لە بەریتانیا نرخی سووتەمەنی بەرز دەکرێتەوە

لە بەریتانیا بڕیار دراوە لە مانگی داهاتووەوە نرخی سووتەمەنی بەرز بکرێتەوە، ئەوەش کاسبکارانی ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە، چونکە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچوو و دواتریش نرخی بەشێک لە کاڵاکان بەو هۆیەوە بەرز دەبنەوە.

هەرێم کەرکووکی، خاوەن مارکێت  بە سەرچاوەیەکی ڕاگەیاند، من وەکو خاوەن مارکێتێک، لە لەندەن مانگانە دوو هەزار پاوەن پارەی کارەبا و هەزار پاوەن پارەی گاز دەدەم، کە قورسە ئەو پارەیە دابین بکەم، ئێستاش بەنیازن لە 10%ـی زیاد بکەن ئەمەش هەم بۆ کڕیارەکان هەم بۆ ئێمەش قورسە.

نرخی سووتەمەنی لە بەریتانیا ناجێگیرە، شارەزایانیش چەندین هۆ بۆ زیادبوونی نرخی سووتەمنی لە بەریتانیا دەخەنە ڕوو.

زانا حوسێن، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆلێژی ئەکسێل دەڵێت: هۆی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامیی شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، هەروەها چوونە ژوورەوەی ئۆکرانییەکانە بۆ ناوچەی کۆرسکی ڕووسیا کە ناوچەیەکی نەوتییە. هەروەها مەترسیەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیش یەکێکی دیکەیە لەو هۆیانە، چونکە ئەگەر ڕوو بدات دەبێتە هۆی ئەوەی گەرووی هورمز دابخرێت، کە باری نەوت لەوێوە تێ دەپەڕێت. هۆیەکی تریش هەیە کە گرێبەستی ئایندەی پێ دەڵێن، کە دەبێت نەوت تا شەش مانگی دیکە بگاتە ئەو وڵاتانە، هەروەها زستانیش داواکاری لەسەر نەوت زیاتر دەبێت، ئەمەش وادەکات نرخەکە بەرزتر بێتەوە.  

بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەرێژەی لە سەدا 10 کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە وەزیری ووزەی بەریتانیا ئید میلیباند، هۆیەکەی خستە ئەستۆی ئەو پلانەی لەلایەن حکومەتی پێشتر پەیڕەو دەکرا و بە شکستخواردوو وەسفی کرد، ئەو پێیوایە نرخی نەوت کەوتووەتە دەست ڕژێمە دیکتاتۆرەکان بۆیە دەبێت پلانێکمان هەبێت بۆ سەربەخۆیی ووزە و پشت نەبستن بەهیچ وڵاتێکی دیکەوە لەوانەش بەکارهێنانی وزەی پاک.

کاتێک نرخی سووتەمەنی لەم وڵاتە بەرزدەبێتەوە کاریگەری دەخاتە سەر هەموو بازار تەنانەت ئەگەر رێژەکەی لە سەدا 10ـەش بێت چونکە ئەمە وادەکات نرخی ئەم نانە و زۆربەی خواردەمەنییەکانی دیکە بەرزببنەوە.

ھەواڵی زیاتر