شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

پڕۆژەی ڕێگای ستراتیجیی گەشە، هاوکێشەی بازرگانی لە ناوچەکە و جیهان دەگۆڕێت

پڕۆژەیەکی زۆر گەورە بە وەبەرهێنانی حەڤدە ملیار دۆلار لە عێراق خەریکە جێبەجێ دەکرێت کە لەوانەیە هاوکێشەی بازرگانی و دەسەڵاتی ئابووریی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان بگۆڕێت، چەقی پڕۆژەکە عێراقە، بە کوردستاندا تێدەپەرێت و تورکیا و ژمارەیەک وڵاتی کەنداو دەستی باڵایان تێیدا هەیە و ڕەهەندی بەرژەوەندیەکانی ئەوەندە بەرفراوانە کە تێکەڵاوی بەرژەوەندیی وڵاتانی تر بووە و بۆ هەندێکیان دەرفەت و بۆ هەندێکی تریان وەک هەڕەشە لێکدەدرێتەوە.

پڕۆژەکە لە قۆناغی دیزایندایە و ئامانجەکە ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٥٠ سەرجەم قۆناغەکانی جێبەجێ بکرێن. ماوەیەکە بەغدا و ئەنکەرە هەموو هەوڵێکی خۆیان بەگەڕ خستووە تا ئەو ڕێگایە بکەن بە دەروازەیەکی سەرەکیی بازرگانی و گرێدانی ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاوا و کەنداو بە دەریای ناوەڕاست.
شاندەکانی عێراق و تورکیا لە ٢٩ی ئابی ئەمساڵ لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوەیەکی گرنگیان بەڕێوە برد و هەر دوو لایەنی عێراقی و تورکی بەڵێن و پاڵپشتییەکانی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دووپات کردەوە.
عەبدولقادر ئورال ئۆغڵوو وەزیری گواستنەوەی تورکیا پێی وایە ئەم پڕۆژەیە ڕێگای ئاوریشمی نوێیە و جگە لەوەی کە گۆڕانکاری بەسەر بازرگانیی جیهانیدا دەهێنێت لە هەمان کاتدا دەبێتە مەکینەیەک بۆ گەشەپێدانی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی جیهان.
جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە بە بۆچوونی دکتۆر عەتا محامد پسپۆڕی سیاسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕادیۆ فەردا ، مایەی نیگەرانییەکی قووڵی تارانە چونکە سەرکەوتنی پڕۆژەکە هاوکێشەی دەسەڵات لە ناوچەکە دەگۆڕێت و ڕۆڵی ئێران لە بازرگانیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی زۆر لاواز و پەراوێز دەخات و تەنانەت دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئەو هەژموونەی کە ئێران لە ڕووی سیاسییەوە بەسەر عێراقدا هەیەتی.
جگە لە عێراق و تورکیا، هەر یەک لە قەتەر و ئیماراتیش لەو پڕۆژەیەدا ڕۆڵی کارایان هەیە و ئامانجە سەرەکییەکە گرێدانی ئاسیا بە ئەوروپایە.
بە پێی ئەو پڕۆژەیە ڕێگایەکی زۆر پێشکەوتوو بە درێژیی هەزار و دووسەد کیلۆمەتر دادەمەزرێت کە جگە لە ڕێی ئۆتۆمبێل ڕێگای شەمەندەفەریش لەخۆ دەگرێت و لە ناو خاکی تورکیاش سێسەد و بیست کیلۆمەتر ڕێگای ئۆتۆبان و شەشسەد و پازدە کیلۆمەتر ڕێگای شەمەندەفەر بنیات دەنرێت بۆ ئەوەی ڕێگای گەشە بە ڕێگای ئەوروپا گرێ بدرێت.
لە ٢٢ی نیسانی ئەمساڵ هەر چوار وڵاتی بەشدار لەو پڕۆژەیە ڕێککەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد و لە بەیاننامەیەکدا پێداگریان کرد کە پڕۆژەکە ستراتیجییە و پەرە بە پێوەندی و گواستنەوەی بازرگانی لە تەواوی ناوچەکە و جیهان دەدات و خەرجییەکانی گواستنەوە کەم دەکاتەوە و خەرجییەکانی گواستنەوەی کاڵا لە بەندەری فاوەوە بۆ ئەوروپا لەچاو کەناڵی سوێس زۆر کەمتر دەکاتەوە و لە ڕووی کاتیش پازدە ڕۆژ کورتی دەکاتەوە.
