و سەختیی ژیان لە ڕۆژگارەکانی ئەو ساتەوەختی ماوەیەک لە خوێندن دابڕام، پاشان دیسان گەڕامەوە بەر خوێندن و ساڵی 1925 بووم بە مامۆستا.
گوڵە تازەپشکوتووەکانی کوردستان، هەر کە بووم بە مامۆستا دەرگای ژیانی ئەدەبی بە ڕوومدا کرایەوە و زیاتر لە کۆڕ و کۆبوونەوەی شاعیر و ئەدیب و رۆشنبیرانی ئەو سەردەمی بەشدار دەبووم و، دەمەتەقێی ئەدەبی و شیعری و سیاسی و کۆمەڵایەتییش دەبووە بابەت. هەرچەندە بەر لەو مێژووە زۆرێک لە شیعرەکانی ئەو زەمانێم لەبەر کردبوو، خۆیشم ناوەناوە شیعرم دەهۆنیەوە، جارجارەش پێکۆرەی نووسینیشم دەکرد، بەڵام لەوێوە زیاتر ئاشنای دنیای ئەدەبیات بووم. یەکێک لەو هۆنراوانەی بەر لەو مێژووە نووسیوومە، هۆنراوەی (لە کەرکووکەوە بۆ دایکم)ـە کە ساڵی 1921 نووسیومە، ئەو کاتی لە کەرکووک لە قوتابخانەی زانستیدا دەمخوێند، هۆنراوەکە بەم شێوەیە دەست پێ دەکات:
ئەی دایە! ئەگەر ئەپرسی لە حاڵم
“ئێ تۆیش وەکو باقی بێڕەحم نیت،
تۆزقاڵێ، کەمێ ڕەحم ئەزانیت
ڕاستی شەو و ڕۆژ هەر دەناڵم
دەگریم و دەسووتێم هەروەکو مۆم
ئاهم ئەگاتە گۆشی گەردوون
مات و کز و مەلوول و مەحزوون
بۆ حاڵی غەریبی، بێکەسیی خۆم..

ئازیزەکانم، با زۆر سەرتان نەیەشێنم ئەوە بوو لەسەر ئەو چالاکی و کۆڕوکۆبوونەوە و بیروباوەڕی کوردانەم پێنج ساڵ بە پێکڕا زیندانی کراوم. گیرانی یەکەمم لە ساڵی (1951 ــ تشرینی دووەمی 1952)، گیرانی دووەمم لە 17/1/1954 لەگەڵ کۆمەڵێ لە رۆشنبیرانی سلێمانی گیراین تا 12/9/1956، زۆری پێ ناچێ و دوو مانگ دوای هاتنە دەر لە بەندیخانە بۆ جاری سێیەم دەخرێمەوە زیندان، تا 1/8/1958 پاش سەرکەوتنی شۆڕشەکەی 14ی تەمووز لە زیندان ئەمێنمەوە. ئەو ماوەیە لە بەندیخانە تووشی مەینەتی و ئازار و ئەشکەنجەی زۆر بوویمەوە، ئەوەش ساردی نەکردمەوە لە گیانی شۆڕشگێڕی، بەڵکو لە زیندان فێری زۆر شت بووم، هەر لەوێ گڕوتین و هەوێنی نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستی لەنێو نووسین و هۆنراوەکانمدا گەشەی کرد و تا گەیشتە چڵەپۆپەی گیانی نەتەوەیی و نیشتمانی، بە جۆرێ نووسین و هۆنراوەکانم بە ئەندازەی گەورەیی ستەم و چەوسانەوەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان، ئەویش مەزن بووە، بە ئەندازەی ڕەوایی دۆزی کورد، ئەویش بەرز بووە، تاوەکو لە کۆتاییدا بوومە یەکێک لە شاعیرە ناسراوەکان. هۆنراوەی (چواردەی تەمووز) یەکێکە لەو هۆنراوانەی کە ساڵی 1958 لەبەندیخانەی بەعقوبە هۆنیومەتەوە و ئەمەش کۆپەلەیەکە لەو هۆنراوەیە:
دژمنم، شەیتانی نەگریس
ئەمریکا بێ، یان ئینگلیس
تا ماوە چاوی لێم زیتە
ئەمە خووی ئیمپریالیستە
بێتو سستیم لێ ببینێ
کۆنەپەرست ئەورووژێنێ
دەرەبەگ، کلک، کرێگرتە
هان ئەدا بۆ بۆڵە و خوتە

ئازیزانم ئەوە بەشێ بوو لە ژیانم، ئەگەر بۆ جارێکی تر بەیەک گەیشتینەوە، باسی شتی دیکەتان بۆ دەکەم.

ھەواڵی زیاتر