مرۆڤێكی نێردراو، یان بە كەسێكی نائاساییكراو؟

عومەر چنگیانی

دەسپێک:
دوای سوپاسی بێ پایانم بۆ خوا، سوپاسی خوشک و برا ڕێزدارەکانی هاوکارم دەکەم لە ڕۆژنامەی هەولێر کە لە ژمارە “2240” 27/10/2015 وە تا ئێستا بێ دابڕان گوڵخەرمان لە خزمەتتاندا بەردەوامە و خەلەکی ئەمجارە شەشهەم دانەی ئەم ستوونەیە(1) و بەئەرکی دەزانم بیهێنمەوە بەردیدی بەڕێزتان، کە ئەوکات گوتوومە: (لە بریتی ئەوەی پێش خوێندنەوەی بابەتەكە بڕیار بدەی و، هەڵبچی و كاردانەوە و، دەمارگیریت پێوە دیار بێت، بەرلەوەی سەنگەرمان لێ بگری، بزانە ئەو ئاستە نزمە لە بیركردنەوەدا كە بێباوەڕەكانی مەككەی تێدا بوو – لێیشیان قەبووڵ نەكرا – تۆی مسڵمان تێی كەوتوویت و، وەك موجیزە باست كردووە و، بۆت گوتراوە یان نا؟ چونكە لە مێشكی قورەیشدا كاری پێغەمبەرایەتی، هێنانی گۆڕانكاریی مادیی بوو! چونكە لە دەوروبەری خۆیان لە باسی موجیزەی مادیی زێدەتریان لە بارەی عیسا و مووساوە – دروود و سڵاوی خوایان لەسەربێت – نەبیستبوو! چونكە لە باسی “سفرەوخوانی ئاسمانی هاتنەخوارەوە” بۆ عیسا و، “دەستی درەوشاوەی ژێر باڵ”ـی مووسا و، “داری بە بەردا كێشراو” و، “ئاوی وەك خوێن سووركراو” و، “بۆقی زۆری لە گشت لایەك ڕژراو” و، “ئەسپێ‌تێدان” و، “دەریای كەرتكراو”، لە موجیزەی پێغەمبەراندا – دروود و سڵاوی خوایان لەسەربێت -، زیاتریان نەدەزانی، كە محەمەد – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت -، هات و گوتی: منیش پێغەمبەرم و، بە من كۆتایی بەو زنجیرەیە دێت، گەرچی بۆ چاخی تر و، بۆ هەتاهەتایی هات، سەروشكەكانی مەكە وەك ئەوەی گوتبێتی: من ئەندازیارێكی بیركۆڵین و، ڕێگاو بانم! لێیان دەویست بۆ چەسپاندنی ڕاستییەكانی كە هێناویەتی ئاو و، جۆبار و، باغ و باغاتیان بۆ بێنێتە بەرهەم و، لە 90ـەمین ئایەتی سوورەتی “ئیسرا”وە تا 93هەمی ئایەتی ئەو سوورەتەدا، باسیان لێوە دەكا و، دەفەرمێت: “وتیان: “ئێمە بڕوا بەو دوعاخوێندنە، یان باسی بڵندبوونەوەی تۆ ناهێنین، تا لە زەویدا كانیاوێكی شیرینمان بۆ هەڵنەقوڵێنی! یان باخێكی میوەی خورما و ترێت هەبێ و، بە نێویشیا چەندین دەریاچە بێن و بڕۆن و، لە زەویدا بتەقێنەوە! یان ئەگەر – وەك گومان دەبەیت – دەسەڵاتت هەیە كەرتێكی ئاسمانمان وەسەردا بێنیتە خوارەوە! یان فریشتەی خوایی بەشوێن یەكتردا بێنی! یان ماڵێكی بلوورینت هەبێت! یان بەرەو ئاسمان بفڕیت و بڵند ببیتەوە! ئەوكاتیش بڕوا بەو بڵندبوونەوەیەت ناهێنین، تا نامەیەكت لە ئاسمانەوە بۆ نەیەتە خوارەوە و، بۆ خۆمان نامەكە بخوێنینەوە! لە وەڵامیاندا بڵێ: پەنا بە خوای گەورە، باشە من لەوە زیاتر هەم، كە مرۆڤێكم و پێغەمبەرم؟!” .