مامۆستا كانی عومەر:” شێوازەكانی فێربوون بریتیە لەو ڕەفتار و هەڵسوكەوتانەی كە تاك دەیگرێتەبەر بۆ فێربوون”

دیمانە: هێمن خەلیل

مامۆستا كانی عومەر مامۆستا لە بەشی زانستە گشتیەكان كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی زانكۆی سەلاحەدین، ماستەرنامەكەی بە ناونیشانی ( شێوازەكانی فێربوون بە گوێرەی مۆدیلی VARK و پەیوەندی بە پاڵنەری فێربوون لای قوتابییانی پۆلی هەشتەمی بنەڕەتی لە بابەتی زیندەزانی) تایبەت بە بەشێك لە ماستەرەكەی دیدارێكمان لەگەڵیدا كرد .

لەسەرەتا لە (مامۆستا كانی)مان پرسی مەبەست لە فێربوونی ڤارك چییە ؟ لە وەڵامدا گووتی:” لە چەرخی ئێستا دا بە دەست هێنانی زانیاری لە لایەن قوتابیەوە پەیوەستە بە وەی تا چەند پڕۆگرامە بڕیار لێدراوەکان گونجاوە و یەکانگیرە لەگەڵ ئارەزوو و ئامانجەکانیدا، تا چەندە بە پێی بنەماکانی پێداگۆجی فێرکاری و ژینگەیی لە باری خوێندن و توانای مامۆستایان گونجاوە بۆ دروست کردنی پەیوەندییەکی پتەو و شایستە لەگەڵ قوتابییان، ئەمەش لەبەر ئەوەی فێربوون بریتییە لە سەنگی مەحەکی هەموو پڕۆسەیەکی پەروەردەیی، چوونکە هەر کاروکردارو هەڵوێستێکی پەروەردەیی لە چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکی ڕێژەییدایە لە ڕەفتاری قوتابی بەپێی ئاستە جۆراوجۆەرکانی زانیاریی و ویژدانی و کارامەیی. پڕۆگرامەکانی هاوچەرخ و میتۆدە نوێیەکانی فێرکردن، هەوڵی زۆریان داوە تا ڕۆڵی قوتابی بگۆڕن لە ئاڕاستەیەکی نێگەتیف بۆ ئاڕاستەیەکی کاریگەر، تا پڕۆسەی فێربوون ڕێکخراو و گونجاو و پڕۆگرامی بێت و هەڵقوڵابێت لە هەوڵە تایبەتەکانی قوتابی.
سەبارەت بە شێوازەكانی فێربوون ئەو مامۆستایە ڕای وایە:”لە ئەنجامی زیادبوونی گرنگیدان بە شێوازەکانی فێربوون و بایەخی ئەو بابەتە لە ئاسانکردن و خێرایی فێربوون، تەنانەت زۆر کتێب و نووسراو لەوبارەیەوە نووسراوە، وەک مۆدێلەکانی (Dunn and Dunn)، (McCarthy)، (Kolb)، ومۆدێلی (VARK) لە نێوان ئەو مۆدێلانەی کە باسکرا زۆر خاڵی هاوبەش بەدیدەکرێ، بەڵام گرنگترین خاڵی هاوبەش لە نێوانیاندا بریتییە لە جەختکردن لەسەر ڕەچاوکردنی جیاوازی تاکایەتی لە نێوان قوتابیاندا، سەرەرای ئەوەی کە زۆربەی مۆدێلەکان جەخت لەسەر فێربوون و فێرکردنی چالاک و کاریگەر دەکەن، بەوەی کە بگونجێندرێت لەگەڵ چوارچێوەی دیزاینکردن و ڕێکخستنی پڕۆسە عی فێرکردن و ئارەزوو وشێوازەکانی قوتابیایندا.
شێوازەکانی فێربوون: بریتییە لەو ڕەفتارو هەڵسوکەوتانەی کە تاک دەیگرێتە بەر بۆ فێربوون.
شێوازەکانی فێربوونی ڤارک (VARK): یەکێکە لەو شێوازە نوێ و هاوچەرخانەی فێربوون کە گرنگی و بایەخێکی زۆر گەورەی هەیە لە ڕووی شێوازە جۆراوجۆرەکانی فێرکردن، چونکە زۆر بە چڕوپڕی وردبینی دەخاتە سەر ئەو ڕاستیەی کە هەر قوتابییه ک شێواز و ڕێگایەکی تایبەتی خۆی هەیە بۆ فێربوون و وەرگرتنی زانست و زانیاری و هەموو تاکێک زانیاری لە ڕێگەی هەستەوە کۆدەکاتەوە، دواتر تێرامان بۆ زانیارییەکان دەکات، تاکوو لە دەورووبەرەکەی بگات.
ئەم شێوازە لەلایەن (Fleming & Bonwell) پەرەی پێدراوە لە چوار شێواز خستویانەتە ڕوو: (شێوازی بینین، شێوازی بیستن، شێوازی نووسین وخوێندنەوە، شێوازی جووڵە) .
