چاودێرێكی سیاسی: عێراقی ئێستا وڵاتی کردار و یاسا نییە

دوای پابەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە داخوازی و داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێشتا چارە نەبووە. داداگای فیدراڵی عێراق کە لە بڕیارە توندەکانی دژ بە مافەکانی هەرێمی کوردستان هیچ گەڕانەوەیەکی تێدا نییە، کەچی حکوومەتی عێراق لە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا ئەرزشی بۆ دادگاکە نەهێشتووەتەوە و دواخستن و بیانووەکان بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

چاودێرێکی سیاسی، باس لەوە دەکات، عێراق ئێستا وڵاتی کردار و یاسا نییە. بەڵکو وڵاتی سەفەقاتی سیاسی و گرووپ گەلی جیاواز و تیرە و هۆزی تائیفیە کە بە ئاشکرا دەخالەت تەنانەت لە یاسا مەدەنییەکانی عێراقیش دەکەن و بە ئارەزووی خۆیان دەیگۆڕن. ئەو چاودێرە گۆڕینی یاسای باری کەسێتی عێراق بە نموونە باس دەکات و دەڵێت؛ کێشەی عێراق لەوەدا نییە دەستوورەکەی یان یاساکانی دادوەری جوان و سەردەمیانە نەبێت، بەڵکو کێشەی عێراق پیادە نەکردنی یاسا و دەستوورەکەیەتی.
ئەو چاوەدێرە، باس لەوە دەکات، ئامانجی حکوومەتی عێراق لە بابەتی دواخستنی مووچەی فەرمانبەران، ئەوەیە، چەندین کەیس و قەزیەی گەورە لەبیر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بباتەوە و داخوازی و داواکارییان تەنیا دابین کردنی مووچە بێت، لە کاتێکدا مووچە داخوازی و داواکاریی نەتەوەیی نییە، بەڵکو مووچە مافە، مافێکی سروشتییە و پێویستە هەموو مووچەخۆرانی عێراق لە یەک کاتدا مووچە وەربگرن، ئەگەر بابەتەکە جیاکاری نەتەوەیی نییە.
ئەوەی جێگای سەرنج و ناڕەزایی شەقامی عیراقییە، ئەوەیە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن، ژمارەی گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە زیادبووندایە. ئەم گرووپانە کە ژمارەیان هەزارن چەکدارە نە سەرچاوەی داراییان دیارە و نە سەر بە هیچ هێزێکی یاسایی و دەستوورین.
ئەگەرچی دەستووری عێراق، ڕێگرە لەبەردەم دروستبوونی گرووپی چەکدار، بەڵام فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش توانای ئەوەی نییە لەو بابەتەدا ببێتە دادوەر و ڕێگری بکات، لە کاتێکدا ئەو گرووپە چەکدارانە هیچیان لەژێر فەرمانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا نین.
بە پێی زانیارییەکان، بەشێک لەو گرووپە چەکدارانە، بە ئاشکرا و لە ناوەڕاستی شارە گەورەلانی عێراق کاری نایاسایی دەکەن و خەریکی دروستکردنی پشێوی و خۆ نیشاندانن لەسەر شەقامە گشتییەکان، وە زانیاری هەیە بەشێکیان خەریکی کاری بازرگانی قەدەغە و قاچاخچێتین لە سنوورەکان.
بەپێێ زانیاری نێو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان بێت، ئەو گرووپە چەکدارانە ڕۆڵیان هەبووە لەوەی حکوومەتی عێراق سەرپشک نەبێت لە جێبەجێکردنی پرۆژە و پلانەکان و تەنانەت بەشێک لەو گرفتانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیەتی و ناتوانێت چارەی بکات فشاری ئەو گرووپانەیە. تەنانەت چاودێرێکی سیاسی، باس لەوە دەکات؛ جموجۆڵی نایاسایی گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان، زیانی بە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش گەیاندووە.
نەجم ئەلقەساب، چاودێری سیاسیی عیراقی، لەو بارەیەوە ئەوەی ڕاگەیاندووە؛ پێویستە هەموو جموجۆڵە سەربازییەکان لەژێر فەرمانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان بێت، بەڵام بەداخەوە چەند لایەنێک هەن وایان کردووە ڕووی حکوومەتی عێراق بەرامبەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکانی و نێوەندی نێودەوڵەتی سپی نەبێت، ئەمەش جێی قەبوڵ نییە، کە بنکەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و عەین ئەسەد بە ئامانج دەگرن.
دەشڵێت؛ گرووپە چەکدارەکان لە پرۆسەی سیاسیی بەشدار نین، بەڵام مووچەی خۆیان لە دەوڵەت هەیە، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بن، نا سەقامگیریی ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەیتی دروست دەکەن.
وا لێکدانەوە بۆ دۆخەکە دەکرێت، حکوومەتی عیراق لە بەرامبەر هەرێی کوردستان هەوڵی چارە کردنی گرفتەکان بدات، بە تایبەت دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ، بە ڕاشکاوانە چەندین جار گرفتەکانیان پێکەوە تاوتوێ کرد، بەڵام لە کۆتاییدا خواستێک لە عێراقدا دەبینرێت کە هەموو جار بۆنی پەشیمان بوونەوەی لێدێت لەو بەڵین و ڕێککەوتنانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە حکوومەتی عێراق لەژێر ڕکێفی گرووپ گەلی دیکەدا بەڕێوە دەچێت و ناتوانێت خۆی بڕیاردەر و جێبەجێکاری تەواوی ڕێککەوتنەکان بێت. جگە لە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بابەتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنی شنگال، بابەتی گەرمی نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانن، کە لە بابەتی شنگالدا حکوومەتی عێراقیش ئەوەی نەشاردووەتەوە بەهۆی پابەند نەبوونی گرووپە چەکدارە نایاساییەکانی شنگالەوە نەیتوانیوە دۆخی شنگال ئاسایی بکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر