رەخساندنی بوار بۆ منداڵ

لەیلا سەلاحەدین بەرزنجی

کاتێک دایک و باوک ئەو دەرگایەی بەردەمی منداڵ واڵا دەکەن لە هەمانکاتدا ئاستەنگەکانی لە بەردەمی لا دەدەن یاخود یارمەتیی دەدەن بۆ ئەوەی هەنگاو بنێت ئەوا منداڵ متمانەی زیاتری بە خۆی دەبێت و دەتوانێت هەستی خۆی دەرببڕێ بەو شێوەیەی کەدەیەوێت، بەبێ ئەوەی ترسی هەبێت لە گەیشتن بە ویستەکانی یاخود هەڵبژاردنی ئەوەی کە دەیەۆێت چونکە منداڵ کاتێک باوەڕ و متمانەی بە خۆی نابێت، ئەوکات لە هەڵبژاردنەکانی دوودڵ دەبێت چاوەڕێی ئەوە دەبێت کەسی بەرامبەر دەستگیری بۆ بکات و لایەکی لێ بکاتەوە، ئەگەرهاتو ویستەکان و توانای لەگەڵ ئامانجی دایک و باوک یەکی نەگرتەوە پێویست ناکات چاوەڕوانی زیاتریان لێی هەبێت، چونکە تواناکانی دیاری کراوە، هەرئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە منداڵ تووشی تێکچوونی لایەنی دەرونی و داڕمان و سەرگەردانی ببێت بە تایبەتی لەم کاتەدا، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا تەواوی خێزان و هاوڕێ و خزمەکان چاویان لەسەر ڕاگەیاندن، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە هەتا بزانن کەی کاتی تاقیکردنەوەکانە یاخود وادە و ڕۆژەکەی چۆن دیاری دەکرێ و، لەلایەکی تریشەوە هەوڵ و ئامادەکاری لەناو خێزانەکان چڕ دەبێتەوە هەتا ئەوەی دەیانەوێت منداڵەکەیان بەدەستی بهێنێت و خۆیانی پێ دەربخەن، ئەوان ئەوەیان لەبەرچاونەگرتوە کە توانای منداڵەکەیان چەندە یاخود چی دەوێت، ئامانجی لەو خوێندنە چیە، دەیەوێت دواڕۆژی چ یبێت، هەرچەندە هێنانی نمرەی بەرز و کۆششی زۆر، هەموو قوتابیەک ئەو ئاواتەی هەیە، جێگای قەبووڵە، بەڵام کاتێک بە پێچەوانە بوو مانای ئەوە ناگەیەنێ کە ئیتر ئەو کەسە، دۆڕاوە و ناتوانێت ئامانجی هەبێت، لەلایەکی ترەوە ئەوەی کەوا گرنگە و، پێویستە لەسەر دایک و باوک، منداڵەکەیان ڕابهێنن لەسەر سەبر و ئارامگری هەتا بتوانن ڕووبەڕووی سەختیەکان ببنەوە یاخود خۆیان بۆ بارە نەخوازراوەکان ئامادە بکەن، دوای کەوتن، هەڵبستنەوە نەک ئەوەی بەرگەی شکست نەگرن.
لەلایەکی ترەوە پێویستە منداڵ ڕابهێنرێ لەسەر قەناعەتکردن (ڕازیبوون) بەوەی کە بۆی دێتەپێشەوە لە دوای هەوڵ و کۆششەکانی وەک نوسەر خالید ئێرتوغروڵ دەڵێت:
پێویستە بەردەوام هەوڵ بدرێت هەستی بە قەناعەتبوون لە منداڵدا پێبگەیەنیت، چونکە ئەگەر ئەم هەستی بەقەناعەتبوونە تێیدا گەشە نەکات، ئەوا ئارەزووی خاوەنداریەتی و ویستەکانی کۆتاییان نابێت و، هیچ شتێک چاوی تێر ناکات.
منداڵ کاتێک کاردانەوەی بەرامبەری بینی بەرامبەر بەوەی بە دەستی هێناوە، خۆی لەوەتێدەگات ئایە کەمتەرخەمی کردووە دەربارەی ئەرکەکەی کە لەسەر شانی بووە یاخود هەموو هەوڵێکی خۆی داوە بۆ گەیشتن بەوەی کە ئێستا بۆی دیاری کراوە ئەوا هەنگاوی دواتری دەزانێت چیدەکات یاخود دەبێت چیبکات، وەخۆشی دەتوانێت بڕیاری دروست بدات و دایک و باوکیش ئەوکات پشتگیری دەکەن لەوەی کە بڕیاری بۆ داوە، بەڵام کاتێک پێچەوانە بوو، ئەوا شتەکان پێچەوانە دەبێتەوە ، منداڵ چاوەڕوانی ئەوە دەبێت هەتا بزانێت دایک و باوکی چی بۆ هەڵدەبژێرن، ئەویش دەبێت قەبووڵی بکات بەبێ ئەوەی توانا و تاقەتی منداڵەکەیان لەبەرچاوگرتبێت، بەم هۆیەشەوە منداڵ تووشی تێکچونی لایەنی دەروونی دەبێت و ترس و دڵەڕاوکێی دەبێتە هاوڕێی و ناتوانێت هەنگاو بنێت، دادەبڕێ لە هاوڕێ و خێزان و کۆمەڵگاکەی، لە هەر قوناغێکی خوێندندا بێت، ناتوانێت تەواوی بکات و سەرکەوەتن بەدەست بهێنێ، بەرگەی ئەم شکستە ناگرێت و کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێ، وەک ئەوەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا لێرەولەوێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەیبیسین کە بە هۆی دەرنەچوون یاخود نەهێنانی نمرەی دڵخوازی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، بۆیە پێویستە لەسەردایک و باوک هاندەرو پاڵپشتی منداڵەکەیانبن بۆ گەیشتن بەویستەکەی نەک ئەوەی ئەوان چیان دەوێت، بوار بڕەخسێنن بۆ منداڵ هەتا بیروڕای خۆی دەرببڕێ بۆ ئەوەی کەدەیەوێت.

تێبینی/ بۆ ئەم بابەتە سوودم لەم کتێبە بینیوە: پەروەردەی منداڵ لەنێو خێزان و قوتابخانەدا.

ھەواڵی زیاتر