شێوازی بینین (Visual): قوتابی لەم شێوازەدا پشت بە بابەتە بینراوەکان دەبەستێت بۆ فێربوون وەک بینین و خوێندنەوە، قوتابی بەم شێوازانە باشتر فێردەبێت، هەروەک نەخشە و هێڵکاری یارمەتیدەر دەبن بۆ قوتابییانی ئەم جۆرە شێوازە.
شێوازی بیستن(Auditory): قوتابی لەم شێوازەدا بە ڕێگەی گوێگرتن لە بابەتەکان سوود دەبینێت ، تۆمارە دەنگییەکان لەلایەن قوتابیەکانەوە پەسەندە، گفتوگۆ و دیالۆگی زارەکی پێشوازییەکی باڵای هەیە، چوارچێوەی ئەم شێوازە بە تێگەیشتن لە ئەزموون و بابەت و پرۆسە دەنگیەکانەوە دەبێت.
شێوازی نووسین و خوێندنەوە (Read/Write): قوتابی لەم شێوازەدا جەخت دەکاتەوە لەسەر پەیبردن بە فیکرەکان و مانای ئەو وشەو دەستەواژانەی دەیخوێنێتەوە، یان ئەوانەی دەینوسێتەوە. لە میانەی خوێندنەوەی فیکرەکان و ماناکانیان نوسین فێر دەبێت. ئەو قوتابییانەی سەر بەم شێوازەن مەیلییان بۆ ئەوە دەچێ و پێیان خۆشە ئەزموونە فێرکارییەکان بە شێوازی کۆکراو و نوسراو و خوێنراو بخرێتەڕوو.هەروەها ئارەزوویان خوێندنەوەی بابەتەکانە، یان نووسینانە. کارامەیی ورد و باڵایان هەیە لە پێشوازیکردن و بەرهەمهێنان و چارەسەری زانیارییەکان، ئەوەی ئەزموونە فێرکاریی و پڕۆسەی فێرکردنەکانیان بە هێزتردەکات بریتیین لە هۆکارە نوسراو وخوێنراوەکان.
شێوازی هەست و جووڵە (Kinesthetic): لەم شێوازەیاندا قوتابی بە ڕێگەی دەستلێدان (Touch) ئارەزووی فێربوونی بابەتەکان دەکات، هەوڵدەدات لە ڕێگەی جووڵە و کاری دەستی و بە بەکارهێنانی هەستەکانی فێری کارەکە ببێت، ئەو قوتابیانەی ئەم شێوازە پەیرەو دەکەن ئارەزووی ئەوە دەکەن نمونەکان زیندوو و سروشتی بن، لێهاتوی بە کارهێنانی کۆمپیوتەر و تاقیگەکان توانایی وەرگرتنیان بۆ بابەتەکان زۆر بەرز دەکاتەوە. ڕاستی پێوەر بە مەرجێکی گرنگ دەژمێردرێت کە پێوستە هەبێت لە ئامرازەکانی توێژینەوەدا، مەبەست لە ڕاستی پێوەر بریتییە لە توانای ئامراز بۆ پێوانە کردنی ئەوشتەی کە بۆی ئامادە کراوە.و ئاماژە بەو ماوەیە دەکات کە ئامرازی پێوەری بۆ دانراوە بۆ بەدەست هێنانی ئامانجێکی دیاری کراو بۆ بڕیار دان لەسەر ڕەوایەتی بڕگەکانی پێوەری شێوازەکانی فێربوون وە چەند گونجاوە بۆ توێژینەوەی زانستی.”
سەبارەت بە ڕاستی وەرگێڕانی پێوەری ڤارك مامۆستا كانی گووتی:”لەبەر ئەوەی پێوەری شێوازەکانی فێربوون لە بنەڕەتدا بە زمانی ئینگلیزیە توێژەر وەرگێرانی بۆ ئەنجامدا بۆ سەر زمانی کوردی لەلایەن پسپۆری شارەزا لە بواری زمانەوانی .
هەروەها دەربارەی جێگرەوەی ڤارك مامۆستا دەڵێ‌:”جێگیری پێوەری پێوەری ڤارک: مەبەست لە جێگیری پێوەر ئەوەیە هەمان ئەنجام بداتە دەست یاخود نزیک لەو ئەنجامە ئەگەر چەند جارێک جێبەجێکرا لە بارودۆخێکی لێکچوودا بۆ دڵنیابوون توێژەر هەڵساوە بە جێبەجێ کردنی تاقیکردنەوەی (استطلاعی) بۆ پێوەر لەسەر (50) قوتابی، (25) قوتابی لە ڕەگەزی نێر،(25) قوتابی ڕەگەزی مێ. پاش تێپەڕبوونی دوو هەفتە هەڵساوە بە جێبەجێ کردنی تاقیکردنەوەکەی دووبارە بووەوە بۆ جاری دووەم (إعادە الاختبار)، بە کۆکردنەوەی داتاکان و شیکردنەوەیان ودابەشکردنیان بەسەر چوار شێوازدا لە پاش ئەوەی کە ناوەندە ژمێرەیی و لادانی پێوەری دۆزیوەتەوە و هاوکێشەی پەیوەستی پێرسونی بەکارهێناوە بۆ دۆزینەوەی جێگیریی.”

ھەواڵی زیاتر