شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان:پلانێکی هەشت ساڵەمان هەیە بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزاری ئایینی

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە هەرێمی کوردستان بە دەیان ناوچەی دڵگیر و سەرنج ڕاکێش هەن، ئەو ناوچانە لەبارن بۆ گەشتیاری ئایینیی، لانەی چەندین مەزارگە و خانەقان، ئەمەش وای کردووە بەشێک لە گەشتیاران بە مەبەستی سەردانیکردنی شوێنە ئایینییەکان سەردانی ئەو ناوچانە بکەن. وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، دەڵێت: گەشتوگوزاری ئایینیی یەکێکە لە جۆرەکانی گەشتوگوزار. دەشڵێ: گەشتیاریی ئایینیی لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە.

بەشێکی زۆری سەیرانگەکان ڕێژەی سەوزایان زۆرە و خاوەن سەرچاوەیەکی زۆری ئاوی سازگارن، هەر بۆیە ئاو و هەوایەکی فێنکی هەیە، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی گەشتیارێکی زۆر لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق سەردانی ئەم ناوچانە بکەن.
یەکێک لە ئامانجەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشخستن و گەشەسەندنی کەرتی گەشتیارییە، لە هەرێمی کوردستان چەندین شوێن و ئاسەواری ئایینیی هەن کە دەکرێت ببنە شوێنی گەشتیاری و بەڕووی گەشتیاران و هاووڵاتییاندا واڵا بکرێن، بۆیە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هۆبەیەکی تازەی سەر بە نووسینگەی وەزیر کردووەتەوە بە ناوی گەشتیاریی ئایینیی، ئەم هۆبەیە سەرقاڵی دیزاینی شوێنە ئایینییەکانە تا بە پاڵپشتیی لایەنی زانستی و کولتووری، نۆژەن بکرێنەوە و بکرێنە ناوەندی گرنگی گەشتیاریی ئایینیی و سەردانیکەران لە هەموو جیهانەوە بتوانن سەردانیان بکەن.
لە هەرێمی کوردستان، حەوت ئاین هەن، سەرجەمیان لە چوارچێوەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا مۆڵەت پێدراون و بەپێی یاسا ڕێکخراون و لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییەک بە ناوی پێکەوەژیانی ئایینی چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن، هەر یەک لە ئاینەکانی ئیسلام، مەسیحی، ئێزدی، بەهائی، سابیئەی مەندائی، جوو و زەردەشتی، ئەم ئاین و باوەڕانە سەرجەمیان چالاکییان هەیە و پەیوەندییەکی بەهێزیش لە نێوانیاندا هەیە و بەشداریی بۆنە و مەراسیم و چالاکیی یەکدیش دەکەن.
هەرێمی کوردستان خاوەنی پێنج هەزار و هەشت سەد مزگەوت و سەد و چل و پێنج کەنیسە و چوار سەد شوێنی ئایینیی نێوان هەموو ئایینییەکانە کە لەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمدا پلانی تۆکمەی ئەندازیاری بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم شوێنە ئایینییانە داڕێژراوە و لە دیارترینیان نۆژەنکردنەوەی مەزارگەی سوڵتان مەزەفەرەدین لە شاری هەولێر و مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ و مزگەوتی گەورەی سلێمانی و بنکەی لالش و چەندین جێگەی تر.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: گەشتوگوزاری ئایینیی یەکێکە لە جۆرەکانی گەشتوگوزار، لە دەستەی گەشتوگوزار پلانێکی هەشت ساڵەمان هەیە، یەکێک لە تەوەرە ستراتیژییەکانی ئەو پلانە بریتییە لە پەرەپێدانی جۆرەکانی گەشتوگوزار لەنێویاندا گەشتوگوزاری ئایینیی، ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە بوونی چەندین مەرقەد و شوێنی مێژوویی ئایینییە هەموو ئەمانە کاریگەریان دەبێت لەسەر ئەوەی کە سەرنجی ژمارەیەکی زیاتری گەشتیار ڕابکێشین.
وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، دەشڵێ: لە پلان دانراوە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە گەشتیاری ئایینیی بدرێت، ئەوەی ئێستا هەیە وەکو پێویست نییە دەمانەوێت زیاتر گرنگی پێ بدەین، نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنانە لەڕووی ژێرخانەوە بۆ نموونە هەندێک شوێن پێویستییان بە ڕێگەوبان هەیە، یان هەندێک شوێن پێویستییان بە خزمەتگوزاری گەشتیاری هەیە، چونکە گەشتیار پێویستی بە هەندێک خزمەتگوزاری هەیە، تەنانەت لە هەندێک شوێن پێویستمان بە شوێنی مانەوە هەیە، بۆیە پلانەکە بەوشێوەیە داڕێژراوە، بەڵام ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی تا چەند لایەنەکانی دیکە هەماهەنگ و هاوکار دەبن لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار بۆ جێبەجێ کردنی ئەو پلانە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: هیچ ئامارێکی وا لەبەر دەست نییە ساڵانە چەند گەشتیاری ئایینیی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام لە ئێستادا لە هەوڵداین بۆ ئەوەی بزانین ئەو گەشتیارانەی کە دێن بۆ چ گەشتوگوزارێک دێن.