لەو ڕیزبەندییە وردەوە ببن، لە پێشدا، مرۆڤ، پاشان پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت -، خوای گەورە بۆ خۆی هەڵی‌بژاردووە، بۆ ئەوەی ئەمانەتی ڕاگەیاندنی نامەی خوا جێبەجێ بكات، لەكاتێكیشدا كە لە وەسفیدا، لە 3هەم ئایەتی سوورەتی (نەجم)ـدا، فەرموویەتی: “لەخۆڕا، هیچ شتێک ناڵێت”، ڕوونكردنەوەی خوایی بەوەندە نەوێستا و، خەڵكی وا تێبگەن، كە ئەم حوكمە ڕەها (موتڵەق)ــە، بەڵكو یەكسەر، لە دوای ئەو ئایەتە فەرمووی: “ئەوەی كە دەیڵێت: نیگایەكە، خوا بۆی ناردووە!”، كە وابوو، ئەو سیفەتی عیسمەتەی باسی لێ كرد، ڕەها و بێسنوور نەبوو! پابەند بوو بە نیگای خواییەوە، بە مانا، عیسمەتەكە تەنیا لە سنووری گەیاندنی پەیامەكەی خوا و، بانگكردنە بۆ ئایینەكەی، ئیتر (محەمەد)ی ڕەسوول ئەوەیە، كە نیگای “خوایی”ـی بۆ دێت، – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – و، عیسمەتەكەیش هەر لەم سنوورەدایە، بەڵام محەمەدی مرۆڤ، لە دەرەوەی بازنەی نیگای خوایی بۆ هاتن و بانگی ئیسلامی و، راگەیاندنی ئایینەكە، دەبێتەوە بە مرۆڤێك و، ڕاستی دەپێكێت و، دەگونجێ نەیشیپێكێت؛.یارەكانی پێغەمبەر، – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت -، لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە، مامەڵەیان دەكرد؛ بەر لە دەستپێكی جەنگی بەدر، لە ساڵی دووەمی كۆچیدا، كە پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت -، سوپاكەی برد و، لەلایەكی شیوەڵی بەدر لایان دا، حوبابی كوڕی مونزیر (ر)، پێی گوت: “ئەرێ مانەوە لەم شوێنە، بڕیارێكی خواییە و، نابێ لێی لا بدەین و، دەبێ گوێڕایەڵی فەرمانی خوا بین، یاخود ئەمە ڕای خۆتە و فێڵێكی جەنگییە؟”، كە فەرمووی: “ئەمە ڕای خۆمە و پلان و، پیلانی جەنگە”، حوباب گوتی: دەی ئێرە باش نییە و، شوێنێكی دیكەی دیاری كرد و، پێغەمبەریش – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت -، ڕاوبۆچوونەكەیی پەسند كرد و، بە گوێیشی كرد. (٢).لەو كاتەدا، ئەو یارە (ر)، ڕاوبۆچوونێكی پێچەوانەی ڕای پێغەمبەری دەربڕی! ئەوە چۆن؟! چونكە بابەتەكە لە باسی نیگای خوایی دەرچوو، كەوتە نێو جیهانی ڕادەربڕینێکی پەتی و بەس، ڕای تایبەتی وەكو مرۆڤ.لەم كاتەدا محەمەدی مرۆڤ بوو دەدوا، نەك محەمەدی پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – “(٣).
پەراوێز:
(1) ئەم بابەتەم لە لاپەڕە “9” ی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە2267 چوارشەممە 2ی نۆڤەمبەری 2015 بڵاو كراوەتەوە.
(٢) السیرە النبویة، أبو الحسن الندوي، طبعة دارالقلم، دمشق، ص 217 و 2).
(٣)(بگەڕێنەوە بۆ نووسینێکی خۆم لە لاپەڕە 3ـی خەباتی ژمارە (1632) /27/11/2004 و، (القران والسلطان، هموم اسلامیە معاصرە، فهمی هویدی).

ھەواڵی زیاتر