هاوکات زەکەریا کورشون مامۆستای زانکۆی فاتیحی ئیستانبوڵ پێی وایە ئەو هێڵە درێژکراوەی پڕۆژەیەکی سەردەمی عوسمانییەکانە کە ئیستانبوڵی لە ڕێی ئاسنینەوە بە بەغدا گرێ دەدا، پڕۆژەکە لە سەردەمی عەبدولحەمیدی دووەم دیزاین کرابوو بەڵام دەستوەردانەکانی بەریتانیا لەو سەردەمەدا ڕێی جێبەجێکردنی نەدا.
رێگاکە بە تایبەتی بۆ تورکیا بایەخی ستراتیجی و جیۆپۆلیتیکی هەیە و لە فاوەوە تا لەندەن هەموو کاڵایەک دەتوانرێ بە بێ وەستان بە شەمەندەفەر بگوازرێتەوە.
تێچووی کۆی پڕۆژەکە حەڤدە ملیار دۆلارە بەڵام چاودێرانی ئابووری پێیان وایە دەستکەوت و داهاتی پڕۆژەکە لە داهاتوودا بەرانبەر خەرجییەکانی بنیاتنانی، زۆر زیاترە و سوودێکی زۆر بە عێراق و تورکیا و وڵاتانی بەشدار لە پڕۆژەکە دەگەیەنێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پڕۆژەکەی زۆر پێ گرنگە و پێی وایە هێز و دەسەڵاتی ئابووریی تورکیا لە ئاستی جیهاندا زۆر زیاتر دەکات و تورکیا دەکات بە شوێنێک کە لە چەندین ئاراستەی جیاوازەوە شادەمارەکانی گواستنەوەی ئابووریی پێدا تێپەڕ دەبەن.
جگە لەمە عێراق بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە ڕۆڵی لە کەنداو زۆر زیاتر دەبێت و دەتوانێت لە ڕەهەندە جیاوازەکانی ئابووری گەمەی زیاتر بکات.
ئەمەریکا و چین وەک دوو زلهێزی ئابووری لە دوورەوە پڕۆژەکە لە ژێر چاودێرییاندایە، چین لەوە دەکۆڵێتەوە چۆن بتوانێت ڕێگاکە بە پڕۆژە بازرگانییەکانی خۆی گرێ بدات و بە ڕای زۆربەی چاودێرانی ئابووری، چینیش پێشوازی لێ دەکات هەرچەندە هێشتا ئەمەریکا هەڵوێستێکی ڕوونی لەبارەی پڕۆژەکەدا نەبووە.
تورکەکان لە میدیاکانیاندا بە شان و باڵی پڕۆژەکەدا هەڵدەڵێن بەڵام نیگەرانن لەوەی هەژموونی سیاسیی و ئەمنیی ئێران لە عێراق کێشە بۆ پڕۆژەکە بهێنێتە کایەوە، چونکە ئێران پێی وایە تاکە وڵاتە لە ناوچەکە بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە زیانێکی زۆری پێ دەگات و لە ڕۆڵ و پێگە بازرگانییەکەی کەم دەبێتەوە.
لە پێوەندی لەگەڵ کورد ئەو پڕۆژیە لە لایەک دەرفەت و هەلی کار و داهات و بەرژەوەندییە و لە لایەکی تر دەتوانێت مەترسی و هەڕەشە بێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی ئەوە بووە بە هاوکاریی بەغدا کارێک بکات بەشێکی بەرچاو لە پڕۆژەکە بە کوردستاندا تێپەرێت و هەرێمی کوردستان لە خێر و بێری ڕێگاکە سوودمەند بێت و بەشێکی گرنگ بێت لە پڕۆژەکە بەڵام لە هەمان کاتدا دوورخستنەوەی لە کوردستان و گرێدانی بە پڕۆژە و پیلانی تر دەتوانێت هەڕەشە و مەترسیدار بێت.
گرنگترین دەروازەی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا لە هەرێمی کوردستان و دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بووە، بۆیەش ئەو ڕێگایە دەکرێ تەواکەری ئەو ڕێگا بازرگانییە بێت نەک ئەلترناتیڤ و لێدان لە بەرژەوەدنییەکانی کوردستان بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەبێ زۆر بە وریایی لەو پڕۆژەیە و سەرجەم ڕەهەندە ئابووری، سیاسی و ئەمنییەکانی بڕوانن.